Skip to Content

گله‌يی له‌ سه‌ركرده‌ی كورده‌، نه‌ك ‌ به‌يكه‌رو هاميلتن 13/12/2006

گله‌يی له‌ سه‌ركرده‌ی كورده‌، نه‌ك ‌ به‌يكه‌رو هاميلتن

ئيمرۆ رۆژی كاری ده‌ستپێشكه‌ريه‌ -‌ نه‌ك كاردانه‌وه‌و هه‌ڵچوون

پرۆفيسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌دين

كوردستانی نوێ - ژماره‌ 4145 ی چوارشه‌ممه‌ 13/12/2006

سه‌ركرده‌كانی كورد خۆيان سه‌رقاڵ كردوه‌ به‌ هه‌ڵسه‌نگاندن و ره‌فز كردنی ڕاپۆرتی به‌يكه‌ر-هاميلتن. ته‌سريح ده‌رده‌كه‌ن و گله‌يی ده‌رده‌بڕن كه‌وا گروپه‌كه‌ سه‌ردانی كوردستانيان نه‌كردوه‌. به‌‌ عيباراتی عاتيفی، ده‌ڵێن گوايه‌ گروپه‌كه‌ "بێ ئينساف بوه" و "دادپه‌روه‌رانه‌ نه‌بووه‌" و "رێز له‌ ئيراده‌ی عيراقيه‌كان"ی نه‌گرتوه‌، بۆيه‌ش به‌ تووڕه‌ييه‌وه‌ ده‌ڵێن " ئێمه‌ پابه‌ندی ئه‌و راپۆرته‌ نین".

باشه‌، ئايا ئه‌و خۆشگله‌ييه‌ پڕسۆزانه‌ ده‌بێ له‌ گروپه‌كه‌ ئه‌مريكاييه‌كه‌ بكه‌ين وه‌يان له‌ خودی سه‌ركرده‌كانی كورد؟ وه‌ ئه‌گه‌رئيمه‌ پابه‌ندی راپۆرته‌كه‌ نه‌بين، ئايا به‌رنامه‌ی به‌ديلمان چيه، به‌ته‌مای چين، چی ده‌كه‌ين، چیمان پێده‌كرێ؟ دواپرسيار، ئايا به‌لای ئه‌مريكای زلهێزه‌وه‌ ئه‌و توڕه‌يی و هه‌ڵچوونه‌ی ئێمه‌ چه‌ندی به‌ چه‌نده‌؟

گروپی به‌يكه‌ر-هاميلتن ‌راپۆرته‌كه‌يان بۆ خاتری پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی ئه‌مريكا نوسيوه‌، نه‌ك بۆ ئينساف و ويژدان و دادپه‌روه‌ريی و داسه‌پاندنی ديموكراسيه‌ت و‌ پاداشتی خه‌باتی گه‌لی عيراق. به‌زمانی داگيركه‌ر، نه‌ك به‌زمانی ڕزگاركه‌ر، راسته‌وخۆ په‌نجه‌يان خستۆته‌ سه‌ر برينه‌كانی بوش و چاوی سووريان نيشانداوه‌. ئه‌ويش به‌بێ ئه‌ملاو ئه‌ولا، وه‌ له‌دژی ئيراده‌ی خۆی، قه‌بوڵی كرد. بڕياری دا به‌پێی ئه‌و ڕاپۆرته‌ چاو به‌‌ ڕێره‌وی سياسه‌ته‌كه‌ی له‌عيراقیدا بخشێنێته‌وه‌‌. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وها نه‌كات، به‌ ته‌واوی موئه‌سسه‌سه‌كانی حوكمڕانی ئه‌مريكی لێی هه‌ڵده‌ستنه‌وه‌و دونيای لێ تاريك ده‌كه‌ن.

بۆيه‌ش سه‌رۆك بوش ناچار ده‌كرێ كه‌ له‌ وه‌عده‌كانی په‌شيمان بێته‌وه و واز له‌ خه‌ونی به‌ديموكراسيكردنی عيراق بهێنێ. ره‌نگه‌ فه‌رزی بكات كه‌‌ ‌ده‌ستووری عيراق هه‌ڵپه‌سێردرێ (وه‌يان ده‌ستی تێوه‌ردرێ)؛ هه‌وڵبدا ڕژێمی به‌غدا و سوپاكه‌ی و جيهازی داپلۆسێنه‌رو موخابه‌راته‌كه‌یشی به‌هێزبكرێ‌؛ هه‌لبه‌ت ده‌سه‌ڵات و كۆنتڕۆلی به‌غدا به‌سه‌ر نه‌وت و بودجه‌شدا بێ به‌رامبه‌ر بێ‌. بێجگه‌ له‌وانه‌ش، ووڵاته‌ دراوسێكانمان و عه‌ره‌بی توندره‌وی ناوه‌وه‌ی عيراق ده‌بنه‌ راوێژكار و بريارده‌ر. به‌وپێيه‌ش كه‌ركوك و ناوچه‌ داگيركراوه‌كانمان و فيدراليه‌تی ئيێستمان و كۆنترۆلمان به‌سه‌ر مافی چاره‌نووسمان له‌ ده‌ست ده‌چێ. ئه‌وكاتيش (هه‌روه‌ك جاری جاران) په‌له‌قاژه‌و شين و ڕۆرۆی كورد و تووڕه‌بوونی سه‌ركرده‌كانما دادی كه‌س نادات.

‌ له‌مه‌ودای نۆ مانگدا، ئه‌ندامانی گروپه‌كه‌ سه‌ردانی دۆست و دوژمنه‌كانيان كرد، به‌لام به‌ پێويستيان نه‌زانی سه‌ردانی كوردستان بكه‌ن. سه‌ركرده‌كان‌ی كورديش به‌ سه‌بره‌وه‌، چاوه‌روان بوو، به‌ پێويستی نه‌زانی تۆبزيان لێبكات. خۆ ئه‌و سه‌ركرده‌ كوردانه‌ی كه‌ له‌ به‌غداش ديتراوون (ئه‌گه‌ر ديتراوون)، ئه‌وا وه‌ك نوێنه‌ری حكومه‌تی مه‌ركه‌زيي گفتوگۆيان له‌گه‌ڵ كراوه‌. من ئه‌و مه‌ترسيانه‌م هه‌بوو، بۆيه‌ش نامه‌ی به‌په‌له‌م بۆ سه‌ركرده‌كان نووسی و ووتاری مانگی رابووردووم له‌ هاووڵاتی (٢٢/١١/٢٠٠٦) بڵاو كرده‌وه‌. بێ ئه‌وه‌ی لاشم موفاجه‌ئه‌ بێ، نامه‌كان و ووتاره‌كه‌م بێ وه‌ڵام مايه‌وه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا، كورد ناوی وه‌ك ميلله‌تێكی دۆست و خاوه‌ن قه‌زيه‌ و خاوه‌ن گرنگيی ستراتيژی نه‌هاتوه‌. په‌رله‌مانی كوردی و حكومه‌تی كوردستان بێ ناو ماونه‌ته‌وه‌‌. له‌ نه‌خشه‌كه‌ی عيراقدا هه‌رێمی كوردستان ناونراوه‌ به‌ "ناوچه‌ی ژێر كۆنترۆلی كوردی". پارتی و يه‌كێتی ته‌نيا بۆ وه‌سف كردنی بارزانی و تاله‌بانی ناويان هاتوه‌. ئه‌ودوو سه‌ركرده‌يه‌ش ناويان هاتوه‌ ته‌نيا بۆ پێناساندنيان و ئيشاره‌ت كردن بۆ ململانێ و براكوژی نێوانيان، له‌جياتی ئه‌وه‌ی حيسابيان بۆ بكرێ وه‌ك ياريكه‌ر له پرۆسه‌ی‌ چاره‌سه‌ر. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وانيشدا، ماليكی وموقته‌دای سه‌درو سيستانی وعه‌ره‌بی سوننه‌ وه‌ك ياريكه‌ری سه‌ره‌كی گۆره‌پان ناويان هاتوه‌.

سه‌رنه‌دانی كوردستان كه‌مته‌رخه‌ميی گروپی به‌يكه‌ر ده‌رناخات، چونكه‌ ئه‌وان نوێنه‌ری ته‌نيا زلهێزی دونيان و بێ منه‌تن و ئه‌وه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندياندابێ ده‌يكه‌ن. ئه‌و كه‌مته‌رخه‌ميه‌‌ هی سه‌ركرده‌كانی كورده، كه‌ وه‌ك نوێنه‌ری ميلله‌تێكی بنده‌ست، ده‌بوايه‌ هه‌رله‌زووه‌وه قۆڵی لێهبكه‌ن و به‌ ده‌ستپێشكه‌ريه‌وه‌ كاری لۆبی له‌ واشينگتن بكه‌ن، له‌جياتی ئه‌وه‌ی نۆمانگ به‌ دڵه‌ كوتكه‌وه‌‌ چاوه‌رێی قه‌ده‌ر بن. ئه‌مريكا به‌رژه‌وه‌نديه‌ نێوده‌وله‌تيه‌كانی به‌ كورد ناگۆرێته‌وه‌، مه‌گه‌رمه‌ترسی لێ بنيشێ. كه‌ترسيشی لێ نه‌نيشتوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ نيه‌ كه‌وا كورد بێچاره‌يه‌، به‌ڵكو خه‌تاكه‌ له‌ كورده‌. ‌ وه‌ره‌قه‌ی كورد براوه‌يه‌ به‌لام له‌ده‌ستێكی دۆڕاودايه‌. هۆيه‌كه‌شی ئه‌وه‌يه‌ كه‌ له‌ كۆنه‌وه‌ تا ئيستا كورد خاوه‌نی موباده‌ره‌ نه‌بوه‌ له‌ كاری چاره‌نوسسازیدا. ته‌نيا پيشه‌ی كاردانه‌وه‌ بوه‌ بۆ كاری زلهێزه‌كان و خورده‌هێزه‌كانی ده‌وروبه‌ر.

ئه‌‌مريكا قورسايی كورد باش ده‌زانێ، و شاره‌زای عه‌قليه‌ت و ئوسلوبی كاركردن و هه‌ڵچوونی سه‌ركرده‌كان‌يه‌تی. ده‌شزانێ كه‌ زاكيره‌ی كورد كورته،‌ و به‌هۆی ناته‌بايی ريزه‌كانیشيه‌‌وه‌ لاوازه‌، وهه‌تا دوێنێش له‌لايه‌ن رژێمی لاوازكراوی سه‌‌ددام و ئێران و توركيا و سورياوه‌ ياري به‌ چاره‌نووسي كراوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ی كورد ژيريی، يه‌ك مه‌وقيفيی، وه‌يان هونه‌ری موراوه‌غه‌ی نيشاندابێ. كورد ئه‌و دڕنده‌ی مه‌يدان نه‌بوه‌ كه‌ بتوانێ قه‌يران ‌بۆ ئه‌مريكا و ووڵاتانی دراوسێ دروست بكات. بۆيه‌ش ئه‌مريكاييه‌كان ده‌زانن كه‌ بۆيان ده‌كرێ سه‌ركرده‌كانی كورد ئيهمال بكه‌ن و بگره‌ چاويانی لێ سوور بكه‌نه‌وه‌‌، و له‌ ‌دوا قۆناغيشدا بيانهێننه‌‌وه‌ سه‌ر خه‌ت.

ئيمرۆ ناوچه‌كه‌مان ئاگری تێبه‌ربووه‌ و پلانه‌كانی ئه‌مريكا له‌ شه‌ری دژبه‌ تێرۆر شكستی هێناوه‌. بۆيه‌ش ڕۆلی كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌كانی وه‌ك كورد زه‌ق بوه‌. سياسه‌تی ده‌ره‌وه‌يی ئه‌مريكاش له‌به‌رد نه‌قش نه‌كراوه‌، به‌ڵكو هه‌موورۆژێك له‌ گۆڕاندايه‌. ئه‌وه‌ی ده‌نگی به‌رزده‌كاته‌وه‌و ئه‌مريكا نيگه‌ران ده‌كات، زياتری ده‌ست ده‌كه‌وێ له‌وه‌ی كه‌- وه‌ك دۆستێكی مسۆگه‌ر- ده‌ست به‌سينگ بۆی ڕاده‌وه‌ستێ. ئه‌وه‌ فرسه‌ته‌ و ده‌بێ سوودی لێوه‌ربگيرێ.

سه‌ره‌رای چالاكی و كارچاكی خودی و سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكوه‌زيرانی هه‌رێم، ئيمرۆ ده‌بوايه‌ كاريگه‌ريی لۆبی كوردی له‌ ئاستی ناوچه‌يي و نێو ده‌وله‌تیدا زۆر زياتر بوايه‌. به‌ڵام تا ئێستا لۆبی كوردی زياتر خه‌ريكی ته‌حليل و ته‌ئويله‌، له‌جياتی پلان و ئاكشن. ئه‌و لۆبيه‌ - نه ‌به ‌ژماره‌و نه‌ به‌ ئه‌زموون - ئه‌و جۆره‌ قورسايی و توانايه‌‌ی نيه‌ كه‌ بتوانی به‌ ته‌نسيقيكی فره‌حيزبيه‌وه‌ ‌ به‌ كاری‌‌ چاره‌نوسساز‌‌ هه‌لبستێ و ديواری به‌رهه‌لستيه‌ دژواره‌كان برۆخێنێ.

هۆی سه‌ره‌كيی كه‌م كاريگه‌ريی لۆبی كوردی ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ بێ سه‌روبه‌ريی ناو ماڵی كورد. واته‌: دووله‌تيی حوكمڕانيی؛ ململانێی نێوان پارتی و يه‌كێتی (به‌تايبه‌تی له‌شارێكی گرنگی پڕمه‌ترسی وه‌ك كه‌ركوكدا)؛ ململانێی ناوه‌خۆی يه‌كێتی؛ و دابڕانی پارتی له‌ ميلله‌ت، دابڕانی سه‌ركرده‌كان له‌گه‌ڵ رۆشنبيرانی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌، بێده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مان و لاوازی موئه‌سسه‌سه‌كانی ده‌وڵه‌ت، گه‌نده‌ڵيی سه‌رتاسه‌ری ناو موئه‌سسه‌سه‌كانی حيزبه‌كان و حوكمه‌ت، تۆراندن و تۆقاندنی خه‌ڵك، كه‌مبڕوايی جه‌ماوه‌ر به‌ سه‌ركرده‌كه‌ی و... هتد. ئه‌وه‌ به‌كورتی. به‌ڵام له‌ نووسراوێكمدا، له‌ ژماره‌ی ئيمڕۆی رۆژنامه‌ی (هاووڵاتی)دا، به‌دوورودرێژی له‌و بابه‌ته‌ دواوم ورۆشنايی زياترم خستۆته‌ سه‌ر نه‌خۆشيه‌كان و چاره‌سه‌ريان.

ئيمرو زياد له‌ هه‌موو رۆژێكی تر، ده‌بێ لۆبی سه‌ركرده‌كانی سياسی كورد له‌ ئه‌مريكا و له‌ ئه‌وروپادا له‌ئاستی ئه‌و مه‌ترسيانه‌دا بێت. به‌ هه‌لمه‌تێكی هه‌مه‌لايه‌نه‌، ده‌بێ كاربكه‌نه‌‌ ‌سه‌ر پلانه‌كانی داهاتوی سه‌رۆك بوش، به‌رله‌وه‌ی له‌ كريسميسی داهاتوودا‌ برياره‌ ستراتيژیه‌ نوێيه‌كانی بدات. واته‌ ته‌نيا دوو دووهه‌فته‌مان له‌به‌رده‌مه‌ بۆ هه‌لمه‌تی لۆبی چاره‌نوسساز. . ده‌بێ كاری ئاكتيڤتر و قه‌به‌تر بكه‌ين له ته‌نيا ده‌ربڕينی ناره‌زايی به‌ ته‌سريحی بێ سوود، قسه‌كردن له‌گه‌ڵ بالوێزێكی ئه‌مريكی كه‌مده‌سه‌ڵات، نامه‌ نووسين به‌ دووربه‌دووری بۆ سه‌رۆك بوش، وه‌يان ناردنی وه‌فدی نزمئاست بۆ ده‌ره‌وه.‌

به‌ئيتيفاق له‌گه‌ل سه‌رۆك كۆرمار، سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌تی كوردستان ده‌توانن له‌ هه‌ولێر و له‌ كه‌ركوك به‌چه‌ند بڕياردان و هه‌لسوكه‌وتێكی عه‌مه‌لی (پڕ مه‌غزای سياسی) هه‌ڵبستن، كه‌ ئيداره‌ی ئه‌مريكی پێ مشه‌وه‌ش بكه‌ن. به‌خه‌به‌ريان بهێنێته‌وه و نيشانيان بده‌ن ئايا كێ خاوه‌نی گۆڕه‌پانه‌، كورد يان توندڕه‌وی عه‌ره‌ب.

به‌زووترين كاتيش سه‌رۆكی هه‌رێم به‌خۆی و وه‌فدێكی پارتی و يه‌كێتی و حيزبه‌كانی تر، له‌گه‌ل چه‌ند وه‌زيرێك و پسپۆرانی لۆبی كردنی كورد و بێگانه‌، بچنه‌ واشينگتن و له‌ مه‌مه‌ڕه‌كانی برياری سياسی ئه‌مريكيدا كاری لۆبی بكه‌ن. رۆژانه‌ له‌ ئۆفيسێكی (ژووری عه‌مه‌ليات)دا كۆببنه‌وه.‌ خه‌لكی لۆبيزانی موحته‌ريفی ئه‌مريكی به‌كرێ بگرن و بيانخه‌نه‌ سه‌ر روحی ئيداره‌ی سه‌رۆك بوش، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێ پشتگيريی ئيداره‌كه‌ بۆ قه‌زيه‌كه‌مان مسۆگه‌ر بكه‌نه‌وه‌. پێويسته‌ سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ ئيسراره‌وه‌ داوای ديده‌نی سه‌رۆك بوش و وه‌زيری به‌رگری نوێ و كۆندۆليزا رايس بكات. ده‌بێ وه‌فده‌كه چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ل گه‌وره‌ سيناتۆر و كۆنگرێسمان و ميديا و رۆژنامه‌وانی ئه‌مريكا رێك بخه‌ن و ئاشكرای بكه‌ن كه‌ كورد رۆلی پاشبه‌گيی قه‌بول نيه‌، و ته‌عاونكردنی مسۆگه‌ر نيه‌. پێويسته‌ ده‌يان سێميناری كراوه‌ رێك بخه‌ن بۆ بيركه‌ره‌وه‌و پسپۆرو خه‌لكی ئه‌كاديمی له‌ موئه‌سسه‌سه‌كانی ئه‌مريكی، بۆ ئه‌وه‌ی واقيعی عيراقيان بۆ شی بكه‌نه‌وه‌ و زه‌روره‌تی داسه‌پاندنی ده‌ستووری عيراقيان نيشان بده‌ن. ئيمرۆ كاتی لۆبی دووربه‌دووری نيه‌، به‌لكو رۆژی بڕياردانه‌، رۆژی لۆبی قورسه‌ به‌ ئاماده‌بوونی خودی سه‌ركرده‌كان- تۆپه‌ قورسه‌كان.

(درێژه‌و ته‌واوكه‌ری ئه‌وباسه‌ له‌ ژماره‌ی ئيمڕۆی هاوڵاتیدا بخوێنه‌وه‌‌).



Dr. Radut | page