Skip to Content

يه‌كێتی و چاكسازی و ئينشيقاق: به‌شی دووه‌م 16/05/2006

يه‌کێتی نيشتمانی كوردستان: مه‌ترسی ئينشيقاق و پرۆژه‌ی چاكسازی

به‌شی دووه‌م

ئاسۆ - ژماره‌ی 224 -
16/5/2006 - لاپه‌ڕه‌ 8

پرۆفيسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌ددين


ئه‌ندام:

ئه‌ندام کۆره‌گه‌ و به‌ردی بناغه‌ی رێکخراوه‌که‌يه‌. پێناسه‌ی ئه‌ندام و دياريكردنی ئه‌رك و مه‌سئوولياتی، كارێكی ئاسانه‌. گرنگ ئه‌وه‌يه‌ كه هه‌موو ئه‌ندامێك ناونووس بكرێ له‌ داتابه‌يسه‌كی مه‌ركه‌زی. ئه‌ندام ئه‌وكه‌سه‌يه‌ كه‌ ئابوونه‌ی ساڵانه‌ی ده‌دات. ئابوونه سه‌رچاوه‌يه‌كی‌ دارایی گرنگ و بنه‌ڕه‌تی حيزبه‌كه‌يه‌، جا ئه‌گه‌ر زۆر بی يان كه‌م. ئه‌ندام له‌كاتی پێویست و به‌گویره‌ی توانا، يارمه‌تی خۆی پێشكه‌ش به رێكخراوه‌كه‌ ده‌كات. ئه‌ندامی ئاسايی رێكخراوه‌كه‌ بريتيه له‌ ده‌نگده‌رێك و پاڵپشتێك، مه‌رجيش نيه‌ كه‌ باری گران بكرێ به‌ ئه‌رك و مه‌سئوولياتی حيزبی . هه‌رچی مه‌سئوليات و كاری فولتايمی حيزبيه‌ ، ئه‌وه‌ پيشه‌ی كاديره هه‌ڵبژاردراوه‌كانه‌، له‌گه‌ڵ ستافی مووچه‌خۆر(كه‌ مه‌رج نيه‌ حيزبی بن). ئه‌ندامێی رێكخراو له‌ رێگه‌ی " لق" به‌ حيزبه‌وه ده‌به‌سترێته‌و‌ه، كه‌ ئه‌وه‌يش به‌ لانی كه‌مه‌وه‌ بريتيه له‌ ده ئه‌ندام و ده‌گاته‌ ده‌يان كه‌س. هه‌ر سێ چوار لقه‌ی "مه‌ڵبه‌ندێکی" ئينتيخابی پێک دێنن كه‌ سنوره‌كه‌ی بريتيه‌ له‌ هه‌مان سنووری هه‌ڵبژاردنی تاكه‌ په‌رله‌مانتارێك‌. هه‌ر سێ چوار مه‌ڵبه‌ندێكی نزيك له‌ يه‌كتر ده‌توانن "هه‌رێمێك" پێك بێنن بۆ ره‌سم كردنی سياسه‌تی هاوبه‌ش، به‌لام ئه‌وه‌ێان زه‌روور نيه‌. هه‌رێميش سه‌ركردايه‌تی به‌دوادا دێت.

پێويسته‌ يه‌كێتی رۆلی ئه‌ندام و و پێشمه‌رگه‌ لێك جيا كاته‌وه‌. ئيمرۆ سه‌رده‌می حيزبايه‌تی نهێنی (پڕمه‌ترسی) ناو شارو پێشمه‌رگايه‌تی شاخ به‌سه‌رچوه‌. جاران گشت ئه‌ندامانی رێكخراوی يه‌كێتی ئه‌رك و مه‌سئوولياتی مێژوويیان له‌سه‌رشان بوو و ‌هه‌موويان به‌ پێشمه‌رگه‌ له‌قه‌له‌م ده‌دران. به‌لام ئيمرۆ رۆژی خه‌باتی ديموكراسی شارستانيه، ‌ سه‌رده‌می عيراقی پاش سه‌ددامه. پێشمه‌رگه‌ی ئيمرۆ سه‌ربازێكی موحته‌ريف و فولتايمه‌ و به‌شێكه‌ له‌ جيهازی حكوومه‌ت و ده‌بێ له‌ هه‌يكه‌لی حيزبه‌كه‌ جيابكرێته‌وه. پێويسته‌ سه‌ركرده‌كانيش بيركردنه‌وه‌و هه‌ڵسوكه‌وتيان حيزبیانه‌‌ بێ نه‌ك پێشمه‌رگانه.

لق

بڕبڕه‌ی پشتی رێكخراوی حيزبه‌كه‌ بريتيه‌ له لقه‌کانی. لقێک ره‌نگه بچووک بێ يان گه‌وره، به‌گوێره‌ی ناوچه‌‌ جوگرافيه‌که و قه‌واره‌ی کۆمه‌ڵگاکه‌ی. هه‌ر لقێک سالانه‌، سێ چوار کۆبوونه‌وه‌ی ئاسايي و کۆنفرانسی سالانه‌ی خۆی‌ ده‌کات بۆ خاتری هه‌ڵبژاردنی كۆميیته‌ی لق و دياريكردنی رێره‌و و هه‌ڵوێست و سياسه‌تی لقه‌كه‌، به‌گوێره‌ی خسوسياتی ناوچه‌ جوگرافيه‌كه. كۆميته‌ی لق‌ وه‌ك رێكخراوێكی سه‌ربه‌خۆ كارده‌كات و سه‌ركردايه‌تی حيزبه‌كه ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر كۆميته‌ی لقه‌كه‌ دياريكراوه‌. شايانی باسه‌ كه‌ سه‌ركرده‌ی دواڕۆژی حيزبه‌كه‌ له لقه‌كانه‌وه هه‌ڵده‌قولێن‌ و ميكانيزمێك هه‌يه‌ بۆ به‌ره‌وپێشه‌وه‌ بردني خه‌ڵكی لێهاتوو.

ئه‌رك و مه‌سئولياتی هه‌ره‌ گرنگی كۆمييته‌ی لق بريتيه‌ له كه‌مپه‌ين كردن له‌ ناوچه‌ جوگرافيه‌كه‌ بۆ هاندانی خه‌ڵك بۆ ده‌نگدان به پاڵيوراو‌ه‌كانی حيزبه‌كه له هه‌ڵبژاردنه گشتیه‌كان. بۆ نمووهی په‌رله‌مان وبه‌له‌ديه‌ و مايه‌ر(موحافيز) و قائيمه‌قام وپۆسته ستراتيژيه‌كانی تر. كه‌مپه‌ينيش پرۆسه‌يه‌كی به‌رده‌وامه، نه‌ك ته‌نيا له رۆژانی هه‌ڵبژاردندايه. كۆميته‌ی لقه‌كان چاو و گوێی حيزبه‌كه‌ن كه ئاگاداری هه‌ست و گيروگرفتی خه‌ڵكن. هه‌ركاتێكيش ئه‌گه‌ر سه‌ركردايه‌تی حيزبه‌كه‌ له‌ميلله‌ت دابڕا‌ و له‌ خه‌ڵك بێمنه‌ت بوو، ئه‌وا ئه‌ندام و كۆميته‌ی لقه‌كان يه‌كه‌م كه‌سن هه‌ست به‌و دابرانه‌كه‌ پێ ده‌كه‌ن و يه‌كه‌م كه‌سيشن كه‌ پێوه‌ی ده‌نالێنن. هه‌ربۆيه‌ش باشترين ئامۆژگاريكه‌ری سه‌ركردايه‌تی حيزبه‌كه ئه‌ندامانی لقه‌كان‌ن.

له كۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی لقه‌كاندا، نوێنه‌رانی لق هه‌ڵده‌بژيردرێن بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری له‌ كۆنفرانسی ساڵانه‌ی مه‌ڵبه‌ند و هه‌رێم و كۆنفرانسی گشتی حيزب بكه‌ن. شايانی باسه‌ كه‌ هه‌لسوكه‌وت و ئيداره و بوودجه‌ی كۆمييته‌ی لق ده‌كه‌وێته‌ ژێر چاودێری و لێپرسينه‌وه‌ی كاونسلی "مه‌ڵبه‌ندی ئينتيخابی". هه‌ركاتێكيش كۆميته‌ی لق پێخواری بكات و له‌ خه‌‌تی حيزبی وه‌يان قانوونی لابدات، ئه‌وا كاونسلی مه‌ڵبه‌ندو سه‌ركردايه‌تی حيزبه‌كه‌ ده‌سه‌لاتی ئه‌وه‌يان هه‌يه‌ لقه‌كه‌ سزا بده‌ن، كاری بوه‌ستێنن وه‌يان به‌ته‌واوی دايبخه‌ن.

مه‌ڵبه‌ند

مه‌ڵبه‌ندی ئينتيخابی رۆلێكی مه‌ركه‌زی ده‌بينی له‌ ئيداره‌ و رێكخستن و پته‌وكردنی هه‌يكه‌لی حيزب. مه‌ڵبه‌ند كاونسلی خۆی هه‌يه‌ و پێك دێت له‌ نوێنه‌ره هه‌ڵبژاردراوه‌كانی لقه‌كان. ده‌شكرێ ئه‌ندامه‌كانی كاونسلی مه‌لبه‌ند به‌راسته‌وخۆيی هه‌ڵبژێردرێن له‌لايه‌ن ئه‌ندامانی ناوچه‌كه‌‌‌وه. مه‌ڵبه‌ند، ديسانه‌وه‌، وه‌ك رێكخراوێكی سه‌ربه‌خۆيه‌ و مه‌سئووله‌ به‌رامبه‌رلقه‌كان و ئه‌ندامه‌ ده‌نگده‌ره‌كان. ئه‌وانه‌ش ته‌ئسيریان له‌سه‌رهه‌ڵسوكه‌وت و رێره‌وی مه‌ڵبه‌نده‌كه زۆر زياتره‌ وه‌ك له‌ ته‌ئسيری سه‌ركردايه‌تی حيزبه‌كه‌. مه‌ڵبه‌ند چه‌ندين كۆبوونه‌وه‌ی ئاسايی و كۆبوونه‌وه‌يه‌كی ساڵانه ده‌كات، له‌سه‌ر هه‌مانشێوه‌ی لقه‌كان. گشت ئه‌ندامانی لقه‌كانی سه‌ر به‌ مه‌ڵبه‌ند بۆيان هه‌يه‌ به‌شداري بكه‌ن له‌ كۆنفرانسی ساڵانه‌ی مه‌ڵبه‌ند. ئه‌ركی سه‌ره‌كی مه‌ڵبه‌ند ئه‌وه‌يه‌ كه‌ به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی گشتی، كانديد (پاڵێوراو) ی حيزبه‌كه دياري بكات بو پۆسته‌ گرنگه‌كانی ناوچه‌كه، به‌ڵام به‌ ته‌نسيق له‌گه‌ل پێشره‌وی حيزبه‌كه‌ و كۆميته‌ی سه‌ركردايه‌تی گشتی‌. هه‌روه‌ها ئه‌ركی كاونسلی مه‌ڵبه‌نده‌كه‌شه‌ كه‌ ته‌نسيقی كه‌مپه‌ينی نێو لقه‌كان بكات بۆديعايه و پشتكيریكردنی كانديد‌ه‌كان. دوای هه‌ڵبژاردنيش، كاونسلی مه‌ڵبه‌ند ده‌كه‌ويته‌ پشتگيری و چاودێريكردنی هه‌ڵگری پۆسته‌كان. مه‌ڵبه‌ند چه‌ندين رۆلی گرنگی تريشی هه‌يه‌، بۆيه‌ش پێكهاتی كاونسلی مه‌ڵبه‌ند زۆر گرنگه.

له‌ كۆنفرانسی ساڵانه‌ی مه‌ڵبه‌نددا، سه‌رۆك و جێگری و سكرتێر و خه‌زنه‌دارو لێبرسراوی كاروباری ئافره‌ت و ڕاگه‌ياندن وچوارپێنج ئه‌ندامی تر هه‌ڵده‌بژێردرێن. له‌وانه‌ی دووايی، لێپرسراوی مافه مرۆڤيه‌كان (وه‌ك مافی يه‌كسانی) و كاروباری لاوان و هی تر دياريده‌كرێن. ئه‌ندام كاونسلی مه‌ڵبه‌نده‌كان (و ستافه‌ مووچه‌خۆره‌كانی) وه‌ك موئه‌سسه‌سه‌يه‌ك كار ده‌كه‌ن، به‌ ته‌نسيقی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ سه‌ركردايه‌تیش و له‌گه‌ڵ لقه‌كانيش. ئه‌گه‌رچی‌ سياسه‌ت و خه‌تی گشتيه‌كه‌ی مه‌ڵبه‌ند له‌لايه‌ن سه‌ركردايه‌تيه‌وه‌ ره‌سم ده‌كرێ، به‌ڵام كاونسلی مه‌ڵبه‌ند توانای گۆرانكاری و ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌و سياسه‌ته‌ گشتيه‌ی‌ هه‌يه،‌ به‌ گوێره‌ی پێداويست و خسوسياتی كۆمه‌ڵگای ناوچه‌‌كه‌.

شايانی باسه كه كاونسلی مه‌ڵبه‌ند، حوكمو ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر په‌رله‌مانتاری (سه‌ربه‌ حيزبه‌كه‌ی) ناوچه‌كه‌يان زۆر زياتره وه‌ك له‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌ركردايه‌تی. ته‌نانه‌ت، كاونسلی مه‌ڵبه‌ند فه‌رمان ده‌دا كه ئايا په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی ‌ چۆن چۆنی ده‌نگ بدات له ناو په‌رله‌مان. هه‌ڵبه‌ت، په‌رله‌مانتاران، جار جار ياخی ده‌بن و به‌بێچه‌وانه‌ی ئامۆژگاريه‌كانی مه‌ڵبه‌نده‌كانيان ده‌نگ ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ش مافی خۆيانه‌ وله‌و حاڵه‌ته‌دا به‌رژه‌وه‌ندی ووڵاتيان، ويستی ده‌نگده‌ران وه‌يان زه‌ميريان، زاڵ ده‌كه‌ن به‌سه‌ربه‌رژه‌وه‌ندی حيزبه‌كه‌يان. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و حاله‌تانه‌ ده‌گمه‌نن. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌ندامپه‌رله‌مان له خه‌ت ده‌ربچێ، ئه‌وا له مه‌ڵبه‌نده‌که‌يه‌وه‌ سزای حيزبی ده‌درێ و ره‌نگه‌ له‌ خولی هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا پشتگيری نه‌کرێ و کانديد نه‌کرێ، هه‌تا ئه‌گه‌ر پێشره‌و و كۆميته‌ی سه‌ركردايه‌تێشی له‌ پشت بێ.

له‌ عيراقی ئيمرۆدا، به‌ كوردستانه‌وه، ده‌ستووری هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و به‌له‌ديه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ليسته (قائيمه) ی حيزبيه، بۆيه‌ش په‌رله‌مانتار خۆی به‌ به‌رپرس نازانێ به‌رامبه‌ر ئه‌ندامانی ئاسايی حيزبه‌كه‌ يان مه‌ڵبه‌نده‌كه‌ وه‌ يان هه‌تا خه‌ڵكی ده‌نگده‌ری ناوچه‌كه‌. واته په‌رله‌مانتار مه‌جبوور نيه‌ دڵی خه‌ڵك ڕازی بكات، به‌ڵكو ته‌نيا پێويستی به‌ ڕازيكردنی سه‌ركردايه‌تی (يان خودی پێشره‌وی) حيزبه‌كه‌يه‌تی. به‌و شێوه‌يه‌ چه‌ندين كه‌سی نامه‌رغوب، به‌بێ منه‌تی، فه‌رزكراون به‌سه‌ر ده‌نگده‌رانيش و ئه‌ندامانی حيزبيش. ئه‌وه‌ش له‌ به‌های ديموكراسيه‌تی ده‌ستووری ووڵاته‌كه‌مانی كه‌مكردۆته‌وه ، بۆيه‌ش پێويسته‌ سه‌ركرده‌ی حيزبه‌كان دووربينتر بن بۆ دامه‌زراندنی سيسته‌مێكی دیموكراسی عاديلانه بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو. زۆر گرنگه‌ كه يه‌كێتی وحيزبه‌ كورديه‌كانی تر، به‌ لانی كه‌مه‌وه‌، هه‌يكه‌لی ته‌نزيمي خۆيان بگۆرن و شێوازی مۆدێرن به‌كار بهێنن، وه‌يان له‌كاتی نووسينه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌و فاكته‌رانه‌ ڕه‌چاو بكه‌ن. به‌وه، بنچينه‌ی ديموكراسيه‌ت باشتربۆ دواڕۆژ داده‌مه‌زرێنن وه‌ك له‌وه‌ی كه‌ له‌ ده‌ستووری عیراقدا هاتووه. ره‌نگه‌ سيسته‌می ليسته‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كاتی حيزبه‌كاندا بووبێ، بۆيه‌ش له‌ به‌غداش و له‌ كوردستانيش دايانمه‌زراندوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ سيسته‌مێكی ديموكراسی ناته‌واوه‌ و پڕه‌ له‌ گيروگرفتی درێژخايه‌ن.

گرووپه‌كانی سه‌ربه‌ حيزب يان هاوخه‌باتی حيزب

هه‌ر كۆمه‌ڵه‌يه‌ك، رێكخراوێك يان سانديكايه‌كی تايبه‌تمه‌ند (بو نموونه هی پيشه‌‌ييه‌كان و قوتابيان ولاوان و ئافره‌تان و په‌رله‌مانتاره‌كان و ئه‌ندامبه‌له‌ديه‌كان) كه بڕوای به‌ ئامانج و هه‌لوێست و رێره‌وی حيزبه‌كه‌ هه‌يه‌ و ده‌ستووره‌كه‌ی له‌ئامێز ده‌گری و ئاماده‌يه‌ شانبه‌شانی حيزبه‌كه‌ خه‌باتی ديموكراسی بكات، ئه‌وا كۆمه‌ڵه‌كه‌ ده‌توانی داوای ئه‌ندامێتی له حيزب بكات به‌ سيفه‌تی "گروپ"، وه‌يان ببێته "كه‌رتێكی" دانه‌بڕاو له‌ حيزبه‌كه‌. گرووپ مانای ئه‌وه‌يه‌ كه‌ رێكخراوه‌كه به‌كۆمه‌ڵ‌ (نه‌وه‌ك تاكه‌ كه‌سه‌كانی ناوی) سيفه‌تی ئه‌ندام وه‌رده‌گرێ‌. هه‌ڵبه‌ت، گرووپه‌كان رێكخراوی سه‌ربه‌خۆن و بۆ مه‌به‌ستی تايبه‌ت درووستبوون وده‌ستوور و هه‌ڵوێست و ستراتيژيه‌تی تايبه‌تی خۆيان هه‌يه. به‌ڵام خۆشيان به‌به‌شێكی دانه‌بڕاوی حيزبه‌كه‌و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی ده‌زانن و مافيان (وه‌ك گروپيك) وه‌ك مافی تاكه ئه‌ندامه‌كانی حيزبه‌كه‌يه‌. ئه‌و گرووپانه‌ ئابوونه‌ی سالانه‌ ده‌ده‌نه‌ حيزبه‌كه‌، كه‌ ئه‌وه‌يش سه‌رچاوه‌يه‌كی گرنگی داهاته بۆ حيزبه‌كه.

شايانی باسه‌ كه‌ په‌رله‌مانتاره‌كانی سه‌ربه‌ حيزبه‌كه،‌ گرووپێكی تايبه‌ت پێك ده‌هێنن و به‌رده‌وام له‌ ژير سه‌قفی په‌رله‌مان يه‌كتری ده‌بينن. ئه‌و گرووپه گرنگترين ئۆرگانی حيزبه و به‌ سه‌ربه‌خۆيی كارد ده‌كات و ئاليه‌تی خۆته‌نزيمكردنی تايبه‌ته‌ به‌ خۆی. ئه‌گه‌رچی بوونی ئه‌نداميكی حيزب به‌په‌رله‌مانتار رۆلێكی قيادی ده‌خاته‌ پال ئه‌وكه‌سه‌، به‌لام ئيمتيازی تری حيزبی ناداتێ. وه‌ك هه‌موو گرووپێكی تر، گرووپی په‌رله‌مانتاران نوێنه‌ريان هه‌يه‌ له‌ كۆميته‌ی سه‌ركردايه‌تی. په‌له‌مانتاری نه‌ته‌وه‌يی و هی هه‌رێميش گرووپيان جياواز ده‌بێ.

كۆنفرانس

كۆنفرانسی گشتی، گه‌وره‌ترين ده‌سه‌ڵاتی حيزبه، ده‌بێ به‌لانی كه‌مه‌وه‌ دوو سال جارێك ببه‌سترێ، ئه‌گه‌رچی به‌رۆتين و به‌ كه‌ڵتوور له‌ زۆربه‌ی ووڵاتانی هێمن، سالی جارێك ده‌به‌سترێ. هه‌ر ده‌ ئه‌ندامه‌ی حيزب له‌ رێگه‌ی لقه‌كاندا، نوێنه‌رێك (ئه‌ندامكۆنفرانسێك) هه‌ڵده‌بژيرن و رايده‌سپێرن كه‌ به‌ به‌گویره‌ی بيركردنه‌وه‌ و تايبه‌تمه‌ندی و به‌رژه‌وه‌ندی لقه‌كه‌يان له‌ كۆنفرانسدا ده‌نگ بكات و ده‌نگ بدات. هه‌رچی گرووپه‌كانن، بۆيان هه‌يه‌ كه‌ نوينه‌ران بنێرن، و ‌ژماره‌ی نوێنه‌ره‌كانيشيان به‌گوێره‌ی قه‌باره‌ی گرووپه‌كان‌ دياريده‌كرێ. بو نموونه، دوو نوێنه‌ر بۆ ‌هه‌ر گرووپێكی پێنج سه‌د ئه‌نداميی. شايانی باسه‌ كه‌ ته‌نيا ئه‌ندامكۆنفرانسه‌ هه‌ڵبژاردراوه‌كانی لقه‌كان و گرووپه‌كان له‌ناو كۆنفرانسی گشتی مافی ده‌نگدانيان هه‌يه. په‌رله‌مانتارانی حيزب بۆيان هه‌يه‌ له‌ كۆنفرانس ئاماده‌ ببن و ووتاريش بخویننه‌وه‌، به‌لام مافی ده‌نگدانيان نيه، مه‌گه‌ر ئه‌وانيش وه‌ك ئه‌ندامكۆنفرانس هه‌لبژێردرابن له‌لايه‌ن لقه‌كانيانه‌وه.

پێشره‌وی حيزب و جێگره‌كه‌ی

پێشره‌وی حيزب ( ده‌كرێ هه‌رناوێكی تری لێ بنيی، گرنگ له‌ پێناسه‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانيتی) زمانحال و نوێنه‌رو بريارده‌ری حيزبه‌كه‌يه‌ له‌ شانۆی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی ووڵات و پێشره‌وی په‌رله‌مانتاره‌كانه‌ له‌ناو په‌رله‌مان. ئه‌گه‌ر حيزبه‌كه‌ ده‌سه‌لاتی كه‌وته‌ ده‌وست، ئه‌وا پێشره‌و ده‌بێته‌ هه‌ڵگری پۆستی سياديه‌ (بۆ نموونه‌ سه‌ره‌كوه‌زيران). بۆيه‌ش پۆستی پێشره‌وی حيزب گرنگترين پۆستی رێكخراوه‌كه‌يه. ده‌كرێ پێشره‌و له‌لايه‌ن ئه‌ندامكۆنفرانسه‌كانه‌وه‌ هه‌‌بژێدرێت وه‌يان له‌لايه‌ن ئه‌ندامه‌كانی سه‌ركردايه‌تی، له‌دوای هه‌ڵبژاردنيان له‌لايه‌ن كۆنفرانسه‌وه‌. به‌ڵام له‌ سيسته‌می ديموكراسی مۆدێرندا، پێشره‌و به‌ ميكانيزمێكی تايبه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ی كۆنفرانسدا هه‌ڵده‌بژێردرێ. هه‌ر تاكه‌ ئه‌ندامێكی حيزب، به‌راسته‌وخۆيی هه‌قی ده‌نگدانی هه‌يه‌. كۆی ده‌نگی ئه‌ندامه‌ ئاساييه‌كانی حيزب به‌ سێيه‌كی (وه‌يان نيوه‌ی) سه‌رجه‌می ده‌نگه‌ بڕيارده‌ره‌كان ده‌ژمێردرێن‌. كۆی ده‌نگی گرووپی په‌رله‌مانتاره‌كانيش سێيه‌كێكی (يان نيوه‌كه‌ی) تره‌. ده‌شكرێ كه‌ سێيه‌كێش (يان زۆر كه‌متر) به‌شی گرووپه‌ هاوخه‌باته‌كانی حيزبه‌كه‌ بێ. جێگری حيزبيش له‌هه‌مان كاتدا و به‌هه‌مان ميكانيزم هه‌ڵده‌بژێردرێ. ده‌شكرێ كه‌سێك بۆ هه‌ردوو پۆست خۆی بپالێوی، به‌و ئومێده‌ی ئه‌گه‌ر بووه پێشره‌و، ئه‌وا پۆسته‌كه‌ی تر بۆ پالێوراوی دووه‌م ده‌بێ.

هه‌ربۆيه‌ش پێشره‌و و جێگره‌كه‌ی ده‌سه‌لاتيان زۆر فراوانه، وله‌هه‌مانكاتيشدا‌ ليپرسراون‌ به‌رامبه‌رته‌واوی ئه‌ندامانی حيزب و په‌رله‌مانتاران وگرووپه‌كان و كۆنفرانسی گشتی و كۆميته‌ی سه‌ركردايه‌تی. پێويسته‌ ماوه‌ی هه‌ڵگرتنی پۆستی پێشره‌و و جێگری پێشره‌وی حيزب دياريكراوبێ، بۆ نموونه چوار، پێنج يان ئه‌وپه‌ره‌كه‌ی شه‌ش ساڵ. ده‌شكرێ كه‌ مافی ئه‌وه‌ی نه‌بێ كه‌ له‌ دوو خول زياتر پێشره‌وی بكات. هه‌موو سالێكيش،ئه‌ندامكۆنفرانسه‌ ده‌نگده‌ره‌كان بۆيان هه‌يه‌ داوای ده‌نگدان بكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئايا بروانامه‌ی پێشره‌وايه‌تی له‌ پێشره‌و بستێندرێته‌وه، وه‌يان هه‌ڵبژاردنی پۆسته‌كه‌ دووپات بكرێته‌وه‌. بۆئه‌ومه‌به‌سته‌ش، پێويسته دوو له‌سه‌ر سێی ده‌نگده‌ره‌كانی كۆنفرانس پشتگيری ئه‌و داوايه‌ بكه‌ن تاوه‌كو بۆيان بچيته‌سه‌ر. سالانه، ده‌بێ پێشره‌و راپۆرتێك پێشكه‌شی كۆنفرانس بكات و تێيدا ده‌ستكه‌وت و هه‌ڵه‌كانی رابووردوو هه‌ڵسه‌نگێنی و بارو دۆخی سياسه‌تی جيهانی شێ بكاته‌وه و ستراتيژيه‌تی گشتی حيزبه‌كه‌ و به‌رنامه‌و پلانی سياسی دوو تا سێ ساڵه‌ بخاته به‌رده‌م . ئه‌و راپۆرته‌ش بۆ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێ و ته‌به‌ننا بكرێ. كۆنفرانسيش بۆی هه‌يه‌ قه‌بول يان ره‌فزی ته‌واوی ڕاپۆر‌ته‌كه‌ بكات.

سه‌ركردايه‌تی

له‌كۆنفرانسی گشتی ساڵانه‌دا‌ ئه‌ندامانی كۆميته‌ی سه‌ركردايه‌تی هه‌لده‌بژيردرێن. ژماره‌ی ئه‌ندامانی سه‌ركردايه‌تی ده‌بێ دياري بكرێ به‌گوێره‌ی پێداويستی، بۆ نموونه له‌ نێوان پازده بۆ بيست، وه‌يان بيست و پێنج دانه‌. ئه‌وانه‌ش ‌ڵه‌نێوان خۆياندا، چه‌ند پۆستێكی قيادی گرنگ پرده‌كه‌نه‌وه‌. ده‌كرێ كه‌ گرووپه‌كان (سانديكا و رێكخراوه‌ هاوخه‌باته‌كان و نوێنه‌ری ئه‌ندام مه‌لبه‌نده‌كان و په‌رله‌مانتارانی هه‌رێم و ده‌وله‌ت) رێگه‌يان بدرێ كه‌ به‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌ربه‌خۆی خۆيان، هه‌ريه‌كه‌ی يه‌كدوو ئه‌ندام (به‌گوێره‌ی قه‌باره‌يان) كانديد بكات بۆ سه‌ركردايه‌تی. ئه‌وانه هه‌موويان مافی ده‌نگدانيان هه‌يه به يه‌كسانی. ده‌شكرێ كۆميته‌ی سه‌ركردايه‌تی داوا له دوو يان سێ كه‌س بكات كه‌ به‌بێ هه‌ڵبژاردن بێنه‌ ناو كۆميته‌وه. به‌وانه‌ ده‌لێن ئه‌ندامی دامه‌زرێندراو (كۆئۆپت). ئه‌وانه‌ش له‌به‌ر هۆی تايبه‌ت، وه‌ك پسپۆری يان ئه‌زموون، ده‌عوه‌ت ده‌كرێن. ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ بۆ كوردستان به‌كه‌لك بێ و مه‌جالی سه‌ركردايه‌تی ده‌دات كه‌ به‌ شه‌رعيانه‌ (نه‌ك به ته‌زكيه‌يه‌كی ناده‌ستووری‌) خه‌ڵكی لێهاتوو بهێننه‌ ناو كۆميته‌ی سه‌ركردايه‌تيه‌وه‌ و به‌بێ ئه‌وه‌ی گله‌ييشيان بێته‌ سه‌ر.

پۆسته‌ قياديه‌كانی سه‌ركردايه‌تی ‌

بێجگه‌ له‌ پێشره‌و، حيزب پێويستی به‌ چه‌ند سه‌ركرده‌يه‌كی تريش هه‌يه‌ كه‌ رۆلی قيادی زه‌ق ببينن. له‌وانه‌ سه‌رۆكی حيزب و سكرتێری گشتی و جێگره‌كه‌ی و سه‌رپه‌رشتياری كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌ركردايه‌تی و جێگره‌كه‌ی و خه‌زنه‌دار و هی تريش (به ‌گوێره‌ی ده‌ستوور). ئه‌وانه‌ له‌ناو كۆنفرانسدا هه‌ڵده‌بژيردرێن، واته به‌‌ ميكانيزمێكی جياواز له‌ هی پێشره‌و. ماوه‌ی هه‌ڵگرتنی پۆسته‌كانيش ده‌كرێ دياری بكرێن به‌ دوو سال و سێ سال، به‌جۆرێك كه رێگه‌ی به‌رده‌وامێتی و ئه‌زموونگوستنه‌وه‌ بدات. هه‌ريه‌ك له‌و پۆسته‌ قياديانه‌ رۆل و ئه‌رك و مه‌سئولياتی دياريكراوی هه‌يه‌و كه‌سيان (هه‌تا پێشره‌ويش) مافی ده‌ستێوه‌ردانی رۆلی ئه‌وی تری نيه.

له‌ناو يه‌كێتی نيشتمانيدا، سكرتێری گشتی رۆلی هه‌رهه‌موو ئه‌و پۆستانه‌ی بينيوه‌ و ده‌سه‌لاته‌كه‌ش‌ی بێ سنووره‌. ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك له‌و پۆستانه‌ له‌ناو يه‌كێتیدا ده‌ستنيشان كراون و له‌سه‌ركاغه‌ز رۆليان دياريكراوه‌ به‌لام له‌راستیدا ده‌مێك پرۆتۆكۆليه‌ و ده‌مێك فيعليه‌، به‌گوێره‌ی ويستی سكرتێری گشتی‌. زيان و كه‌م و كوری ئه‌وجۆره‌ ته‌رتيبه‌ش ئاشكرايه‌ و لێدوانی ناوێ.

سه‌رۆكی حيزب:

رۆلی سه‌رۆكی حيزب پرۆتۆكۆليه‌و بريتيه‌ له نوێنه‌رايه‌تی حيزب له‌ موناسه‌باتی تايبه‌ت له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی وولات.

سكرتێری گشتی و جێگره‌كه‌ی

رۆلی سكرتێری گشتی زۆر گرنگه‌ و بريتيه له‌ هه‌ڵسووراندنی كاروباری حيزبه‌كه‌، واته كارگێر و بريارده‌ری ئيداری حيزبه‌كه‌يه‌. سه‌رۆكی ئۆفيس وستافی سه‌ركردايه‌تيه‌ و مه‌سئووليه‌تی رێكخستن و پێشخستن و گه‌شه‌پێدانی حيزبه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆدايه‌. ئه‌ركی ئه‌ويشه‌ كه بريار و پێشنياره‌كانی كۆنفرانس جێبه‌جێ بكات سه‌باره‌ت به‌ خودی حيزبه‌كه‌.

سه‌رپه‌رشتياری(چێرمانی) كۆميته‌ی سه‌ركردايه‌تی و جێگره‌كه‌ی

ئه‌و‌ه‌شيان رۆلی زۆر گرنگه‌ كه‌ بريتیه‌ له‌ به‌رێوه‌بردنی (سه‌رۆكايه‌تی، سه‌رپه‌رشتی-چێرمانی) كۆبوونه‌وه‌كانی كۆنفرانسی سالانه‌و و كۆبوونه‌وه‌كانی كۆميته‌ی سه‌ركردايه‌تی. سه‌رپه‌رشتيار، ده‌سه‌لاتی تايبه‌تی هه‌يه‌ بۆ پاراستنی رێره‌وی كۆنفرانس. له‌ده‌ره‌وه‌ی كۆنفرانسيش، يارمه‌تی پێشره‌و ده‌دات له‌ دياريكردنی پالێوراوانی حيزبه‌كه‌ بۆ هه‌ڵبژارنه‌كان.

خه‌زنه‌داری حيزب

رۆلی خه‌زنه‌دار رۆلێكی سه‌ركرده‌ييه و به‌سه‌ر ته‌واوی ئيداره‌ی پاره‌و سامان و حيساباتی لق و مه‌ڵبه‌ند و كۆمييته‌كاندا ده‌نۆری و برياری ستراتيژی ده‌دات بۆ چۆنێتی رێكخستن و گه‌شه‌ پێدانی داهات و مه‌سره‌ف. شايانی باسه‌ كه‌ داهاتی سه‌ره‌كی حيزب بريتيه‌ له‌ ئابوونه‌ی ئه‌ندامان و گرووپه‌كان وته‌به‌روعات وداهاتی مولك و ئيستيسمارات. له‌كوردستان كيسه‌ی حيزب و حكومه‌ت تێكه‌ڵه و يه‌كه‌ميان دووه‌ميان ده‌دۆشێ. به‌لام له‌ وولاتانی ديموكراتی، حيزب پاره له‌ حكومه‌ت وه‌رناگری، نه‌به‌كه‌م و نه‌به‌زۆر.

ڕاگه‌ياندن

مه‌كته‌بی ڕاگه‌ياندی حيزب له‌ به‌شه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانه وئه‌نداماێكی سه‌ركردايه‌تی سه‌رپه‌رشتی كاره‌كانی ده‌كات. مه‌كته‌ب پلانی ستراتيژی ديعايه‌كردنی حيزبی داده‌نێ و به‌گوێره‌ی سياسه‌تی حيزب ته‌نفيزيان ده‌كات. ئامانجی سه‌ره‌كی هيممه‌ته‌كانيشی بريتيه له‌ دۆزينه‌وه‌ی باشترين ريگه‌ بۆ گه‌ياندنی په‌يامی حيزبه‌كه‌ به‌ خه‌لكی ده‌نگده‌ر، بۆ مه‌به‌ستی زيادكردنی ژماره‌ی پشگيریكه‌ران و ئه‌ندامان. مه‌كته‌بی راگه‌ياندن بوودجه‌يه‌كی دياريكراوی هه‌يه‌ و ته‌رخانكراوه‌ بو دابينكرنی ئامانج و داواكاريه‌كانی كۆنفرانس (نه‌ك ته‌مجيدی پێشره‌و). كارمه‌ندانی مه‌كته‌ب بابه‌ت و ناوه‌رۆكی په‌ێامه‌كان ده‌ستنيشان ده‌كه‌ن و ده‌يده‌ن به‌ خه‌ڵكی پسپۆر بۆ داڕشتن و ده‌رهێنان. ئه‌وجا، به‌ گوێره‌ی بودجه‌، له‌ ته‌له‌فزيون و راديۆ و رۆژنامه‌ و گۆڤاره سه‌ربه‌خۆكاندا بلاويان ده‌كه‌نه‌‌وه‌. سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ش، حيزب هه‌واڵنامه‌و مه‌نشوراتی خۆی بلاو ده‌كاته‌وه‌، له‌ رێگه‌ی ينته‌رنێت و رۆژنامه و ليفلێتی ديعائی. بێجگه‌ له‌ سه‌ركردايه‌تيش، هه‌ر مه‌ڵبه‌ندێك، ليپرسراوی راگه‌ياندنی خۆی هه‌يه‌ بۆ ديعايه‌ی حيزبی له‌ ناوچه‌ ئينتيخابيه‌كه‌ی خۆی، به‌ گوێره‌ی ئه‌جه‌نده‌ و خسوسياتی ناوچه‌كه‌. ‌

له‌ وولاتانی ديموكراسیدا، حيزبه سياسيه‌كان خاوه‌نی كه‌نالی ته‌له‌فزيۆنی وه‌يان رۆژنامه‌ی تيجاری نينه‌. مه‌سره‌فی ئه‌وجۆره‌ مينبه‌رانه له‌ تاقه‌تی بوودجه‌ی حيزبێكدا نين. داهاتی حيزب دياريكراوه‌و له‌بن نه‌هاتوو نيه‌. بێجگه‌ له‌ وه‌ش، هه‌ر كه‌نالیكی ته‌له‌فزيۆنی وه‌يان هه‌ر رۆژنامه‌يه‌ك بۆنی ‌هه‌ر حيزبێكی سياسيان لێبيێت، ئه‌وا ره‌واجی بازرگانيان نابێت، چوونكه خه‌ڵكی متمانه‌يان پێناكات و به‌سه‌رچاوه‌يه‌كی زانياريی بێلايه‌نانه‌يان دانانێت. حيزبيش له‌و حاله‌ته‌ بۆی ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ ئه‌و جۆره‌ مه‌سره‌فه‌ به‌فيرۆ ده‌روات و ده‌سكه‌وتی ديعائی به‌دی ناهێنی و ده‌نگی حيزب ناگه‌يه‌نێته‌‌ ده‌نگده‌ر. له‌بيريشت نه‌چێ كه‌ پێشره‌و و سه‌ركردايه‌تی حيزب، مه‌سئوولن به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌ندامه پاره‌ده‌ره‌كانی حيزب، كه خاوه‌نه راسته‌قينه‌كه‌‌ی حيزبه‌كه‌ن.

رۆلی ئه‌ندامانی تری سه‌ركردايه‌تی

ئه‌ندامانی تری سه‌ركردايه‌تی (كه‌ به‌لايه‌نی كه‌مه‌وه‌ ده‌بی چوار پێنجه‌كيان ئافره‌ت بن) كاری گرنگيان پێ ده‌سپێردرێ. بۆ نموونه، سه‌رپه‌رشتی لوجنه و سه‌بكۆميته‌ی تايبه‌تمه‌ند و ڕاپه‌راندنی كارو دابينكردنی به‌نده‌كانی ده‌ستوور و برياره‌كانی كۆنفرانس هتد.

كاره‌ ستراتيژيه‌كانی كۆميته‌ی سه‌ركردايه‌تی

كۆميته‌ی سه‌ركردايه‌تی، له‌گه‌ل گرووپی په‌رله‌مانتارانی حيزب، بريار له‌سه‌ر به‌ياننامه‌ (مانيفه‌ستۆ) ی هه‌ڵبژاردن ده‌ده‌ن و بلاوی ده‌كه‌نه‌وه. مانيفه‌ستۆ ده‌بی له‌سه‌ر بنه‌مای سياسه‌ت و هه‌ڵوێستی حيزبه‌كه‌ دابرێژرێت. كۆميته‌ی سه‌ركردايه‌تی بريار له‌سه‌ر ميكانيزمی ده‌ستنيشانكردنی كانديده‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كان (هی په‌رله‌مان و به‌له‌ديه‌ و قايمه‌قام و مايه‌ر و هتد) ده‌دات و له‌سه‌ر حيزبه‌كه‌ی بلاو ده‌كاته‌وه‌. كۆميته‌ی سه‌ركردايه‌تی‌ مافی هه‌يه‌ كه‌ ده‌ست له‌ ناو و ليستی كانديده‌كان وه‌ربدات و بريار له‌سه‌رقه‌بوول و ره‌فزكردنی هه‌ركه‌سێه بدات.

سه‌ركردايه‌تی حيزب و حكومه‌ت

كۆميته‌ی سه‌ركردايه‌تی هيچ ماف و ده‌سه‌ڵاتێكی راسته‌وخۆی به‌سه‌ر حكومه‌تدا نيه. ته‌نيا رێگه‌ی له‌به‌رده‌ميدایه ئه‌وه‌يه‌ كه‌ به‌هۆی په‌رله‌مانتاره‌كانی سه‌ربه‌ حيزبه‌كه‌ی، له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ فشار بخاته‌ سه‌ر وه‌زيره‌كان، وه‌يان كه‌مپه‌ين ب‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ياسای وولات بكۆرێ. خۆ ئه‌گه‌ر حيزبه‌كه‌ خاوه‌ن ده‌سه‌لات بوو، ئه‌وا سه‌ركردايه‌تی حيزب ته‌نيا مافی پێشنياروديالۆكی ده‌بێ و له‌رێگه‌ی پێشره‌وی حيزب (له‌زۆربه‌ی حاله‌ت سه‌رۆكوه‌زيرانيشه) و گروپی په‌رله‌مانتاره‌كان داواكانی ده‌گه‌يه‌نێته كابينه‌ی حكومه‌ت. كۆميته‌ی سه‌ركردايه‌تی‌ مافی لێپرسينه‌وه‌ی حيزبی هه‌يه‌ به‌سه‌ر وه‌زيره‌كانی سه‌ربه‌ حيزبه‌كه‌ی‌، به‌لام ئه‌وه‌ش له‌روانگه‌ی گله‌يی و ره‌خنه‌و موحاسه‌به‌ی حيزبيه‌وه‌يه. وه‌زيره‌كانيش مولزه‌م نينه كه‌ گوێ رايه‌لی كۆميته‌ی سه‌ركردايه‌تی بن، چونكه‌ ته‌نيا مه‌سئوولن‌ به‌رامبه‌ر سه‌رۆكوه‌زيران و ئه‌ويش به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان.

دوا ووشه‌

دوا ووشه‌م ئه‌وه‌يه‌، كه‌ ئه‌وه‌ پرۆژه‌يه‌كی تێروته‌سه‌ل نيه‌، به‌ڵكوهاندانه‌، پێشنياره‌، بيرۆكه‌يه‌ (قابيلی ده‌ستێوه‌ردانه‌) بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند كردنی بابه‌تی پرۆژه‌كان. مه‌به‌ستيشم ئه‌وه‌يه‌ كه‌ نه‌ك ته‌نيا يه‌كێتی نيشتمانی كوردستان، به‌ڵكو حيزبه‌كانی تری كوردستانيش، به‌ خۆيان دابچنه‌وه. بير له‌ ناوه‌رۆك و هه‌لوێست و دوارۆژيان بكه‌نه‌وه‌، بۆ خۆ گونجاندن له‌گه‌ل ديموكراسيه‌تی په‌رله‌مانی مۆدێرن و دامه‌زراندنی به‌ردی بناغه‌ی سيسته‌می وولاتێك، قه‌ڵايه‌ك. قه‌ڵايه‌كی ئه‌زه‌لی كه‌ ببێته‌ مايه‌ی ئۆخخه‌ی ‌نه‌وه‌كانی داهاتوو. رۆژگار سه‌لماندويه‌تی كه‌ قه‌ڵای ديكتاتۆران ته‌نيا له‌ لم و زيخ دروستكراوه، به‌لام قه‌ڵای ديموكراسيه‌ت به‌ردی بناغه‌ی داكوتراوه‌.



Dr. Radut | page