Skip to Content

يه‌كێتی و چاكسازی و ئينشيقاق: به‌شی يه‌كه‌م 14/05/2006

يه‌کێتی نيشتمانی كوردستان: مه‌ترسی ئينشيقاق و پرۆژه‌ی چاكسازی

به‌شی يه‌كه‌م

ئاسۆ - ژماره‌ی 223 -
14/5/2006 - لاپه‌ڕه‌ 8

پرۆفيسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌ددين

يه‌كێتی نيشتمانی كوردستان ئيمرۆ به‌ناله‌بارترين وه‌زعی سياسی و نه‌فسی تێده‌په‌ري. حالپه‌رێشانیی و سه‌ر لێشێواوی رێزه‌كانی (له‌ سه‌ركرده‌كانه‌وه‌ بگره ‌هه‌تا بنكه‌كان) به‌ئاشكرا پێوه‌ ‌دياره. بارودۆخه‌كه‌ش ره‌نگی دايته‌وه ‌له ‌مقۆ مقۆ و فسكه‌فسكی ناو بازاڕ و ديوه‌خانه‌كانی ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌لاتيدا . ئاساييه‌ كه‌ خه‌ڵكی به‌راوردیی ده‌كات له‌نێوان دام و ده‌زگا ی ديوی پارتی و يه‌كێتی، و به گومانه‌وه‌ بير له‌دوا رۆژی يه‌كێتی و هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌وه. هه‌تاكو زياتر له‌با ری ئالۆز و داهێزراوی ريزه‌کانی يه‌كێتی وگه‌نده‌لیی‌ ئيداره‌که‌ی ده‌كۆلنه‌وه‌، خه‌لكی ووره‌یان زياتر نزم ده‌بيته‌وه‌و ئومێدیان به‌دوا رۆژی رێکخراوه‌که نامينێت. دياره‌ كه‌وا كادير و سه‌ركرده‌كانی يه‌كێتی ئاگادارن و هه‌ريه‌كه‌يان له‌لای خۆيه‌وه‌ په‌نا ده‌باته ‌به‌ر نيمچه ‌هه‌ولێك ، ئومێدێك يان كورته‌ ووتارێك بۆ چاره‌سه‌ری وه‌زعه‌كه. به‌لام ئاشكراشه‌ كه ‌هيچ كام له‌و ته‌قه‌ڵلايانه ‌چاره‌سه‌ری بنه‌ره‌تی نين بۆ كێشه‌ی حيزبێكی پان و بۆر، ده‌زگايه‌ك كه‌ دوارۆژی ميلله‌تێكی پێوه ‌به‌ند بووه‌، به‌لام ره‌گ و ريشه‌ی گه‌نده‌ليه‌كه‌شی قووڵچه‌قيو و سه‌رتاسه‌ره. شايانی باسيشه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ لێيان‌ چاوه‌روانده‌كرێ كه‌وا پێشره‌وی گۆرانكارييه‌كانی رێكخراوه‌كه‌ بكه‌ن، وه‌يان ئه‌ركه‌كه‌يان پێيده‌سپێردرێ‌، خۆيان به‌شێكی گرنگی موشكيله‌كه‌نه‌ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندياندا نيه‌ ئه‌و راستيانه‌‌ بدرکێنن. هه‌رچی كاديری ناوه‌راستيشه، به‌دوو ئاگر سوتاوه‌، يه‌كێكيان ئاگری به‌رژه‌وه‌ندیه تايبه‌ته‌كانيانه‌ ‌و ئه‌وی تريشيان هی بێ ده‌سه‌لاتيانه ‌به‌رامبه‌ر تۆپی تۆپه ‌قورسه‌كان.

به‌و دوواييه ‌چه‌ندين پرۆژه‌ی جيا جيا پێشنيار كراون بۆ چاكسازیی ، هه‌لبه‌ت بۆچوونی هه‌مه‌جۆر كه‌وتۆنه‌ته‌ سه‌رمێز. وورده‌ی پرۆژه‌كان زۆر ئاشكرا نين ، به‌لام دياره‌ كه ‌كاديران به‌ جه‌رگسۆزی‌ هه‌ولده‌ده‌ن و ئومێده‌وارن كه‌ بتوانن پرۆسه‌كه‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ببه‌ن. دڵنياشم له‌ وه‌ی كه‌ بۆيان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌وا مه‌ودای گۆرانكاريه‌كان سنوريان ته‌سك و دياريكراوه‌، له‌به‌ر ئالۆزی به‌رژه‌وه‌نديه‌كان (به‌تايبه‌تی هی قوتبه‌كان)، بۆيه‌ش‌ پرۆژه‌كان له‌ بازنه‌يه‌كی به‌تالدا ده‌خولێنه‌وه‌. زۆربه‌يان بريتين له‌ پێشنياری "عموميات" و ته‌ركيزيان خستۆته‌ سه‌ر ده‌ستێوه‌ردانی په‌یوه‌نديه‌كانی مه‌كته‌بی سياسی به‌ مه‌لبه‌نده‌كان، بێ ئه‌وه‌ی كه‌ چاو به‌ قاعيده‌ی رێكخراوه‌كه‌دا بخشێننه‌وه‌. واته‌ چاره‌سه‌ری "فه‌وقی" نه‌ك بنچينه‌يی- له‌ به‌ردی بناغه‌وه‌. نه‌خۆشیه‌کانی يه‌كێتی زۆر قوولترن‌ له‌وه‌ی كه‌به‌ چه‌ند قديلكانێك و ده‌ستێوه‌ردانێكی رووكه‌شیی "سه‌رتووه‌كه‌ی" چاره‌ی بنه‌ره‌تيان بكرێ. كه‌م و كوريه‌كی تری پرۆژه‌كان ئه‌وه‌يه‌ كه زۆربه‌يان رۆلی حيزب و حكومه‌ت به‌ ‌تێكهه‌ڵكێشراو ده‌بينن ، وه‌ك بلێی دوو جيهازی هه‌تاسه‌ر لێكبه‌ستراون، و حكومه‌تيش هه‌رده‌م مولكی ئه‌و حيزبه‌ ده‌مێنی و وه‌زعی ئيداری كوردستانيش هه‌روه‌ك ئێستا ده‌مينێ. ديسانه‌وه‌، ئه‌و روانگه‌ و بۆچوونانه‌ش په‌يوه‌ندیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندی سه‌ركرده و لێپرسراوی مه‌ڵبه‌نده‌كانه‌وه‌‌ هه‌يه‌.

له‌ رۆژی دامه‌زرانيه‌وه‌، بۆ ماوه‌يه‌كی درێژيش، يه‌كێتی خۆی ته‌رح ده‌كرد به‌ به‌ديلێکی مۆدێرنی خه‌باتگێری له‌ سه‌ر بنه‌مای سيسته‌می موئه‌سسه‌ساتی. به‌ديلێك كه‌ ببێته‌ جێگای ئومێدی خه‌لك بۆ دامه‌زراندنی بنه‌مای ديموكراسيه‌ت له‌ كوردستان. بوونی موئه‌سسه‌سه‌ی دووه‌م له‌ كوردستان، بۆ يه‌كه‌مجار، توانای هه‌ڵبژاردن (مافی ئيختيار)ی هێنايه‌ کايه‌وه‌، به‌جۆرێك كه‌ هاوولاتی مه‌جبوور نه‌بێ كه‌ ته‌نيا به‌ دووی تاكه‌ حيزبی پێشره‌و بكه‌وێ، به‌هه‌موو كه‌م و كوڕيه‌كانيه‌وه‌. زياتريش له‌وه، يه‌كێتی به‌نياز بوو كه‌ پارتی له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی بزووتنه‌وه‌كه‌ نه‌هێلی ومۆنۆپۆلی پێشره‌ويه‌كه‌‌ وه‌ده‌ستبێنی. له‌سه‌ره‌تادا (له‌ کۆتايی هه‌فتاکان و هه‌شتاکاندا)، يه‌كێتی توانی رێكخراوی دووه‌م دروست بكات و زۆر به‌زوويی ببێته‌ هێزيكی كاريگه‌رتر له‌پارتی، له‌لايه‌نی خه‌باتی چه‌كداره‌وه‌، و ده‌ورێكی باڵاتر ببينێ له‌پێشخستنی بزوتنه‌وه‌ی ديموكراسی كوردي. به‌لام له‌مه‌ودای درێژدا، يه‌كێتی نه‌بووه‌ موئه‌سسه‌سه‌ و بگره‌ هه‌رله‌ زووه‌وه‌ كه‌وته په‌يره‌ويکردنی هه‌مان ئاکاری کۆن و ياريکردن به‌گوێره‌ی هه‌مان ياسای کلاسيکی. بۆيه‌ش سه‌ير نيه‌ كه‌نه‌يتوانی ياريه‌که له‌ داهێنه‌ره‌ ئه‌سليه‌که‌ ‌بباته‌وه‌.

يه‌كێتی له‌سه‌ره‌تادا بريتی بوو له‌ كۆی چه‌ند رێكخراوێك که رێکه‌وتبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ پرينسيپ و ميكانيزمی ديموكراسيانه‌ په‌يره‌‌ویی بکه‌ن. به‌لام رێكخراوه‌كانی ناو يه‌كێتيه‌كه‌ ته‌ركيبه ‌و هه‌يكه‌لی ته‌نزيميان، وه‌ك هه‌موو حيزبێكی رۆژهه‌لاتی ناوه‌راست (به‌ ئيسلامی و عيلمانيه‌كانه‌وه‌) له‌سه‌ر بنه‌مايه‌كی كۆمۆنيستی شۆرشكێرانه ‌بوو. واته‌، هه‌يكه‌لێكی هه‌ره‌می پته‌و و تێكچه‌قيو كه ‌ده‌سه‌لات كۆببوه‌وه‌ له‌ ده‌ستی ده‌سته‌يه‌ك وله‌كۆتاييشدا له‌ ده‌ستی تاکه‌ پێشره‌وێك. له‌دوای خه‌باتێکی چڕو سه‌ختی حه‌فتاکان و هه‌شتاکان، يه‌کێتی به‌زۆر مه‌رحه‌له‌ تێپه‌ری و ململانێی ناوه‌خۆيی رێکخراوه هاوخه‌باته‌‌کانی ناوه‌وه‌ی (کۆمه‌ڵه‌ و خه‌تی گشتی و بزووتنه‌وه) هه‌ر به‌رده‌وام بوو، هه‌تا نه‌وه‌ده‌کان. ئه‌وجا يه‌كێتی وورده‌ وورده‌ مه‌فهوومی "يه‌كێتی" وون كرد و به‌شه‌كانی ناوی تێكه‌ل بوون و له ‌ئه‌نجامدا بووه‌ حيزبێكی كلاسيكی - به‌لام به‌ هه‌يکه‌ليه‌تێکی هاکه‌زايی. بێجگه له سکرتێری گشتی ، چه‌ندين چه‌قی قورساييش (قوتبه‌کان) هاتنه‌ كايه‌وه‌. ڕه‌نگه‌ له‌ سه‌ره‌تادا ئه‌و چه‌قه‌ قورساييانه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مايه‌كی نيمچه‌ فيكری و ته‌نزيمی په‌يدا بووبن، واته‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی پێكهاته‌كانی كۆنی يه‌كێتی و كاردانه‌وه‌ی فيكری فه‌لسه‌فی جيهانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌بوون. بۆ نموونه‌، فيكری نه‌ته‌وه‌يی وماويست و عيراقيست و سۆشيالديموكرات و كۆمۆنيستی سۆفيه‌تی و ناسيوناليزمی تۆندره‌وی كوردی و ليبرالی وسه‌رمايه‌داری و فيودالی عه‌شايه‌ری و هتد. به‌لام هه‌ربه‌ زوويی ئه‌ستێره‌كانی ئه‌و باله‌ فيكری و فه‌لسه‌فی و ته‌نزيميانه‌ بوونه‌ سه‌رچاوه‌ی ئيستيقتابی ناوچه‌يی و دامه‌زرانی ناوچه‌گه‌رێتي.

ديارده‌ی ته‌كه‌تتولات ئاساييه‌ و له‌ هه‌موو ريكخراوێك هه‌يه‌ و ده‌بێت. به‌ڵام، شێوه‌ی ته‌كه‌تتولاتی ناو يه‌كێتی ديارده‌يه‌كی‌ كوشنده‌و له‌ناوبه‌ره‌، نه‌ك ته‌نيا بۆيه‌كێتی، به‌ڵكو بۆبزووتنه‌وه‌ی کوردستانی باشوور. ديارده‌كه ‌فاكته‌رێكی گرنك بووه‌ له‌ هاندان و جۆشدانی گه‌نده‌ليی و فه‌شه‌لی حوكمڕاني. شايانی باسه‌ كه‌له‌سه‌رده‌می خه‌باتی چه‌كدارو‌ له‌ سه‌رده‌می براكوژی ١۹۹٤-١۹۹٨، ديارده‌ی ناوچه‌گه‌رێتی و ته‌كه‌توولاتی ناو يه‌كێتی ئه‌وه‌نده‌ به‌ زه‌قی به‌ده‌ر نه‌ده‌كه‌وتن و خه‌لكی سه‌ر جادده‌ هه‌ستی پێيان نه‌ده‌كرد. ئه‌وه‌ش ئاساييه‌ چونكه‌ دوژمنی ده‌ره‌كی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش دروست ده‌كات له‌نێوان ريزه‌كان، به‌ بێ ئه‌وه‌ی ديارده‌كه‌ كز ببێ وه‌يان سه‌ركرده‌كان حيكمه‌تيان به‌ هێزتر بووبێ. به‌لام له‌شێنه‌يی وخه‌باتی شاری و سه‌رده‌می حوكمرانيدا، سيراعه‌كان جۆش ده‌ستينن. به‌ تايبه‌تی له‌وه‌ته‌ی‌ يه‌كێتی و پارتی هه‌ريه‌كه‌يان بويته‌ ساحێب ئيداره‌يه‌كی سه‌ربه‌خۆ ، له‌وه‌ته‌ی به‌رژه‌وه‌ندی پاره‌ و سامان بۆته‌ چه‌قی خه‌باتی سياسي، ناوچه‌گه‌رێتی و ئاگری ته‌كه‌توولات په‌ره‌يان سه‌ندووه‌و بوونه‌‌ته‌ هۆي سه‌ره‌كی بۆ فه‌شه‌لی حوكمراني. قوتبه‌كانی ئه‌و ته‌كه‌تولاته‌ هه‌موويان خاوه‌ن ته‌ئسيرن له‌سه‌ر ئيداره‌ی سلێمانی، هه‌ريه‌كه‌يان له‌لای خۆيه‌وه‌ كاری سه‌ره‌كوه‌زيران (ئێستا جيگری سه‌ره‌كوه‌زيران)ی قورسكردوه‌‌ و وه‌زعه‌كه‌ی ئالۆزتر كردوه‌و بگره گه‌نده‌ليشی زێده‌ کردوه‌. زۆربه‌ی وه‌زيره‌كانيش خه‌ريكی ڕازيكردنی ئه‌م وئه‌و بوونه و ته‌ركيزيان له‌ سه‌ر پاراستنی پارسه‌نگه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندی تايبه‌تی خۆيانبوه‌. يه‌كگرتنه‌وه‌ی دوو ئيداره‌‌كه‌ له‌مه‌ودای يه‌كدوو سالی داهاتوودا هيچ له‌و بابه‌تانه‌ ناگۆرێ چونكه‌ جارێ يه‌كگرتنه‌وه‌كه‌ پرۆتۆكۆليه‌ و ته‌نيا له‌ ئاستی وه‌زيرانه‌و كيسه‌ی هه‌ردوولايان هه‌ربه‌ جودايه‌.

جا له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو وه‌زعه‌ ئالۆزه‌ و ململانێيه‌ دژواره‌دا، قوتبه‌كان په‌يوه‌ندی راسته‌وخۆيان به‌يه‌كتری و ته‌نسيقی نێوانيان هه‌رده‌م روو له‌ كزيه، ‌و بگره‌ جارهه‌يه‌ به‌مانگ و به‌سال هاتۆچۆی يه‌كتری ناكه‌ن. ماوه‌يه‌کی درێژيش بوو كه‌ مه‌كته‌بی سياسی كۆبوونه‌وه‌يه‌كی "كاملی" نه‌كردبوو، ته‌نانه‌ت بۆمه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردنی تازه‌وه‌زيره‌كانيش، چی‌جای کۆبوونه‌وه‌ی کاملی ئه‌ندامانی سه‌رکردايه‌تی بۆ كار و باری رێكخراوه‌كه. ئيتربه‌و شێوه‌يه‌ و له ئه‌نجامدا ، ئێستا ململانێی قوتبه‌كانی مه‌كته‌ب سياسی و لێكدابرانی ريزه‌كانی كاديره‌ پێشكه‌وتوه‌كان گه‌يشتۆته‌ راده‌يه‌كی وا كه ‌مه‌ترسی ئينشيقاقی عه‌مودی له‌رێكخراوه‌كه‌ ده‌کرێ. ئه‌گه‌ر وه‌زعه‌كه‌ هه‌روا به‌رده‌وام بێ ، به‌بێ چاره‌سه‌رێكی بنه‌ره‌تی، ئه‌وا مه‌سه‌له‌ وه‌قته‌ وهه‌لوه‌شانه‌وه‌ی يه‌كێتی مسۆگه‌ره‌.

بێ گومان رۆلی سکرتێری گشتی، خاوه‌نی ده‌سه‌لاتی بێ پايان، زۆر گرنگه‌ له‌و بابه‌ته. له ماوه‌ی ‌دوو سێ سالی رابووردوودا، که يه‌کێتی پێويستی به نوێکردنه‌وه هه‌بووه، سکرتێری گشتی‌ سه‌رقالی به‌غدا و دابين كردنی تموحه‌ ميژوويه‌كانی ميلله‌ته‌كه‌مان بووه‌، كاتی ئه‌وه‌ی نه‌بووه‌ كه‌ مالی يه‌کێتی رێكبخات و له‌هه‌لوه‌شانه‌وه ڕزگاری بكات. زۆر له‌ كاديرانی يه‌كێتی ره‌خنه‌يان له‌‌وه‌يه‌ كه‌ به‌وجۆره ته‌رکيزه‌، چاره‌نووسی رێكخراوه‌كه ره‌نگه‌ ببێته قوربانی ئه‌وله‌ويات وته‌قه‌ڵڵا عيراقيه‌كان. زياتريش له‌وه‌، بۆ خاتری مسۆگه‌ر كردنی ده‌ستكه‌وته‌كانی به‌غدا، سكرتێر ته‌نازولاتی زۆری بۆ پارتی كردوه‌. به‌و جۆره‌ سكرتێرلايه‌کی گۆره‌پانی كوردستانی به‌تال كردوه و سه‌ركردايه‌تی يه‌كێتی بێ رێره‌و كردوه و ئيداره‌ی سلێمانی لاواز کردوه. ئيداره‌كه‌ش له‌و به‌ينه‌ که‌وتۆته‌ به‌ر‌ ره‌شه‌بای ته‌كه‌تتولات و بگره‌وبه‌رده‌ی تۆپه‌ قورسه‌كه‌نی مه‌كته‌بی سياسي. به‌وانه‌ش ، پرۆژه خزمه‌تگوزاريه‌کانی حکومه‌ت بێئه‌نجامن وخه‌لكی كوردستانی ژێر ده‌سه‌لاتی يه‌كێتی وه‌ك مه‌ڕی بێ شوانيان لێهاتوه‌. ئه‌گه‌ر به‌راووردی له‌ نێوان ئيدار‌ه‌ی پارتی و يه‌کێتی بکه‌ی ، ده‌بينی که له‌زۆربه‌ی حاله‌تدا جێگای به‌راووردی نين و ئه‌رز و ئاسمانيان نێوانه. خۆ ئه‌گه‌ر به‌و وه‌زعه‌ی ئێستای يه‌كێتي، دوو ئيداره‌كه‌ی كوردستان به‌ ته‌واوی و سه‌رتاسه‌ری (نه‌ك ته‌نيا له‌ ئاستی وه‌زيران) يه‌كتر بگرنه‌وه‌، ئه‌وا گێژاوکی يه‌كێتی لێلتر ده‌بی و لاوازيه‌كه‌ی زه‌قتر ده‌بی و به‌رامبه‌ربه پارتی توانای پێشبرکێی سياسی نامينێ. پارتيش ئه‌و فرسه‌ته‌ ده‌قۆزيته‌وه‌ و له‌ مه‌ودای درێژدا زياتر يه‌كێتی له‌ گه‌رده‌لوول ده‌ئالێنی.

پارتی قه‌ت به‌ قه‌ده‌ر ئێستا وا پته‌و و به‌توانا و ده‌وله‌مه‌ند و بالا ده‌ست نه‌بوه‌. يه‌كێتيش قه‌ت به‌ قه‌ده‌ر ئێستا وا لاواز و شڕ و ووڕ و بێ ساحێب و كه‌مته‌ئسير نه‌بووه‌. پارتی پلانی پێنج ساله‌ و ده‌ساله‌ی وا ئاماده‌ ده‌كات و به‌ سيقه‌ی دوارۆژه‌وه‌ باس له‌ سه‌ربه‌خۆيی ده‌كات و په‌يوه‌ندی به‌ زلهێزه‌كانه‌وه‌ ده‌كات. يه‌كێتيش پلانی پێنج رۆژی و ده‌ رۆژی هه‌يه‌ و پرۆژه‌ی دواكه‌وتووی هه‌يه‌ و له‌سه‌ر شانۆی نێوده‌وله‌تیدا نه‌ ره‌نگ و نه‌ڕووی هه‌يه‌. هه‌تا له‌ده‌ره‌وه‌ سه‌يری ناوه‌وه‌ی حالی يه‌کێتی نه‌که‌ی، نازانی چه‌ند له‌دوايه‌. راسته‌، سکرتێری گشتی سه‌ره‌ک کۆماره‌و ده‌رگای فراوانی ديبلۆماسی جيهانی بۆ کراوه‌ته‌وه. به‌لام ئه‌وه ده‌رگايه‌کی عيراقيه‌ و سنووری جموجۆليی تاکه سه‌رکرده‌يه‌ک (با ئوستوره‌ش بێ) له‌شانۆی جيهانيدا دياريکراوه‌. قه‌زيه‌ی ميلله‌تێک پيويستی به هيممه‌تی مونه‌ززه‌می سه‌دان کاديری شاره‌زا و لێهاتووه بۆ ئه‌وه‌ی له سه‌نته‌رو قوژبنه‌ نێوده‌وله‌تيه‌کان (به‌تايبه‌تی له‌ ئه‌مريکاو ئه‌وروپا) لۆبی بۆکورد بکه‌ن و په‌يوه‌نديه‌ ئينته‌رناسيوناليه‌کان به‌هێز بکه‌ن. کاديرانێک که مه‌شقی ديبلۆماسی جيهانيان هه‌بی و وه‌ک تۆڕی ده‌وله‌تێک- ئه‌خته‌بووتێک- بێ ووچان کار بۆ وولات درووستکردن بکه‌ن. ئه‌و جۆره‌ خه‌باته‌ پێويستی به دامه‌زراوی موئه‌سسه‌ساتی تێکهه‌ڵکێشراوهه‌يه، که یه‌کێتی ده‌مێکه‌ نه‌يماوه. ئه‌و هه‌ولانه‌يش که‌ له‌ ئارادانه‌ به‌ره‌و کزينه‌ و وه‌ك دڵۆپن له‌ ده‌ريا.

نوینه‌رانی حکومه‌ت و رێكخراوی حيزبی سه‌ربه‌ يه‌كێتی، له‌ده‌ره‌وه‌ی وولات ، جموجۆليان بريتيه‌ له‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی ته‌که‌تتولاتی ناوه‌وه‌ی وولات. واته بێ ته‌نسيق‌ و په‌رشوبلاون‌ و جێگه‌ی هيچ ئومێدێک نينه‌ - نه‌بۆ يه‌کێتی و نه‌بۆ ميلله‌ت. له‌به‌امبه‌ر ئه‌وانيشدا، ده‌زگا و نوێنه‌رايه‌تی حکومه‌ت ورێکخراوی پارتی، ته‌نگی به‌ يه‌کێتی هه‌ڵچنيوه. له‌ گۆڕه‌پانی ئه‌مريکا و ئه‌وروپادا پارتی ساحيب ستراتيژيه‌ته و ته‌نسيقی کار و هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی به شێوازی جيهازی ده‌وله‌ته‌. له‌وه‌ته‌ی پرۆسه‌ی يه‌کگرتنه‌وه‌ی دوو ئيداره‌که‌ هه‌نگاوی ناوه‌، وه له ده‌ره‌وه‌ی وولات هه‌ندێ پرۆژه‌ی هاوبه‌ش هاتۆته کايه‌وه، له پركتيكدا رۆلی سه‌ره‌کی و عاله‌مئاشکرا هی پارتی بووه. هاوكاتيش ده‌هۆلی يه‌کێتی که‌مته‌ققه و هێرشه‌کانی بێته‌وژم بووه. ‌به‌کورتيه‌که و به‌کورديه‌که‌ی، له‌ شانۆی کوردستاني و عيراقی و جيهانيدا، يه‌کێتی وه‌زعی تا بلێی ناله‌باره‌ ورێزه‌کانیشی په‌رش و بلاوه‌ و‌ ئه‌گه‌ر هه‌رله‌خۆيه‌وه‌ هه‌لنه‌وه‌شێيته‌وه‌، ئه‌وا له به‌رامبه‌رململانێ وموراوه‌غه‌ی پارتی خۆی ناگرێ و حه‌تمه‌ن - له‌دوای يه‌کگرتنی ته‌واوی ئيداره‌کان- هه‌لده‌وه‌شێته‌وه‌.

ته‌نيا هۆيه‌ك كه‌ رێگه‌ی نه‌داوه‌ تا ئێستا ئينشيقاق له‌ناو يه‌کێتی رووبدات ئه‌وه‌يه‌ كه‌ سكرتێری گشتی خاوه‌ن وتاقه بريارده‌ری سياسی و دارايي رێكخراوه‌كه‌يه‌‌. هه‌ر ئه‌ويش جه‌وسه‌ره‌كانی گوريسه‌كه‌و كليلی يه‌كپارچه‌يی رێكخراوه‌که‌‌ی له‌ ده‌ستیدايه‌. هه‌تا ئه‌وله‌سه‌ر کار مابێ ، ئه‌وا قوتبه‌كانی ناو مه‌كته‌بی سياسی توانای جيابوونه‌وه‌ و دابڕان و ئينشيقاقيان نابێ. سکرتێری گشتيش ئاشکرای کردوه که له‌ دوای ته‌واو کردنی ماوه‌ی چوارساله‌ی حوکمی‌ سه‌ره‌ک کۆماريی، نيازی هه‌يه‌ که له ئيستانبول لێی دانيشێ و بيره‌وه‌ري و ياداشته‌کانی بنوسيته‌وه. هه‌ربۆيه‌ش ئه‌گه‌ر يه‌كێتی به‌رله‌ خانه‌نشينی سکرتێری گشتی به‌خۆی رانه‌گات، له‌دوای ئه‌و هيچ توانايه‌ك نيه - ته‌نيا مه‌گه‌ر موعجيزه- ‌ريزه‌كانی يه‌كێتی بپارێزی‌. ته‌سه‌ووری ئه‌ورۆژه‌ بكه‌ كه‌ يه‌كێتی به‌بێی سکرتێری گشتی كۆنفرانس ده‌به‌ستی و لايه‌نه‌ موته‌كه‌تتيله‌كانيش ئاماده‌ی موساوه‌مه ‌نا‌بن و هه‌ريه‌كه‌يان قائيمه‌ی خۆی داده‌به‌زێنی و ململانێی توندره‌وانه‌ ده‌كات. جه‌ووی كۆنفرانس بۆنی خوێنی لێ دێت وهيچ وه‌سيله‌يه‌ك –يان براگه‌وره‌يه‌ک- نابێ‌ كه ناوبژی بکات و ‌ئاشتی و يه‌کبوون له‌ نێوانياندا زامين بكات. حاله‌تێكی وا له‌به‌رده‌مدايه‌ كه‌ زۆربه‌ی کاديران و ئه‌ندامانی سه‌رکردايه‌تی له‌به‌رچاويانه‌، به‌لام نايه‌نه‌وێ به‌قووڵی بيری لێ بکه‌نه‌وه‌. هه‌ندێکيان ده‌يدركێنن و‌ ئينشيقاقيان بۆ يه‌کێتی داناوه‌ به‌لام ناشزانن چۆن خۆيان بۆ ئه‌و رۆژه‌ ئاماده بکه‌ن.

ئه‌‌دی چار چيه؟

زۆر له‌ زووه‌وه‌ كاديرانی يه‌كيه‌تی هه‌وليان داوه‌كه‌ نيزامی موئه‌سسه‌ساتی مۆدێرن له‌ناو يه‌كێتی بێننه‌ كايه‌وه. موئه‌سسه‌سه‌يه‌ك كه‌ مێكانيزمی ده‌ستوريی هه‌بێ بۆ لێپرسينه‌وه‌ و خۆتازه‌ كردنه‌وه‌ و داهێنان وهه‌لبژاردنی سه‌ركرده‌و په‌روه‌رده‌ كردنی كادير و قه‌لاچۆ كردنی گه‌نده‌ل و برياردانی ديموكراسی وئيداره‌ی بوودجه‌و هتد. به‌لام هه‌وله‌كانيان جار له‌ دوای‌ جارکه‌مبه‌رهه‌م بووه ، بێ ئه‌نجام بووه‌ وه‌يان به‌فيرۆ چووه‌ (جا له‌به‌ر هه‌رهۆيه‌ك بووبێ). ئێستاش جموجۆل و هه‌ولی دلسۆزانه هه‌ن و رووه‌و گه‌شه‌ کردنن و هه‌ريه‌که‌يان بيرۆکه‌ی تازه‌ی تێدايه.

يه‌که‌م پله‌ی گۆرانکاری به‌وه ده‌ستپێ ده‌کات که پێشره‌وی گۆرانکاريه‌کان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ته‌ئسيراتی قوتبه‌کان بی و دوابرياريش له‌ ده‌ستی کۆنفرانسی داهاتووی رێکخراوه‌که‌ بێ.

دووه‌ميان، له بنه‌ره‌ته‌وه‌ هه‌يکه‌له هه‌ره‌ميه‌که‌ی رێکخراوه‌که‌ سه‌رله‌نوێ دابرێژرێته‌وه، له‌سه‌ر بنه‌مايه‌کی مۆدێرنی ديموکراتی. ده‌ستوری تازه‌ی بۆ بنوسنرێته‌وه و ئاليه‌تی دابين کردنی بڕگه‌کانی بۆ ده‌ستنيشان بکرێ.

سێيه‌م، کۆڵه‌‌گه‌ و بنه‌ماي درێژخايه‌ن بۆ گه‌نج و گه‌نجينه‌ی رێکخراوه‌که بچه‌سپيندرێ. واته، ریکخراوه‌که بکرێته‌ مه‌عمه‌لێک بۆ په‌روه‌رده‌کردن و ده‌رچواندنی کادير و سه‌رکرده‌ی دوارۆژ. کاديران رابهێندرێن له نوێترين شێوه‌ی خه‌باتی شارستانی و ديبلۆماسی ينته‌رناسیونالی.

چواره‌م، هه‌تا سکرتێری گشتی له کار ماوه، به زووترين کات کۆنفرانسی داهاتوو ببه‌سترێ. به بێی ئه‌و ، وه‌يان دوای ئه‌و، سه‌رکه‌وتنی پرۆسه‌که‌ مه‌حاله. سکرتێری گشتيش پێويسته‌ به‌جۆرێك ‌سه‌رپه‌رشتي كۆنفرانسی داهاتوو بكات که يه‌كێتی ريزه‌کانی بپارێزێت و مسۆگه‌ری بكات كه‌رێكخراوه‌كه‌ وه‌ك پاپۆرێك، به بێ مه‌ترسی نقوومبون ، رێره‌وی دوارۆژ ده‌گريته‌ به‌ر و به‌ره‌نگاری شه‌پۆلی ناوچه‌گه‌رێتی و گه‌نده‌لبه‌رژه‌وه‌نديه‌کان ده‌بێت.

ئايا مه‌به‌ست له‌ و په‌يامه‌ چيه‌؟

ئايا بۆچی به‌لای خه‌لکانی وه‌ك منه‌وه‌ گرنگه که يه‌کێتی وه‌ يان پارتی ريزه‌کانيان ته‌با بێت؟ ئايا نووسراوی من بۆ چيه‌ و خه‌لکانی وه‌ك من به‌رژه‌وه‌نديان له‌وه‌دا چيه‌؟ هه‌روه‌ك چۆن باسم کرد ، هاتنه‌کايه‌وه‌ی يه‌کيێتی باشترين داهێنان بوو له‌ خزمه‌تي بزووتنه‌وه‌ی و ديموکراتيخوازی کورد. به‌ هه‌مان شێوه‌، بوونی پارتی پێويست بوو بۆ بزووتنه‌وه‌که‌مان. به‌داخه‌وه، ململانێي چه‌کداری ناشارستانی ئه‌ودوو حيزبه بووه مايه‌ی براکوژی و دوا که‌وتنی قه‌زيه‌که‌مان، به‌لام له سه‌رده‌می خه‌باتی شارستانيانه‌ی ئيمرۆدا ، ململانێی سياسی دیموکراسی ئه‌ودوو حيزبه‌ سوودی زياتره له‌ زيانی. منيش وه‌ك هه‌ر رۆشنبيرێك ، لام گرنگه که ئه‌ و بالانسه بپارێزرێت. يه‌ك له باره خۆم ، له‌ نزيکه‌وه خه‌باتم له‌گه‌ل هه‌ردوو لايان کردوه. ڵه‌ سه‌رده‌می هه‌له‌بجه‌ و ئه‌نفالدا، له‌گه‌ل نوێنه‌ری هه‌ردوولادا که‌مپه‌ينم کردوه‌ بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی ده‌نگی کورد‌، و لۆبيم کردوه له‌ دژی دوژمنان - بۆ په‌يدا کردنی دۆستان له وولاتانی زلهێز. ئه‌وه‌ی ئيمه‌ی رۆشنبير کردمان بۆ پاراستنی گيانی په‌ناهه‌نده کۆچڕه‌وه‌کان، به حيزبه‌کان نه‌ده‌کرا به ته‌نها. له‌ رۆژانێكدا كه‌ حكومه‌تی هێچ وولاتێكی ئه‌وروپی و ئه‌مريكی ئاماده‌ نه‌بوون هيچ سه‌ركرده‌يه‌كی سياسی كورد ببينن، من وهاوه‌له‌کانم توانيمان مارگرێت تاتچه‌ر له‌ مال ده‌رهێنين و وای لێ بکه‌ين که جۆن مێجه‌ر و جۆرج بووش له مال ده‌ربهێنی بۆفرياكه‌وتن و يارمه‌تیدانی کورد. هه‌وله‌كانی ئێمه و ميحنه‌تی كۆچره‌وه‌كان و فرمێسكی مندال و شينی دايكه جه‌رگسوتاوه‌كان بوو که ناوچه‌ی ئازادكراو (منطقه آمنه) ی هێنايه کايه‌وه. له‌ژێر سێبه‌ری ئه‌و هه‌ولانه‌ی ئێمه و قوربانی خه‌لكی شاره‌كانی كوردستان‌- حيزبه‌کان توانيان ئيداره و حکومه‌ت و په‌رله‌مان دابمه‌زرێنن و ده‌سه‌لاتيان بچه‌سپێنن.

له ١۹۹١ يشه‌وه ئێمه‌ هه‌ر خه‌ريکی پشتگيريکردنی ده‌زگا و دامه‌زراوه حکوومی و ئه‌کاديميه‌کانی کوردستانين، به‌ ديوی يه‌کێتی و پارتيه‌وه. هه‌ر بۆيه‌ش، نه‌ك ته‌نها له‌ خۆمان ڕاده‌بينين که ته‌ده‌خول بکه‌ين وئامۆژگاری و پێشنيار بخه‌ينه‌ به‌رده‌م يه‌کێتيش و پارتيش، به‌ڵکو خۆمان به ساحێبی قه‌زيه‌كه‌ ده‌زانين. خاكی كوردستان و بزوتنه‌وه‌که و دوارۆژی ميلله‌ته‌كه‌مان مولكی هه‌موانه‌. هه‌موومان سه‌ربه‌رزين به‌ مێژووی خه‌بات و شۆرشی ميلله‌ته‌كه‌مان و قوربانی رۆله‌ شه‌هيده‌كانمان، ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ رێگه‌ی حيزبه‌كانه‌وه‌ يان له‌ده‌ره‌وه‌ی حيزبه‌كانه‌وه‌ داستانيان تۆماركردوه. كه‌ ميلله‌ت قوربانی ده‌دات، له‌ رێگه‌ی حيزبه‌وه‌ پێشكه‌شی قه‌زيه‌كه‌ی ده‌كات، بۆيه‌ش ته‌واوی ميلله‌ت خاوه‌نی قه‌زيه‌كه‌ش وحيزبه‌كانيش و قوربانيه‌كانيشه‌‌. ديسانه‌وه‌ بۆيه‌ش به‌ ماف و ئه‌رکی هه‌موو کوردێکی رۆشنبيرو دڵسۆزیشی ده‌زانين (جا حيزبي بن يان نا) كه‌ له به‌رامبه‌ر‌ مه‌سه‌له چاره‌نووسيه‌کاندا بيده‌نگ دانه‌نيشن. جێگه‌ی داخه که‌ ئه‌وه‌ي که‌ له‌و بابه‌تانه‌ش‌ بدوی، به نووسين وه‌يان به ئاشکرايی، ره‌نگه به حيزبی به‌رامبه‌ر له‌قه‌له‌م بدرێ و بگره به‌ دووژمنيش. به‌لام قه‌زيه‌که‌مان، که‌ هی هه‌موو لايه‌که، زۆر به‌رزترو پيرۆزتره‌ له هه‌موو ئيعتوباراتێکی تر. بۆيه‌ش دلنيام که ووتاره‌که‌م سوودی ده‌بێ بۆ خاوه‌ن قه‌زيه‌كه‌ نه‌ك زيان.

شايانی باسه‌ كه‌ روخانی رژێمی سه‌دام و دامه‌زرانی ده‌ستووری ديموكراسی له‌ عيراق و هه‌لبژاردنی نوێ و يه‌كگرتنه‌وه‌ی ئيداره‌كانی كوردستان، بار و دۆخێكی دلنياكه‌ره‌وه‌ی هێنايه‌ كايه‌وه. نه‌ك ته‌نيا مه‌ترسی براكوژی كه‌مكرده‌وه، به‌لكورزه‌مينه‌ی خۆشكردوه‌ بۆ خه‌لكی ده‌ربه‌ده‌ر و ئاواره‌ی هه‌نده‌ران كه‌ بگه‌رينه‌وه‌ بۆ خاكی وولات. ساله‌های سال بوو خه‌ونمان به‌و رۆژه‌وه ده‌ديت كه‌ بتوانين به‌ زيندويه‌ تی (به‌مال و منداله‌وه‌) بگه‌رێينه‌وه‌ بۆ به‌شداريكردن له‌ دروستكردنه‌وه‌ی وولات، وكه‌ مرديشين ته‌رمه‌كانمان به‌ خاكی نيشتمان بسپيرين. ‌وا له‌ سايه‌ی ديموكراسيه‌تی په‌رله‌مانی، خه‌ريكه‌ خه‌ونه‌كانمان دێته‌ دی. ئيمرۆ كوردستان پێويستی به‌ زانست و ئه‌زموون و مه‌هاره‌تی مۆدێرنی بيانی هه‌يه‌ بۆ دامه‌زراندنی موئه‌سسه‌ساتی ده‌وله‌ت له‌سه‌ر بنه‌مايه‌كی پته‌و. رۆشنبير و خاوه‌نپيشه‌ كورده‌كانی هه‌نده‌رانيش، بێجگه‌ له‌وه‌ی كه‌ هه‌ڵگری زانست و‌ ئه‌زموون و مه‌هاره‌تی بيانی به‌سوودن، ئه‌وانه‌ جگه‌ركۆشه و جگه‌رسۆزی نيشتمانيشن. ئاماده‌ن بگه‌رێنه‌وه‌وو به‌بێ قسوور رۆلی مێژوويي خۆيان ببينن و شانبه‌شانی ميلله‌تيان كاربۆ وولات بكه‌ن. هه‌لبه‌ته ئه‌ركی سه‌ر شانی حيزبه‌ ده‌سه‌لاتداره‌كانيشه كه‌ زه‌مينه‌ خۆش بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی وولات بكه‌نه‌ به‌هه‌شتی ديموكراسيه‌ت و باری له‌بار بۆ ئه‌و پرۆسه‌يه‌ بره‌خسێنن.

سه‌رله‌نوێ داڕژتنه‌وه‌ی يه‌كێتی: سه‌ره‌تای پرۆژه‌يه‌ك‌

ئه‌وه‌ی كه‌ من ده‌يبيستم ‌ئه‌وه‌يه‌ كه‌ يه‌كێتی بنه‌ماو پێناسه‌ی رێكخراوی حيزبی نه‌ماوه‌. بويته‌ كۆمه‌ڵگايه‌ك، ناديه‌ك، كه تێيدا "براده‌ران" وه‌لائيان و تۆری په‌یوه‌نديه‌كانيان له رێگه‌ی مه‌ڵبه‌نده‌كانه‌وه نوێ ده‌كه‌نه‌وه‌. واته‌، جموجۆلی سياسی له‌ده‌وری چه‌قی مه‌لبه‌نده‌كان ده‌خولێته‌وه‌. ماناو مه‌فهوومی "به‌يه‌كێتیبوون" وونكراوه‌، رێنمای سۆسيالديموكراتی به‌رداوه‌و له‌ ته‌ناقوزاتێكی فيكریدا ده‌خولێته‌وه‌. له‌سه‌ر ئاستی رێكخراويشدا، ناونووسكردنی ئه‌ندام باوی زۆر نه‌ماوه‌، كه‌لتووری تۆماركردنی وورده‌ی كۆبوونه‌وه‌كان له‌ ئارادا نه‌ماوه، داتا و ئيحسا و مێژووی جموجۆليه‌كان سه‌روشوونيان نه‌ماوه، ئاليه‌تی دابه‌شكردنی ئه‌رك و مه‌سئوليای حيزبیش له‌ موسته‌وای ژێر مه‌ڵبه‌نده‌كانه‌وه ديارينه‌كراوه‌‌. ئيتر يه‌كێتی بويته‌ دیوه‌خانێك، تۆڕێك يان حه‌وزێكی مه‌له‌وانی گه‌وره، كه‌ جێگای هه‌موو كه‌سێكی تيدا ده‌بيته‌وه‌. بێ گومان ئه‌وه‌ش‌ له‌ سيفه‌ته‌ باشه‌كانيه‌تی. به‌ڵام يه‌كێتی پێويستی به ده‌ستووريكی نووسراوه‌ و هه‌يكه‌لیكی مۆدێرن و رێكخستنێكی هه‌ميشه‌ زيندوو هه‌يه. پێوسته‌ رۆل و ميكانيزمی كاركردن و لێپرسينه‌وه‌ی ئه‌ندام و كادير و سه‌ركرده‌كانی دياريكراو بێ، و ميكانيزمی خۆتازه‌كردنه‌وه‌و هه‌لبژاردنی سه‌ركرده‌كانی ئاشكرا و به‌كار بێ.

لێره‌دا، وه‌ك سه‌ره‌تای پرۆژه‌يه‌ك، نموونه‌ی هه‌يكه‌لی حيزبێكی سۆسيالديموكراتی ئه‌وروپی ده‌كه‌مه‌ بنه‌مايه‌ك بۆ ره‌سم كردنی نموونه‌يه‌ك بۆداڕشتنه‌وه‌ی هه‌يكه‌لێكی ديموكراتيانه‌ی يه‌كێتی. ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه‌ نيه‌ كه‌ ته‌واوی پێناسه‌و پۆسته‌كان كتومت له‌ ئامێز بگيرێن، به‌لام ده‌كرێ سووديان لێوه‌ربگيرێت.

ده‌ستوور و پێناسه‌ی يه‌كێتی

ده‌بێ يه‌کێتی ساغی بكاته‌وه‌ كه‌ ئايا يه‌کێتی (وه‌يان به‌يه‌کێتیبوون) چيه و مانای چيه. ڵه‌گه‌ڵ ڕۆژگار، ناوه‌رۆك و مه‌فهوومی يه‌كێتی هه‌رده‌م له‌ گۆرانبوه. ئه‌گه‌رئيمرۆ له‌ ده‌نگده‌رێك بپرسی، ئايا رێكخراوی يه‌كێتی بۆئه‌و چی ده‌گه‌يه‌نێ. ئايا "يه‌كێتی" ناوێكه به‌واتای ئازادی، وولاتپاريزی، ديموكراسيه‌ت، شه‌فافيه‌ت، ئينسانيه‌ت، وه‌سيله‌ی گه‌يشتنه ئامانج و به‌ديهێنانی خه‌ونه‌كان دێت؟ وه‌يان له بيری هاووڵاتيدا ماناي يه‌كێتیبوون به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ووشه زه‌ق و به‌رراقانه‌يه؟ پێويسته‌ كه‌ يه‌كێتی پێناسه‌يه‌كی سياسی ومه‌عنه‌وی كۆمه‌ڵايه‌تی بۆ خۆی دياريبكات و له‌ ڕووی پراكتيكدا به‌ موسته‌هه‌قی و پڕ به‌ پێستی پێناسه‌كه‌ی پێوه‌ بلكێ. ده‌بێ ساغی بكاته‌وه كه‌ ئايا يه‌کێتی قيه‌می چيه‌ وبير وبرواو هه‌لوێست و بۆچوونه‌كان و ئامانجه‌كانی چين بۆ ئاينده‌ی نزيک و دووری وولاته‌كه‌. ئايا هه‌لوێستی رێکخراوه‌که‌ چيه‌ به‌رامبه‌رلايه‌نه گرنگه‌کانی کۆمه‌ل و ده‌وروبه‌ر. بۆچی يه‌كێتی ده‌يه‌وێ حوکمی له‌ده‌ست بێ؟

بۆ نموونه هه‌لوێست به‌رامبه‌رمافی دیموکراسی تاکه‌که‌س، ئافره‌ت، مندال، خێزان، په‌يوه‌ندی ژن و پياو، په‌يوه‌نديه‌کانی به‌رهه‌مهينان، مافی کرێکارو بێکار، بازرگان، سه‌رمايه‌دار، ئازادی نووسين و ده‌ربرين، سنووری ئازادی، شێوه‌ی حوکمرانی، رۆلی حيزب له کۆمه‌ل و په‌يوه‌ندی حيزب به حکومه‌ت و هتد. ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌‌ش ده‌بێ ئاشكرا بكرێن، نه‌ک ته‌نيا له‌ روانگه‌کی فه‌لسه‌فيه‌وه‌، به‌لکو له‌ رووی پراکتيك و په‌يره‌وی سياسيه‌وه. ئه‌و هه‌لوێستانه ده‌بنه‌ مال له‌سه‌رسه‌ركرده‌ی ريكخراوه‌كه‌، كه له‌روانگه‌يانه‌وه‌‌ خه‌لكی په‌نجه‌ی موحاسه‌به بۆ حيزب و سه‌ركرده‌كانی به‌رز ده‌كاته‌وه‌. هه‌ڵوێسته‌كان ده‌بنه بنه‌مای هيممه‌ته‌ سياسيه‌كانی رێكخراوه‌كه‌، بنه‌مايه‌ك كه‌ ده‌بێته‌ رێنيشانده‌ری په‌رله‌مانتاره‌كان و وه‌زيره‌كانی سه‌ربه‌ رێكخراوه‌كه‌ی بۆ مه‌به‌ستی ياسا داڕشتن و ته‌نفيزكردنيان. ده‌بنه‌ بنه‌مای به‌يان (مانيفه‌ستۆ) ی سياسی رێكخراوه‌كه‌. ده‌بێ حيزبه‌ كورديه‌كان كه‌لتوری مانيفه‌ستۆ نوێ بكه‌نه‌وه‌ و به‌ نووسراوی له‌گه‌ل خولی په‌رله‌مان بلاوی بكه‌نه‌وه‌. مانيفه‌ستۆ په‌يمان و وه‌عده‌ی سه‌رکردايه‌تی حيزبه‌كه‌يه‌. په‌يمانێكه‌ بۆ‌ ميلله‌ت كه‌تێيدا ئاشكرای ده‌كه‌ن ئايا به‌چی وه‌سيله‌يه‌ک يه‌كێتی هه‌ول ده‌دات هه‌لوێست و ئامانج و په‌يمانه‌کان به‌ديبهێنی و چۆن ده‌ستکه‌وته‌کانی ميلله‌ت ده‌پارێزی و بارو دۆخی کۆمه‌ل‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌بات.

هه‌يكه‌لی رێكخستنی حيزب

گرنگترین بابه‌ت، هه‌يكه‌لی ریكخستنی ئه‌ندامه‌كان و تۆڕی رێكخراوه‌كه‌يه‌‌. حيزبێكی ديموكراسی كه بيه‌وێ هه‌رده‌م له‌ گۆڕان و پێشكه‌وتندابێ، پێويسته‌ هه‌يكه‌له‌كه‌ی رێگر نه‌بێ. هه‌يكه‌لی هه‌ره‌می تێكچه‌قيوی كۆمۆنيستانه‌ به‌كه‌لكی دیموكراسيه‌ت نايه‌ت. ئه‌گه‌رچی له‌سه‌ر كاغه‌ز، حيزبی سۆشياليستی و كۆمۆنيستی له‌سه‌ر بنه‌مايه‌كی شێوه‌ دیموكراتيانه‌ داڕيژراون، به‌ڵام‌ ئه‌زموون سه‌لماندوويه‌تی كه‌ له‌گه‌ڵ ديموكراسيه‌تی په‌رله‌مانيدا زۆر گونجاونينه‌‌‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رێخۆشكه‌رن‌ بۆتاكڕه‌وی و كۆكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌ستی ئالقه‌يه‌كی پچووك. باشتره كه‌ تۆری رێكخستنی یه‌كێتی له‌سه‌ر‌شێوه‌ي هێشوويه‌كی دايناميكی بێ، كه تێيدا‌ ده‌سه‌ڵات سه‌ره‌وخوار و خواره‌وسه‌ر، به‌هه‌ردوو ئيتيجاهدا بروات. گرنگ لێره‌دا ته‌سه‌لسولی قادرمه ئيداريه‌كه نيه‌، به‌ڵكو له‌ په‌يوه‌ندی نێوان پله‌كانی قاردمه‌كه‌يه‌ وله‌ دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانه به‌سه‌ركۆميته‌ی ئاسته‌ جياجياكان. ئه‌و بابه‌تانه‌و وورده‌كاری ته‌واوی په‌يره‌و و پرۆگرامه‌كان و ئاليه‌تی هه‌لسووراندنی حيزبه‌كه‌، ده‌بێ له‌ ده‌ستووری حيزبدا دياريكرابێ، هه‌ر له‌ ده‌سه‌لاته‌كانه‌وه‌ بگره‌ هه‌تائه‌رك وماف و لێپرسينه‌وه‌ورته‌نزيمی په‌يوه‌نديه‌كان. ‌



Dr. Radut | page