Skip to Content

هاوكاری توركيا بۆ لێدانی ئێران له‌سه‌ر حيسابی كورد 7/2/2007

هاوكاری توركيا بۆ لێدانی ئيران، به‌رامبه‌ر به‌ ته‌سليم كردنی په‌كه‌كه‌ و كه‌ركوك

 

ئه‌مريكا و ئيسرائيل پێويستيان به‌ توركيايه‌ بۆ لێدانی ئێران، ئايا سه‌ركرده‌ی كورد چۆن وه‌ڕه‌قه‌كانی به‌كارد ده‌هێنێ؟

 

كوردستانی نوێ - ژماره‌ ٤١٨٨- ڕۆژی ٧/٢/٢٠٠٧ - لاپه‌ڕه ٨‌

پرۆفيسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌ددين

 

ده‌هۆڵی شه‌ڕی گه‌روره‌ هێرشی ئه‌مريكی و ئيسرائيلی بۆ سه‌ر ئێران وا ده‌ستی به‌ لێدان كردوه‌. چه‌قی ستراتيژيه‌تی نوێی سه‌رۆك بوش خۆ ئاماده‌ كردنه‌ بۆ لێدانی ئێران‌. به‌لای سه‌رۆك بوش، ئێران گه‌وره‌ترين ڕێگره‌ له‌ پلانه‌كانی له‌‌ عيراق و ڕۆژ هه‌ڵاتي ناوه‌ڕاست‌‌. ئه‌گه‌ر ئێران نه‌بوايه‌، ده‌بوايه‌ ئێستا عيراق ديموكراسي بوايه‌ و بنه‌مای تێرۆر هه‌لته‌كايه و قه‌زيه‌ی فه‌له‌ستينی به‌ره‌و پێش چوبايه‌. به‌ هۆی ده‌ستێوه‌ردانی ئێران، ئيمڕۆ ئه‌مريكا له‌ گێژاوكدايه‌، له‌شكره‌كه‌ی له‌ شكست دايه‌، ووڵاته‌كه‌ی له‌ ئه‌زمه‌ی نه‌فسيدايه‌، و ئه‌ستێره‌‌ی تاقه‌ زلهێزی دونيا له‌ كزيدايه و ‌ئه‌ستێره‌ی خودی سه‌رۆك له‌ نقوم بووندايه‌.

 

له‌لايه‌كی تريشه‌وه‌، ئيسرائيل سه‌بری نه‌ماوه، له‌ قالبی شه‌ڕی مان و نه‌ماندا سه‌يری به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی و هه‌ڕ‌‌‌ه‌شه‌كانی ئيران ده‌كات. كه‌مپه‌ينی لۆبی ئيسرائيلی ده‌مێكه‌ ته‌وژمی وه‌رگرتوه‌ له‌دژی ئێران. ماوه‌ی دوو ساڵيشه‌ ئيسرائيل به‌ ئاشكرا ئيعلانی دوژمنايه‌تی ئێرانی كردوه‌. له‌و ڕۆژ‌ه‌وه‌ كه‌ ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ته‌هديده‌ ڕاسته‌وخۆيه‌كانی به‌رامبه‌ر ئيسرائيل كردوه‌، لۆبی جوله‌كه‌ به‌رده‌وم له‌ جمو جۆڵدايه‌ بۆ خۆشكردنی زه‌مينه‌ بۆ لێدانی ئيران. ته‌نانه‌ت، هێرشه‌كه‌ی ئيسرائيل بۆ سه‌ر حيزبوللای لوبنانی هه‌ربۆ سزادانی ئێران بوو. به‌لای ئيسرائيله‌وه‌، حيزبوڵڵای لوبنانی و حه‌ماسی فه‌له‌ستينی به‌شێكن له‌ له‌شی ئێران و ئاگريان له‌ هه‌ناوی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ نزيك كردۆته‌وه‌. سه‌ڕ‌‌ه‌ڕای ئه‌وانيش، مه‌ودای ساروخی ئێرانی تاكو دێت درێژتر ده‌بێ و به‌ ئاسانی ئيسرائيل ده‌گرێته‌وه‌. به‌لای ئه‌مريكا‌وه‌، له‌شكری مه‌هدی و فه‌يله‌قی به‌در و توندڕه‌وه‌كانی شيعه‌ی عيراق به‌شێكی ته‌واوكه‌ری ئيرانن، بۆيه‌ش لێدانيان ‌يان لادانيان به‌شێكی دانه‌بڕاوه‌ له‌ شه‌ڕی دژ به‌ ئێران. له‌و ڕوانگه‌وه‌، دياره‌ كه‌ بڕياری سه‌رۆك بوش بۆ ناردنی بيست هه‌زار سه‌ربازی نوێ بۆ كۆنتڕۆل كردنی به‌غدا و ڕاو نانی له‌شكری مه‌هدی و سيخوڕه‌كانی ئێرانی، به‌شێكن له‌ خۆ ئاماده‌ كردن بۆ لێدانی سه‌رچاوه‌ مه‌ترسيداره‌كانی ئێران. هاوكات، جموجۆڵی ئه‌مريكی (بۆ نموونه‌ هی جه‌نه‌ڕال جۆزێف ڕالستۆن) بۆ په‌يوه‌ندی به‌ توركيا و به‌ سه‌ركرده‌كانی كورد، هه‌رله‌هه‌مان قالبدايه‌. به‌هه‌مان شێوه‌ش، سه‌ردانی كۆندۆليزا رايس بۆ چه‌ندين ووڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، سه‌ردانی عه‌بدوڵڵا گوڵ بۆ ئه‌مريكا له‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی داهاتوودا، سه‌ردانی لێپرسراوانی ئيسرائيلی بۆ توركيا، هه‌موويان بۆ هه‌مان مه‌به‌ستن‌.

 

له‌و ياريه‌دا، بۆ ئه‌نجامدانی مه‌به‌ستيان، ئه‌مريكا و ئيسرائيل ئاماده‌ن ده‌ستكه‌وت و نرخی به‌رز پێشكه‌شی ووڵاته‌كانی تر بكه‌ن. توركيان له‌ پێشه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و ووڵاتانه‌دايه‌، چونكه‌ به‌شداری توركی گرنگيه‌كی ستراتيژی عه‌سكه‌ری هه‌يه‌.‌ به‌ بێی ته‌عاونی توركی، ڕ‌ه‌نگه‌ هێرشی لێدانی ئێران فه‌شه‌ل بهێنێ. ئێران بنكه‌ ئه‌تۆمی و ساروخی و عه‌سكه‌ريه‌كانی له‌ سه‌رتاپای ووڵاته‌كه‌‌يدا بڵاو كردۆته‌وه‌. بۆ نمونه‌ له‌ كه‌ره‌ج و ئاراك و ئه‌ناراك و سه‌گهه‌ند و ئه‌سفه‌هان و بوشه‌هر و ئه‌رده‌كان وجيهان و ناتانز و شوێنی تر. لێدانی بنكه‌ باكور و ڕۆژهه‌ڵاتی باكوريه‌كان له‌ پاپۆڕی حه‌ربی ناو كه‌نداوی فارسيه‌وه‌ كارێكی ئاسان نيه‌. بۆيه‌ فرۆكه‌ و ساروخی ئه‌مريكی و ئيسرائيلی ده‌بێ له‌ باكوری ئێران نزيك ببنه‌وه‌‌، واته‌ ده‌بێ له‌ توركياوه‌ هه‌لبفرن‌. توركياش له‌به‌رامبه‌ردا، داوای له‌ناو بردنی په‌كه‌كه‌ و داپلۆسينی تموحی به‌ده‌وڵه‌ت بوونی كوردی باشوورد ده‌كات. بۆيه‌ش له‌و دواييه‌، جۆزێف ڕالستۆنی ئه‌مريكی سه‌ردانی سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌تی كوردستانی كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕازيان بكات كه‌ توركيا به‌ فرۆكه‌ له‌ په‌كه‌كه‌ بدات، وه‌يان يارمه‌تی توركيا بده‌ن بۆ ده‌رپه‌ڕاندنيان، داپلۆسينيان وه‌يان له‌ناو بردنيان. له‌مه‌ودوا، به‌ ئه‌مريكا و به‌ ئيسرائيل، فشار ده‌خه‌نه‌ سه‌ر كوردی عيراق بۆ ته‌عاون له‌گه‌ڵ توركيا، هه‌روه‌ك له‌ ڕابوردوودا فشاريان خسته‌ سه‌ر يۆنان و ووڵاتانی تری ئه‌وروپی بۆ گرتنی ئۆجه‌لان. توركيا به‌وه‌ش واز ناهێنێ، به‌ڵكو ده‌يه‌وێ مادده‌ی ١٤٠ی ده‌ستووريش هه‌لوه‌شێنێته‌وه‌ و كه‌ركوكيش هه‌تا هه‌تايه‌ له‌كوردستان داببڕێنێ.

 

پلانی لێدانی ئێران

 

پلانی شه‌ڕی ئيران، له‌ ساڵی ٢٠٠٥ه‌وه‌، له‌سه‌رده‌می شارۆنه‌وه‌، به‌ به‌ هاوبه‌شی ئه‌مريكا و ئيسرائيل دانراوه‌ و بڕياری له‌سه‌ر دراوه‌. له‌ڕابوردوودا، پلانه‌كه‌ ته‌نفيز نه‌كرا چونكه‌ ئيسرائيل ئاماده‌ نه‌بوو و بوشيش نه‌يده‌ويست پرۆسه‌ی ده‌ستوور و پێكه‌وه‌نانی حكومه‌تی هه‌ڵبژێردراو له‌ عيراقدا، ئاڵۆزتر ببێ. به‌ڵام، ئێستا بار و دۆخ گۆڕاون. ئيسرائيل له‌ حيزبوڵڵای دا و مه‌ترسيه‌كانی دوورخسته‌وه‌. حه‌ماسی فه‌له‌ستينی به‌ره‌و كزيه‌ و زه‌بری ده‌ستوه‌شانی كه‌م بۆته‌وه‌. له‌ عيراقيش به‌هۆی شه‌ڕی ئه‌هلیه‌وه‌، بار وا ئاڵۆز بوه‌، له‌وه‌ خراپتر نابێ. بۆيه‌، پلانه‌كان له‌سه‌ر مێزی سه‌رۆك بوش و سه‌رۆكوه‌زيران ئۆلمێرت دا به‌چاوه‌ڕێی پياده‌كردن، به‌ كراوه‌يی دانراون.

 

له‌لايه‌كه‌وه‌، ئه‌مريكا پاپۆڕێكی شه‌ری پڕ چه‌كی نزيك كردۆته‌وه‌ له‌ كه‌نداوی فارسی. ده‌ستی كردوه‌ به‌ شه‌ڕی ئيعلامی و ڕۆژ به‌ ڕۆژ خيتابه‌كانی زه‌قتر و تايبه‌تمه‌ندتر ده‌بن. له‌شكری ئه‌مريكی خه‌ريكی ته‌نگاو كردنی عيراقيه‌ سه‌ربه‌ ئێرانيه‌كانه‌، و بوش فه‌توای ده‌كردوه‌ بۆ گرتن يان كوشتنی سيخوڕه‌‌ ئيرانيه‌كانيش. ئه‌وه‌ هێشتا شه‌ر نيه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌و نێوانه‌شدا، به‌ هه‌ڵه‌يه‌كی ئێرانيی، توشی شه‌ڕی مواجه‌هه‌بوو ئه‌وا بوش ئاماده‌يه‌ بيكاته‌ به‌هانه‌ و شه‌ره‌كه‌ بكاته‌ سه‌رتاسه‌ريی و بيباته‌ ناوه‌وه‌ی ئێران. ئه‌مريكا له‌ زووه‌وه‌، بنكه‌ی موجاهيدی خه‌لقی له‌ عيراق پاراستوه‌. به‌و دواييه‌، په‌يوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی له‌گه‌ڵدا كردون و به‌كاری هێناون بۆ كۆ كردنه‌وه‌وه‌ی زانياريی له‌ سه‌ر ئێران. ئه‌وه‌ هه‌نده‌ی تر ئێرانی سه‌غله‌ت كردوه‌ و له‌ڕێگه‌ی ماليكيه‌وه‌ خه‌ريكن فشار ده‌خه‌نه‌ سه‌ر موجاهيدی خه‌ڵق بۆ ته‌سليم بوونه‌وه‌ به‌ ئێران وه‌يان به‌جێ هێشتنی عيراق.

 

به‌ گوێره‌ی ئيعتيرافی ئه‌مريكی، هه‌موو دراوسێكانی عيراق ده‌يانه‌وێ كه‌ ئێران عه‌زل بكرێ. ئه‌وه‌ واده‌گه‌يه‌نێ كه‌ ئه‌گه‌ر بوش كه‌وته‌ هيرش بۆ سه‌ر ئێران، ئه‌وا ووڵاتانه‌ی ناوچه‌كه‌ دلگران نابن بۆ ئێران. به‌و دواييه‌، بوش كۆندۆليزا رايسی نارده‌ ئوردون و ميسر و ووڵاته‌ كه‌نداويه‌كان، بۆ دڵنيا كردنه‌وه‌ و هاندنيان. ڕه‌نگه‌ سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لاليش بۆ سوريا هه‌ر بۆ دڵنيا كردنه‌وه‌ و ڕاكێشانی سوريا بێ، بۆ ته‌عاون و جيا كردنه‌وه‌ی له‌ ئێران. دياره‌ ئێرانيش تاو له‌رزی لێ نيشتوه‌. گه‌وره‌ سياسه‌تمه‌دارانی ئێران، خه‌ريكن فشار ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد بۆ ئه‌وه‌ی كرژيی كه‌م كاته‌وه‌ و تووشی شه‌ڕی مواجه‌هه‌يان نه‌كات. نه‌ژاد خۆيشی وه‌فدی ووڵاته‌ بێ لايه‌نه‌كانی ده‌عوه‌ت كردوه‌ بۆ سه‌ردانی بنكه‌ ئه‌تۆميه‌كان.

 

ئايا كورد ده‌بێ چی بكات

 

ئا له‌ڕۆژێكی وه‌ك ئيمرۆدا، كه‌ هێشتا پلانی سه‌رۆك بوش له‌ خولی ئاماده‌كردندايه‌، سه‌رۆك بوش له‌وپه‌ڕی موحتاجی دايه‌، له‌شكری مه‌هدی له‌ پاشه‌كشه‌دايه‌، ماليكی له‌ په‌له‌ڕوحه‌دايه‌، توركيا له‌ موزايه‌ده‌دايه‌، ئێران له‌ نارحه‌تی و ترسدايه‌، سوريا له‌ قه‌له‌قدايه‌. ئێستا باشترين كاته‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ی سياسی كوردی ده‌ستی مێژوويی خۆی بوه‌شێنێ و ئيستيغلالی ئه‌و وه‌زعه‌ بكات بۆ پاراستنی به‌رژه‌و‌ه‌نديه‌ به‌رزه‌كانی.

 

ئيمرۆ كورد حه‌ليفێكی ستراتيژی ئه‌مريكيه‌ له‌ عيراق، به‌ڵام گرنگيه‌كی ده‌ولی نيه‌ و له‌ ياری نێوده‌وڵه‌تيدا ئه‌مريكا حيسابی بۆ ناكات. به‌لای ئيسرائيله‌وه‌، كورد وه‌ره‌قه‌يه‌كه‌ و له‌كاتی پێويست دا له‌ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی ستراتيژيدا به‌كاری ده‌هێنێ. كورد نابی له‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندی ئيسرائيلی كار بكات، به‌ڵام ناشبێ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی بكاته‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی و پلانی ئيسرائيلی. هه‌ر به‌ هه‌مان شێوه‌ی توركيا، سه‌ركرده‌ی كورديش ده‌توانێ بازی گه‌وره‌ به‌ ده‌ستوور و مادده‌ی ١٤٠ بدات.

 

هاتنه‌ ژووره‌وه‌ی توركيا بۆ ديوی عيراق زۆر زه‌حمه‌ته‌. چونكه‌ ئه‌مريكا لێناگه‌ڕێ باری ناو عيراق له‌وه‌ ئاڵۆزتر ببێ ‌، ناشيه‌وێ حه‌ليفه‌ گرنگه‌كانی ناو عيراقی له‌د‌ه‌ست بچێ. ئه‌وروپاش له‌وه‌ بێده‌نگ نابێ و عه‌ره‌بيش ڕازی نابێ. به‌ڵام فرۆكه‌كانی توركی (به‌ڕه‌زامه‌ندی يان بێ ڕه‌زامه‌ندی سه‌ركرده‌كانی كوردی باشوور) ده‌توانن بێنه‌ ناو ئاسمانی كوردستانی باشوور و زه‌ره‌ری مێژووييمان لێبده‌ن. له‌و حاله‌ته‌، ده‌بێ كورد فشار بخاته‌‌ سه‌ر ئه‌مريكا و خۆی لێ توند بكات. هاوكات، واجبێكی نيشتمانيه‌ كه‌ پارمه‌تی په‌كه‌كه‌ بدات و نه‌هێلێ بكه‌ويته‌ به‌ر ڕ‌‌حمه‌تی تۆب بارارنی توركی. په‌كه‌كه‌ش ده‌بێ ژير بێ و ته‌عاون له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی كوردی عيراق بكات و چيتر به‌ دوو ده‌نگی سه‌رۆكه‌ زيندانيه‌كه‌ی نه‌كه‌وێ كه‌ له‌ ژێر فشاری دوژمندا فه‌توای يه‌ك له‌ دوو يه‌ك ده‌رده‌كات، له‌ دژی كوردستانی باشوور و به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو لايه‌ك.

 

خۆ ئه‌گه‌ر يه‌كێتی و پارتی به‌ زيره‌كانه‌ ئێران به‌كار بهێنن، ڕه‌نگه‌ بتوانن وا له‌ له‌شكری مه‌هدی و موقته‌دا بكه‌ن كه‌ له‌ كه‌ركوك كار ئاسانيان بۆ بكه‌ن و پشگيری بكه‌ن له‌ ماده‌ی ١٤٠ و زامين كردنی ڕيفه‌راندۆم. به‌هه‌مان شێوه‌ش، كورد ده‌توانێ په‌يوه‌ندی تايبه‌تی خۆی له‌گه‌ڵ سوريا بپارێزێ و به‌كاری بهێنێ له‌دژی پلانه‌كانی توركی. سه‌رۆك بوش له‌ ڕواله‌تدا چاوی له‌ سووريا سووركردۆته‌وه، به‌ڵام له‌ ڕاستيدا مه‌به‌ستی نيه‌ شه‌ڕی له‌دژدا بكات. دووريش نيه‌ كه‌ له‌ژێره‌وه‌ موغازه‌له‌ی بكات و گفتوگۆی له‌گه‌ڵدا بكات. ڕه‌نگه‌ په‌يامی دڵنياكه‌ره‌وه‌ی و گێزه‌ری ته‌عاونی به‌ ده‌ستی سه‌رۆك مام جه‌لال بۆ سه‌رۆك به‌شار الاسد ناردبێ. به‌ڵام سه‌رۆكی هه‌ريم و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌توانن له‌وه‌ باشتر بكه‌ن. ده‌توانن سوريا له‌ حكومه‌تی هه‌رێم نزيك بكه‌نه‌وه‌ و به‌رژ‌ه‌وه‌ندی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ دروست بكه‌ن، ئه‌وجا به‌كاری بهێنن له‌ به‌رامبه‌ر فشاری توركی. بۆ نمونه‌، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی سوريادايه‌ كه‌ ته‌واوی هاتوچۆی بازرگانی نێوان كوردستان و جيهانی ده‌ره‌وه‌ به‌ ناو سوريادا بڕوات و به هۆی بنياتنان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان، بازاڕی سوريا بوروژێته‌وه‌. له‌جياتی مه‌رسين، پاپۆڕی بازرگانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ لازقيه‌وه‌ بار داگرێ و به‌ سه‌ڕخاكی سوريادا بگاته‌ ناو كوردستان. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و جۆره‌ پڕۆژه‌يه‌ له‌خۆيه‌وه‌ سه‌ڕهه‌ڵنادات، به‌ڵكو پێويسته‌ سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌ريم سه‌ردانێكی سوريا بكه‌ن و ئه‌و بيرۆكه‌يه‌ بخه‌نه‌‌‌ به‌ر گوێی سه‌رۆك بشار الاسد. خۆ ئه‌گه‌ر ئيمڕۆ به‌ بازرگانی گشتی ده‌ست پێ بكه‌ن، له‌دواڕۆژدا بۆڕی نه‌وتيش له‌ زاخۆ و شيواشۆك و كه‌ركوكيشه‌وه‌ به‌سورياوه‌ ده‌گه‌يه‌نرێته‌ جيهانه‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت به‌وه‌ كورد ئه‌لته‌رناتيڤێكی كاريگه‌ری ده‌بێ به‌رامبه‌ر به‌ توركيا، وه‌ ئه‌گه‌ر توركيا ده‌رگای سنووری لێ داخستين، ئه‌وا بۆڕی هه‌ناسه‌ی كوردستان به‌كراوه‌يی ده‌مێنێ.

 

ئيمه‌ی كورد له‌و نێوه‌دا، و له‌ ئه‌نجامی موغامه‌ره‌ی نوێی سه‌رۆك بوشدا، ده‌بێ سودمه‌ند بين، به‌كه‌م ڕازی نه‌بين، وا له‌ ئه‌مريكا و ئيسرائيل بكه‌ين كه‌ بزانن كه‌وا توركيا ته‌نيا ياريكه‌ر نيه‌. ئه‌و كاره‌ ئاسان نيه‌ به‌ڵام به‌ حيكمه‌ت و هوشياريی و كاری ده‌سپێشخه‌ريی، سه‌ركرده‌كانی كورد ده‌توانن وه‌ره‌قه‌ی به‌ براوه‌يی بهێلنه‌وه‌. ئه‌و سێ مانگه‌ی داهاتوو زۆر حاسيم و چاره‌نوس سازه‌، كاتی پالدانه‌وه‌ نيه‌، كاتی خه‌باتی بێ ووچانه‌. كاتی شه‌ڕه‌ لۆبی و ئيتيفاق و بگره‌و به‌رده‌و سه‌فقه‌ی سياسی و عه‌سكه‌ريه‌. ئومێده‌وارم كه‌ سه‌ركرده‌كانی كورد له‌ ئاستی ئه‌و ڕووداوه‌دا كار بكات. تا ئێستا ئه‌مريكی و توركيه‌كان به‌ جيا جيا و به‌ ته‌نيا سه‌ركرده‌ی يه‌كێتی و پارتی ده‌بينن و حيسابی جياوازيان بۆ ده‌كه‌ن، كه‌ئه‌وه‌يش ڕه‌نگه‌ به‌ مه‌به‌ست بێ. پێويسته‌ سه‌ركرده‌كانی يه‌كێتی و پارتی زوو زوو به‌ يه‌كه‌وه‌ دابنيشن و سياسه‌تيان هه‌ماهه‌نگ بێ و به‌ ته‌نيسيق و ئيتيفاقه‌وه‌ به‌ره‌نگاری ته‌حه‌ددايه‌كان ببنه‌وه. ته‌بايی و هاوخيتابيی يه‌كێتی و پارتی ئيمرۆ له‌ هه‌موو ڕۆژێكی تر چاره‌نووس سازتره‌.



Dr. Radut | page