Skip to Content

4/8/07 ئه‌نجامدانی به‌ندێكی سه‌ره‌كی ناو ماده‌ی ١٤٠مه‌سئوليه‌تی سه‌رۆكايه‌تی كۆماره‌.

ئه‌نجامدانی به‌ندێكی سه‌ره‌كی ناو ماده‌ی ١٤٠مه‌سئوليه‌تی سه‌رۆكايه‌تی كۆماره‌،
ئايا پلانی سه‌رۆك كۆمار چيه‌؟


ئاسايی كردنه‌وه‌ی ئيداريی پارێزگای كه‌ركوك چاوه‌ڕێی "ته‌وسيه‌كانی" سه‌رۆكايه‌تی كۆماره، به‌ڵام به‌نده‌كه‌ بوه‌ته‌ گرێكۆره‌ و هه‌تا چاره‌سه‌ر نه‌كرێ كێشه‌ی كه‌ركوك كۆتايی پێ نايه‌


هاوڵاتی ٤/٨/٢٠٠٧
{PDF ی لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنانه‌كه‌ له‌ خواره‌وه‌يه‌ بۆ دابه‌زاندن}

پڕۆفيسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌ددين

له‌ ڕۆژی دروست بوونيه‌وه‌، عيراق وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی ده‌ستكرد و هه‌مه‌ڕه‌گه‌ز، به‌ كێشه‌ و سه‌رئێشه‌وه‌ له‌ دايك بووه. به‌ پێكه‌وه‌ لكاندن و پێكه‌وه‌ ژياندنی زۆره‌ملێی نه‌ته‌وه‌ ناته‌باكان، چه‌رخ له‌ دوای چه‌رخ كێشه‌كان ڕوويان هه‌ر له‌ ئاڵۆزی بووه‌. له‌ژێر حوكمی توندڕه‌وانه‌ی قه‌ومی به‌عسی عه‌ره‌بی (مه‌زهه‌ب سوننی)دا، ئاڵۆزيی كێشه‌كان گه‌يشته‌‌ ئه‌و ڕاده‌يه‌ی كه‌وا‌ نه‌وه‌كانی داهاتووی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ نه‌وتيه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌تا هه‌تايه‌ پێوه‌ی‌ بناڵێنن. مه‌سه‌له‌ی ده‌ستێوه‌ردانی پێكهاته‌ی ئيداری و ديموگرافی (دانيشتوانی) ناوچه‌ سنووريه‌كانی نێوان هه‌رسێ نه‌ته‌وه‌ی كورد و عه‌ره‌بی شيعه‌ و عه‌ره‌بی سوننه، له‌ كێشه‌ هه‌ره‌ زه‌قه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ن كه‌ وه‌عده‌ی شه‌ری تايه‌فه‌گه‌ریان به‌ خۆوه‌ هه‌ڵگرتوه‌.

له‌ پڕۆسه‌ی ته‌عريب دا، ڕژێمی سه‌ددام ده‌ستی له‌ پێكهاته‌ی ئيداری چه‌ندين شار و شارۆچكه‌ی سنووری كوردستانی دا، كه‌ به‌ پێيه‌وه‌ ده‌يان قه‌زا و ناحيه‌ و گوندی كوردی له‌ كه‌ركوك و هه‌ولێر و دهۆك داتكێنراون و خراونه‌ته‌ سه‌ر شاره‌ عه‌ره‌بيه‌كانی تكريت و دياله و موسل‌. له‌ خوارووی عيراقيش، ڕژێمی سه‌ددام ناوچه‌يه‌كی پان و به‌رينی پارێزگای (كه‌ربه‌لا)ی شيعی دابڕيوه‌ و خستويه‌تيه‌ سه‌ر پارێزگای (ئه‌لئه‌نبار)ی سوننی (به‌ڵام به‌ بێ ده‌ستێوه‌ردانی ديموگرافی). دياره‌ كه‌ به‌و گۆڕانكاريه‌ ناسروشتی و ناعاديلانه‌، ڕژێم ناووكی كێشه‌ی هه‌تا سه‌ريی بۆ نه‌ته‌وه‌ هه‌ميشه‌ دراوسێكان دروست كردوه‌. ئه‌و ده‌ستكاريانه‌ بونه‌ته‌ قه‌ردی زه‌مه‌ن له‌سه‌ر حكومه‌تی عيراق، و به‌ بێ چاره‌سه‌ريی دادپه‌روه‌رانه‌ نه‌ته‌وه ز‌ه‌ره‌رمه‌نده‌كان‌ له‌ سوودمه‌نده‌كان خۆش نابن.

ڕێگاچاره‌ی ديموكراسی له‌ دوای ڕوخانی ڕژێم

هه‌روه‌ك چاوه‌ڕوانكراو بوو، له‌ دوای ڕوخانی ڕژێمی سه‌ددام، مشتومڕێكی بێ پايان له‌ نێوان پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌ييه‌كانی عيراق په‌يدا بوون. خۆشبه‌ختانه‌، سه‌ركرده‌كانی كورد و عه‌ره‌ب و توركومان، به‌ چاودێری و ڕه‌زامه‌ندی هێزه‌ هاوپه‌يمانه‌كان، له‌سه‌ر به‌رنامه‌يه‌كی وا ڕێكه‌وتن كه‌ هه‌موو لايه‌ك خۆی به‌ براوه‌ بزانێ. ئه‌و به‌رنامه‌يه‌ له‌ بڕگه‌ی (٥٨)ی قانونی (ئيداره‌ی كاتيی) سه‌ره‌دمی (پۆل برێمه‌ر)دا چه‌سپا. ده‌بوايه‌ ئه‌و بڕگه‌يه‌ به‌ زوويی و له ‌سه‌رده‌می حكومه‌تی كاتيی (ئيبراهيم جه‌عفه‌ری)دا ده‌ستی به‌ جێبه‌جێ كردن بكردبايه‌. به‌ڵام كه‌مته‌رخه‌می جه‌عفه‌ری وای كرد كه‌وا كورد ناڕازی بێ و فشاری زياتريش بخاته‌ سه‌ر هاوپه‌يمانه‌كانی. له‌ ئه‌نجامی گفتۆگۆكانی ده‌ستووردا، له‌ ساڵی ٢٠٠٥دا، بڕگه‌‌ی ٥٨ به‌ كتومتی گواسترايه‌‌وه‌ بۆ ناو ماده‌ی ١٤٠ی ده‌ستووری هه‌ميشه‌يی، و كات و قۆناخه‌كانی جێبه‌جێكردنيشی دياری كران.

به‌ گوێره‌ی به‌ندی (أ)ی بڕگه‌ی ٥٨، ئاينده‌ی كه‌ركوك و ناوچه‌ پڕله‌ كێشه‌‌كانی تری عيراق (به‌ لێك به‌ستراوه‌يی) له‌ ڕێگه‌ی پڕۆسه‌يه‌كی سێ قۆناغيی يه‌ك له‌ دوای يه‌كدا ده‌بێ هێمن بكرێنه‌وه‌. قۆناخی يه‌كه‌ميان بريتيه‌ له‌ ئاساييكردنه‌وه‌ی ديموگرافی كه‌ركوك و ناوچه‌ ته‌عريب كراوه‌كان. واته‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان و كورده‌ ئاواره‌كان بۆ شوێنی باوك و باپيرانيان. هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌و پڕۆسه‌يه‌دا‌، پێويسته‌ حكومه‌تی عيراق چاوێك به‌ سنووره‌ ئيداريه‌كانی هه‌موو پارێزگا پڕ له‌ كێشه‌كاندا بخشێنێته‌وه‌،‌ و قه‌زاو ناحيه‌ دابڕاوه‌كان بخاته‌وه‌ سه‌ر پارێزگا ڕه‌‌‌سه‌نه‌كانيان. له‌ دووه‌م قۆناخدا ده‌بێ سه‌رژمێری له‌ پارێزگای كه‌ركوك ئه‌نجام بدرێ و له‌ قۆناخی سێهه‌ميشدا ڕيفه‌راندۆم ئه‌نجام بدرێ‌. كاتی ئه‌نجامدانی قۆناخه‌كانی يه‌كه‌م و دووه‌م و سێيه‌م به‌ كۆتايی مانگه‌كانی مارت و یۆليۆ و ديسه‌مبه‌ر ی ٢٠٠٧ دياريكران.

به‌ فيڕۆدانی كات

له‌ سه‌ره‌تادا سه‌ركرده‌كانی كورد گه‌شبين بوون به‌وه‌ی كه،‌ به‌ هۆی سروشت و پارسه‌نگی تازه‌ی هێزه‌ سياسيه‌كانی عيراقی، هيچ حكومه‌تێكی به‌غدا بۆی نالوێ ماده‌ی ١٤٠ هه‌لپه‌سێرێ. بۆيه‌ سياسه‌تمه‌دارانی كورد به‌ دڵنياييه‌وه‌ و به‌ چاوه‌ڕێی پياده‌كردنی ماده‌كه‌، پشتيان لێ كرده‌وه‌‌. به‌ڵام مه‌خابن، كاتی قۆناخی دووهه‌می ماده‌ی ١٤٠ وا به‌سه‌ر چوو و هێشتا هی يه‌كه‌م (ئاسايی كردنه‌وه)‌ ئه‌نجام نه‌دراوه‌، چی جای ئه‌نجام دانی قۆناخی ڕيفه‌راندۆم به‌ر له‌ كۆتايی ئيمسال. له‌ دوای ئه‌وه‌ی كه‌ نيازخراپی ده‌وڵه‌ته‌ دراوسێكان و هاوپه‌يمانه‌ عه‌ره‌به‌كانی كورد به‌ ئاشكرا ده‌ركه‌وت و خه‌ريك بوو پلانه‌كانيان سه‌ر‌ده‌كه‌وت، ئه‌وجا سه‌ركرده‌كانی كورد به‌ قه‌له‌ق و به‌ په‌له‌ كه‌وتنه‌ جموجۆڵی و فشاری سياسی بۆ ‌سه‌ر حكومه‌تی به‌غدا. به‌وه‌ پڕۆسه‌كه‌يان تا ڕاده‌يه‌ك به‌ره‌و پێشه‌وه‌ برد، و حكومه‌تی ماليكیان ناچار كرد كه‌وا چه‌ندين بڕياری په‌يوه‌ند به‌ ئاساييكردنه‌وه‌ مۆر بكات، و بڕی دووسه‌د مليۆن دۆلاريش بۆ قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی هاورده‌ و ئاواره‌كان ببڕێته‌وه‌. ديسان، ئاشكرا نيه‌ ئايا ئه‌و پاره‌يه‌ له‌ كوێيه‌ و چۆن سه‌رف ده‌كرێ و به‌ چی ده‌درێ. واته‌، وورده‌كاری ميكانيزمی سه‌رف كردنی ڕوون نيه‌.

به‌ندی (ب) و گرێكۆره‌ی ماده‌ی ١٤٠

هه‌ڵبه‌ت پڕۆسه‌ی ئاسايی كردنه‌وه‌ی ديموگرافی‌ ئه‌وله‌ويه‌تێكی مه‌زنی هه‌يه،‌ و هيمه‌تی لۆبی ئه‌و دواييه‌ی كورديش‌ بۆته‌ مايه‌ی گه‌شبينی. به‌لام مه‌سه‌له‌ی‌ ئاسايی كردنه‌وه‌ی ئيداری پارێزگاكان، كه‌ له‌ به‌ندی (ب)ی بڕگه‌ی ٥٨و ماده‌ی ١٤٠دا چه‌سپاوه‌، بووه‌ته‌ گرێكۆره‌‌يه‌ك و به‌ چاوه‌ڕێی كردنه‌وه‌يه‌. ئه‌وه‌ گرفتێكی ڕێگره‌ و له‌وانه‌يه‌ له‌ ئاينده‌يه‌كی نزيكدا كێشه‌ی مه‌زن بۆ كوردی كه‌ركوك و ناوچه‌ ته‌عريب كراوه‌كان بنێته‌وه‌.شايانی باسه‌ كه‌ هێشتا لايه‌نی كوردی ته‌ركيزی لۆبيكردنی نه‌خستۆته‌ سه‌ر ئه‌نجامدانی ئه‌و به‌نده‌، و به‌رپرسه‌ مه‌عنيه‌ كورده‌كان خۆيان لێ نه‌داوه‌.

به‌ندی (ب)ی بڕگه‌ی ٥٨ی قانونی كاتی ده‌ڵێ: ڕژێمی پێشوو بۆ ئامانجی سياسی ده‌ستی له‌ سنووره‌ ئيداریه‌كان وه‌رداوه‌ و گۆڕانكاری به‌سه‌‌ردا هێناون. بۆ خاتری چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گۆڕانكاريه‌ ناعاديلانه‌، پێويسته‌ مه‌جليسی سه‌رۆكايه‌تی كۆماری عيراقی (سه‌رۆك و دوو جێگره‌كه‌ی) پێشنيار (ته‌وسيات) پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مان بكات . له‌ حاله‌تێك ئه‌گه‌ر ئه‌ندامانی مه‌جليسی سه‌رۆكايه‌تی كۆمار نه‌يانتوانی به‌ كۆی ده‌نگيان له‌ سه‌ر پێشنياره‌كان ڕێك بكه‌ون، ئه‌وا ده‌بێ به‌ كۆی ده‌نگيان (موحه‌كيم)ێكی بێ لايه‌ن ده‌ستنيشان بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ بابه‌ته‌كه‌ بكۆڵێته‌وه‌ و پێشنيازه‌كانی پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مان بكات. ئه‌گه‌ر ئه‌ندامانی مه‌جليسی سه‌رۆكايه‌تی كۆمار نه‌يانتوانی له‌سه‌ر ده‌ستنيشانكردنی موحه‌كيمێك ڕێك بكه‌ون، ئه‌وا ده‌بێ هه‌ر خۆيان داوا له‌ (ئه‌مين عام)ی نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتوه‌كان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سايه‌تيه‌كی نێوده‌وڵه‌تی ڕێزلێگيراويان بۆ ده‌ستنيشان بكات تاوه‌كو به‌ كاری موحه‌كيم هه‌لبستێ.

ڕۆلی سه‌رۆك كۆمار و جێگره‌كانی له‌ كارئاسانی ماده‌ی ١٤٠

له‌ ڕاستيدا، ساغ كردنه‌وه‌ی به‌ندی (ب)‌ كارێكی زه‌حمه‌ت نيه‌ و له‌ جه‌مه‌ دانيشتنێكی نێوان سه‌رۆك كۆمار و دوو جێگره‌كه‌ی ئه‌نجام ده‌درێت. به‌ڵام هه‌تا ئێستا هيچ به‌ڵگه‌يه‌ك نيه‌ كه‌وا سه‌رۆك كۆمار ئه‌و دانيشتنه‌ی له‌گه‌ڵ جێگره‌كانی ئه‌نجام دابێ به‌ شێوه‌يه‌كی ڕه‌سمی. له‌ مه‌حزه‌ری هيچ كۆ بوونه‌وه‌يه‌كی سه‌رۆكايه‌تيدا ئه‌و بابه‌ته‌ به‌ده‌ر نه‌كه‌وتوه‌. هه‌تا ئێستا هيچ كام له‌ ئه‌ندامانی مه‌جليسی سه‌رۆكايه‌تی كۆمار له‌ هيچ ديمانه‌يه‌ك يان ته‌سريحێك، به‌ گشتی وه‌يان به‌ تايبه‌تی، خۆیان له‌ باس كردنی ئه‌و به‌نده‌‌ نه‌داوه‌.

بێ گومان ئه‌و مه‌سه‌له‌يه‌ چاره‌نوس سازه‌ و مه‌سئوليه‌تێكی مێژووييه،‌ و دوودڵی وه‌يان كه‌مته‌رخه‌می تێيدا ده‌بێته‌ مايه‌ی كاره‌سات بۆ كورد و غه‌يره‌ كورد. بۆيه‌ له‌ مه‌جليسی سه‌رۆكايه‌تی ڕ‌‌ه‌چاو ده‌كرێ كه‌وا ڕێخۆشكه‌ری بۆ پياده‌كردنی به‌ندی (ب) بكات، به‌ڵام هۆی پشتگوێ خستنه‌كه‌ی ئه‌و به‌نده‌‌ نه‌زانراوه‌.

ڕه‌نگه‌ سه‌رۆك كۆمار (مام جه‌لال تاله‌بانی) و دوو جێگره‌كه‌ی (تاريق ئه‌لهاشيمی و عاديل عه‌بدولمه‌هدی) له‌ نێو خۆياندا ڕێك نه‌بن، و دياره‌ كه‌ جێگره‌كان نيازی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی ١٤٠يان نيه‌‌ و هه‌تا بۆيان بكرێ باره‌كه‌ له‌ كورد ئاڵۆزتر ده‌كه‌ن. دوو جێگره‌كه‌ش‌ له‌سه‌ر كێشه‌ی خوارووی عيراق وادياره‌ ناكۆكن و ئاماده‌ی سازش نين، چونكه‌ تاريق ئه‌لهاشيمی به‌ هه‌ر شێوه‌يه‌ك بێ نايه‌وێ ناوچه‌ زه‌وتكراوه‌ لكێنراوه‌كانی ئه‌نبار بگه‌ڕێنرێنه‌وه‌ سه‌ر كه‌ربه‌لا، و عاديل عه‌بدولمه‌هدي يش سوڕه‌ له‌سه‌ر گه‌راندنه‌وه‌يان. عه‌بدولمه‌هدیش، بۆ مه‌به‌ستی به‌ هێزكردنی مه‌وقيفی خۆيشی، كێشه‌ی كه‌ربه‌لاو ئه‌نباری به‌ كه‌ركوك به‌ستۆته‌وه‌. واته‌، به‌وه‌ دوو چۆله‌كه‌ی به‌ به‌ردێك كوشتوه‌. ئيتر دياره‌ كه‌ مه‌جليسی سه‌رۆكايه‌تی بۆيان ناكرێ له‌ يه‌كه‌م پله‌ی په‌يژه‌ی به‌نده‌كه‌ سه‌ركه‌ون، چی جای ئيتيفاق له‌سه‌ر دانانی موحه‌كيمێكی ناوه‌كی عيراقی يان ده‌ره‌كی نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتوه‌كان. به‌وجۆره‌، پشتڕه‌قی ئه‌و سێ ئه‌ندامه‌ی سه‌رۆكايه‌تی كۆمار بوه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ندی (ب) ببێته‌ گرێكۆره‌ و به‌هۆيه‌وه‌ پياده‌ كردنی ماده‌ی ١٤٠ بگه‌يه‌ننه‌ ڕاده‌ی ته‌جميد.

گومانی تێدا نيه‌ كه‌وا ئيمڕۆ مام جه‌لالی سه‌رۆك كۆمار له‌ نێوان چه‌ندين ئاگردا توشی سه‌رئێشه‌ و دوودڵيی بووه‌. له‌ لايه‌كه‌وه‌ به‌ندی (ب) ‌ بنه‌ڕه‌تيه‌ و ئه‌گه‌ر ئيمڕۆش پشت گوێ بخرێ، ئه‌وا سبه‌ينێ هه‌ر‌ له‌به‌رده‌مدايه‌. خه‌ڵكی كوردستانيش چاوه‌ڕێی ده‌ستپێشكه‌ريه‌كی زيره‌كانه‌‌ له‌ خودی سه‌رۆك كۆمار ده‌كه‌ن بۆ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بردنی پڕۆسه‌كه‌ و لابردنی ته‌گه‌ره‌يه‌كی گرنگ له‌به‌رده‌می ماده‌ی ١٤٠. بێجگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌و كاره‌ به‌ پێی ده‌ستوور له‌ مه‌سئوليه‌تی ئه‌و دايه‌، هه‌ر به‌ويش ده‌كرێ كه‌وا پله‌ به‌ پله‌ پڕۆسه‌‌كه‌ بباته‌ پێشه‌وه‌ و گرێكۆره‌كه‌ شل بكاته‌وه‌، به‌ بێ ئه‌وه‌ی كه‌س له‌ كه‌س زوير ببێ. سه‌رۆك كۆمار قورسايی و مه‌ركه‌زێكی سياسی بێ هاوتای هه‌يه‌، كه‌ پێويست ده‌كات‌ به‌كاريان بهێنێ. پێويسته‌ به‌ بێ دوودڵيی و دواكه‌وتن به‌ندی (ب) بخاته‌ ناو ئه‌جيندا و مه‌حزه‌ری ڕه‌سمی كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌رۆكايه‌تی كۆمار و به‌ شه‌فافيه‌‌ته‌وه‌ مه‌وقيفی هه‌ريه‌كه‌يان تۆمار بكات. به‌وه‌ ئۆباڵی كه‌مته‌رخه‌می و مه‌سئوليه‌تی هه‌ڵپه‌ساردنی به‌ندی (ب)ی بخاته‌ ملی ئه‌و لايه‌نه‌ی كه‌وا فرسه‌ت به‌فيڕۆ ده‌دات.

فاكته‌ری كات و ئاينده‌ی كه‌ركوك

ئاشكرايه‌ كه‌وا‌ له‌گه‌ڵ تپه‌رڕبوونی مانگه‌كانی ساڵی ٢٠٠٧، ماوه‌ دياريكراوه‌كه‌ی جێبه‌جێ كردنی ماده‌ی ١٤٠ وا تێده‌په‌ری و كێشه‌ی كه‌ركوكيش هه‌ر بێ چاره‌ ده‌گواسترێته‌وه‌ بۆ ساڵانی ئاينده‌. ئايا له‌و حاڵه‌ته‌دا چی ده‌قه‌ومێ؟

ئه‌گه‌ری يه‌كه‌م، به‌ گوێره‌ی جۆره‌ ته‌فسيرێكی ده‌ستور، ئه‌وه‌يه‌ كه‌وا فاكته‌ری "كات" له‌ ناو ماده‌ی ١٤٠دا ده‌مرێ، به‌ڵام بڕگه‌‌كانی هه‌ر وه‌ك خۆیان ده‌مێنن، و به‌غدا مولزه‌می پياده‌ كردنيان هه‌ر ده‌بێ. واته‌، ئه‌ركی ته‌فعيل كردنی به‌ندی (ب) هه‌ر له‌ به‌رده‌می سه‌رۆكايه‌تی كۆماری عيراق دا ده‌مێنێ و به‌بێ هيممه‌تی سه‌رۆك ئه‌و پڕۆسه‌‌‌‌ قه‌ت ناچێته‌ پێشه‌وه‌. ئه‌وه‌ش خۆی له‌ خۆی دا هه‌ڵگری مه‌ترسيه‌‌‌. ئيمڕۆ سه‌رۆك كۆمار خۆی سه‌ركرده‌يه‌كی كورده‌ و فرسه‌تی ته‌فعيلی به‌نده‌‌كه‌‌ی له‌ به‌رده‌مدايه‌، به‌ڵام له‌ ئاينده‌دا، ڕه‌نگه‌ زه‌حمه‌ت بێ كوردێكی تر پۆستی سه‌رۆكايه‌تی كۆماری عيراقی پێ بدرێ. هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ تاريق ئه‌لهاشيمی خۆی بۆ ئه‌و پۆسته‌ ئاماده‌ كردوه‌ و كه‌مپه‌ين بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی پێشوه‌خت ده‌كات. ئه‌ويان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌وا سه‌رۆكايه‌تی كۆمار ده‌بێ مولكی عه‌ره‌بی سوننه‌ بێ. به‌ گوێره‌ی واقيع، هيچ سه‌رۆك كۆمارێكی عه‌ره‌ب نايه‌ت ماده‌ی ١٤٠ پياده‌ بكات، هه‌تا بۆی بكرێ قه‌زيه‌كه‌ هه‌تا هه‌تايه‌ هه‌ڵده‌په‌سێردرێ.

شايانی باسه‌ كه‌وا له‌ هه‌لبژاردنی داهاتوو به‌ولاوه‌ خودی مه‌جليسی سه‌رۆكايه‌تی كومار نامێنێ. له‌ جياتيان سه‌رۆك كۆمار ته‌نيا جێگرێكی ده‌بێت، و هيچ كام له‌و دوو پۆسته‌ش به‌ ته‌وافوق دانانرێن به‌ڵكو به‌ كۆی ده‌نگدان ده‌بێت. بێجگه‌ له‌وه‌ش، ئيمڕۆ فراكسيۆنی كوردی له‌ به‌غدا ده‌سه‌لاتی زاڵه‌ و سه‌رۆك كۆمار كورده‌ و هه‌رێم به‌ توانايه‌، بۆيه‌ ئێستا فرسه‌تی كردنه‌وه‌ی گرێكۆره‌ی به‌ندی (ب) ڕێگه‌ی زياتر ده‌چێتێ. له‌ ڕۆژگاری ئاينده‌دا ده‌سه‌ڵاتی كوردی ئه‌و تێن و توانايه‌ی نامێنێ و ساڵ له‌دوای ساڵ كاريگه‌ری سياسی كوردی له‌ به‌غدا دا ڕووی هه‌ر له‌ كزبوونه‌.

ئه‌گه‌ری دووهه‌م، به‌ گوێره‌ی جۆره‌ ته‌فسيرێكی تری ده‌ستوور، ئه‌وه‌يه‌ كه‌ له‌دوای تێپه‌ڕبونی ماوه‌ی جێبه‌جێ كردنی ماده‌ی ١٤٠، ڕه‌نگه‌ ته‌واوی ماده‌كه‌ له‌ كار بكه‌وێ و له‌ ڕووی قانونيه‌وه‌ سه‌رتاپای به‌نده‌كانی ماده‌كه‌ (له‌غو) ببێته‌وه‌. ئه‌و جۆره‌ ته‌فسيره‌ی ماده‌ ده‌ستووريه‌كه‌ ئه‌گه‌رێكی زيندوه، و له‌ به‌رژ‌ه‌وه‌ندی كورد دا نيه‌، و له‌وانه‌يه‌ كێشه‌‌ی ئاڵۆزتريشی لێ ده‌بێته‌وه‌.

ئه‌گه‌ر و ئيختياری سێهه‌م ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ده‌كرێ له‌و مانگه‌ی داهاتوودا ده‌ستووری هه‌ميشه‌يی ده‌ستی تێوه‌ر بدرێ و لايه‌نه‌ به‌رامبه‌ره‌كان له‌ سه‌ر داڕژتنێكی تازه‌ی ماده‌ی ١٤٠ ڕێك بكه‌ون. هه‌ڵبه‌ت ڕێكه‌وتنی هه‌مه‌لايه‌نه‌ی هه‌مه‌ڕه‌گه‌زی عيراق، له‌ بارودۆخی دژوار و له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی دراوسێ و قه‌يرانی ئه‌مه‌ريكی دا، زه‌حمه‌ته‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی كوردی بخولێته‌وه‌.

ڕێگاچاره‌ی كوردی‌

ئه‌ركی سه‌ركرده‌كانی كورده‌ كه‌ ئيمڕۆ سه‌ر به‌يه‌كه‌وه‌ بنێن و بير له‌ باشترين ڕێگا چاره‌ بكه‌نه‌وه‌. پێويسته‌ له‌سه‌ر په‌يڕه‌وی كردنی سياسه‌تێكی حه‌كيمانه،‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان هه‌ردوو حيزبی ده‌سه‌ڵاتداری كوردی ڕێك بكه‌ون. له‌ ئيختياره‌كانی به‌رده‌می سه‌ركرده‌كان ئه‌وانه‌ن:

يه‌كه‌م: ئه‌وله‌ويه‌تێكی مه‌زن بده‌نه‌‌ پڕۆسه‌ی ئاساييكردنه‌وه‌ی ديموگرافی، و كارێكی وا بكه‌ن كه‌وا كێشه‌كانی زه‌وی و مولك و ماڵ له‌ كه‌ركوك به‌ دادپه‌روه‌رانه‌ ئه‌جام بدرێ. ئه‌و كاره‌ گرنگيه‌كه‌ی له‌ قۆناخه‌كانی تر مه‌زنتره‌. ئه‌وه‌ی تری كه‌ ده‌مێنێنته‌وه‌، واته‌ ئاسايی كردنه‌وه‌ی ئيداری و چاره‌نووسی سياسی پارێزگاكه، با ببێته‌ شه‌ڕێكی به‌ جيا. هاوكات، فشار بخرێته‌ سه‌ر سه‌رۆكايه‌تی كۆمار بۆ ته‌فعيلی به‌ندی (ب) و تۆمار كردنی مه‌حزه‌ری كۆبوونه‌وه‌كانيان، وداڕێژتنی پێشنيازه‌كانيان. ده‌بێ خاڵی ڕێگری مه‌سئوليه‌ته‌كه‌ به‌ شه‌فافی به‌ده‌ركه‌وێ.

له‌ هه‌موو حاله‌تێكيشدا، پێويسته‌ سه‌ركرده‌كانی كوردی هه‌ڵمه‌ت ببه‌نه‌ سه‌ر مه‌ركه‌زه‌كانی بڕياردانی عيراقی، و به‌ فشاری سياسی و شه‌ڕه‌ لۆبی، هه‌ڵوێستی سه‌ركرده‌كانی سوننه‌ و شيعه‌ بگۆڕن و هه‌ريه‌كه‌يان له‌ كۆڕنه‌يه‌كه‌وه‌ مه‌جبوری سازش بكه‌ن.

ئه‌گه‌ر له‌كاتی ده‌ستپێكردنی به‌ندی (ب)، و له‌ حاله‌تێك كه‌ مه‌جليسی سه‌رۆكايه‌تی نه‌يانتوانی له‌ سه‌ر موحه‌كيمێك ڕێك بكه‌ون، ئه‌وا ده‌كرێ داوا له‌ ئه‌مين عامی نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتوه‌كان بكه‌ن و قۆناخی پياده‌كرنی ماده‌كه‌ بگه‌يه‌ننه‌ ئاستێكی به‌رزتر. شه‌رت نيه‌ كه‌ موحه‌كيمی نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتوه‌كان له‌ دژی لۆژيك و فشاری سياسی كوردی دا بوه‌ستێ و ئاگری شه‌ڕه‌كه‌ خۆشتر بكات. خۆ له‌وانه‌يه‌ شه‌ڕی دوژمنێكی ده‌ره‌كی ئاسانتر بێ وه‌ك له‌ هی عيراقيی.

دووه‌م: ده‌كرێ له‌ ماوه‌ی ئه‌و چوار هه‌فته‌يه‌ی داهاتوودا، فراكسيۆنی كوردی و سياسه‌تمه‌دارانی هه‌رێم و پسپۆڕانی ده‌ستوور به‌يه‌كه‌و‌ه دانيشن و بڕگه‌‌كانی ماده‌ی ١٤٠ به‌ گوێره‌ی ويست و به‌رژه‌وه‌ندی كوردی دابڕێژنه‌وه‌. ئه‌وجا پێشنيازه‌كانی ده‌ستێوره‌ردانی ده‌ستوور، له‌ بڕی كێشه‌ی لاوه‌كی تر، به‌ سه‌ركرده‌كانی عه‌ره‌بی شيعه‌ و سوننه‌ بفرۆشن.

ده‌كرێ بڕگه‌ی "موحه‌كيم" له‌ ماده‌ی ١٤٠ لا ببرێ و پڕۆسه‌ی ئاسايی كردنه‌وه‌ی ئيداری پارێزگای كه‌ركوك له‌ باقی عيراق جيا بكرێته‌وه‌ و ميكانيزمی جێبه‌جێ كردنی به‌نده‌كان ئاسانتر بكرێت. هه‌ڵبه‌ت، فرسه‌ت بۆ ئه‌و كاره‌ش وا به‌خێرايی به‌سه‌ر ده‌چێت، چونكه‌ ته‌نيا مانگی ئۆگه‌ست (ئاب)ی ئيمساڵ له‌ به‌رده‌م دايه‌. دوای ئه‌وه‌ كاتی ده‌استێوه‌ردانی ده‌ستوور به‌سه‌ر ده‌چێ و گرێكۆره‌كان هه‌تا چه‌ندين ده‌وره‌ی تری په‌رله‌مانی دوا ده‌كه‌ون.

له‌ حاله‌تی ده‌ستێوه‌ردانی ماده‌كه،‌ به‌ ڕه‌زامه‌ندی هه‌موو لايه‌ك و به‌ گوێره‌ی ويستی كوردی، ئه‌وكاته‌ ده‌كرێ سه‌ركرده‌كانی كوردی به‌ دواخستنی پياده‌كردنی بڕگه‌ ئاڵۆزه‌كانی ماده‌‌ی ١٤٠ ڕازی ببن، به‌و مه‌رجه‌ی كه‌ پڕۆسه‌ی ئاسايی كردنه‌وه‌ی ديموگرافی به‌رده‌وام بێ و له‌ ئاينده‌يه‌كی نزيكدا ئه‌نجام بدرێ.

دوا په‌يام

له‌وكاتی كه‌ مام جه‌لال قه‌زيه‌ی كه‌ركوكی له‌ مه‌جليسی حوكم ته‌رح كرد، وه‌ك پارێزه‌رێكی (موحاميه‌كی) خاوه‌ن قه‌زيه‌ و وه‌ك سه‌ركرده‌يه‌كی خاوه‌ن بزوتنه‌وه‌، به‌رگری له‌ مافی ميلله‌ته‌كه‌ی كرد. ئه‌و ڕه‌فتار و هه‌ڵوێسته‌ مێژوويه‌ی بووه‌ مايه‌ی گه‌شبينی بۆ خه‌ڵكی كوردستان، چونكه‌ ڕه‌نگی له‌ گفتوگۆكانی دواتری ناو مه‌جليسه‌كه‌ دايه‌وه‌. ئێستاش مام جه‌لال فرسه‌تی له‌به‌رده‌مدايه‌ كه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌‌ هه‌مان هه‌ڵوێست هه‌ڵسێ و قه‌زيه‌كه‌ ته‌رح بكات و به‌ بێ دواكه‌وتن ئيعلانی جێبه‌جێ كردنی به‌ندی (ب) بكات. ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ريه‌تی، سه‌باره‌ت به‌ ته‌‌فعيلی به‌نده‌كه‌ بيكات، و تۆپه‌كه‌ بخاته‌ گۆڕه‌پانی ياريكه‌ره‌ به‌رامبه‌ره‌كانه‌وه‌. ئه‌و مه‌سئوليه‌ته‌ مێژوويه‌ چاوه‌ڕێی توانا و شاره‌زايی و لێهاتووی و قورسايی سياسی مام جه‌لاله‌، كه‌ ڕێخۆشكه‌ر بێ بۆ ئه‌نجامدانی ماده‌ی ١٤٠، و بۆ ياری بردنه‌وه‌ له‌ گه‌مه‌ی چاره‌نوس سازدا. ئه‌گه‌ر نا، ئه‌وا ئه‌و جاره‌يان‌ به‌ هه‌له‌ی كورد گۆڵ له‌ كورد ده‌كرێ



Dr. Radut | page