Skip to Content

كه‌ ڕۆژی ئۆباما هه‌ڵات مانگه‌شه‌وی كورد ئاوا ‌ده‌بێ: به‌شی يه‌كه‌م 28/1/2009

كه‌ ڕۆژی ئۆباما هه‌ڵات مانگه‌شه‌وی كورد ئاوا ‌ده‌بێ

به‌شی يه‌كه‌م: 
كێشه‌ی ئه‌تۆمی ئێران چه‌قی سياسه‌تی ده‌ره‌كی ئيداره‌ی ئۆبامايه‌.  سه‌ركه‌وتنی سياسه‌ته‌كه‌شی ڕه‌نگه‌ له‌سه‌ر حيسابی كورد ‌بێ

هاوڵاتی  28/1/2009 

پڕۆفيسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌ددين

ڕه‌نگه‌ زۆر زه‌حمه‌ت بێ پێشبينی له‌ ڕووداوه‌ مێژووگۆڕه‌كانی ئاينده‌ بكرێ، به‌ڵام پێشبينی كردن له‌ ستراتيژيه‌تی ئۆباما و سياسه‌تی ده‌ره‌كی ئيداره‌‌كه‌ی ئاسانه‌.  گومانی تێدا نيه‌ كه‌ به‌ گۆڕانی ئيداره‌‌ گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی به‌سه‌ر سياسه‌تی ئه‌مه‌ريكی له‌ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دێ.  به‌ڵام ئايا كورد له‌و گۆڕانكارايانه‌دا سودمه‌ند ده‌بێ ‌يا زه‌ره‌مه‌ند؟  ئايا ڕۆڵی كورد زه‌قتر ده‌بێ يا په‌ڕاوێز ده‌كرێ؟  ئايا سه‌ركرده‌كانی كورد سياسه‌تی كاردانه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن وه‌يان ده‌توانن كار بكه‌نه‌ سه‌ر پڕۆسه‌ی بڕياردانی ئه‌مه‌ريكی؟ ئايا سه‌ركرده‌كانی كورد چيان پێ ده‌كرێ بۆ ئه‌وه‌ی كورد په‌ڕاوێز نه‌كرێ و دۆزی كورد زه‌ره‌مه‌ند نه‌بێ؟     ئه‌و زنجيره‌ وتاره‌‌ هه‌وڵێكه‌ بۆ پێشبينی كردن له‌ ستراتيژيه‌ت و سياسه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی ئيداره‌ی ئۆباما و دياريكردنی مه‌ترسيه‌كان و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسياره‌كان.‌ 

بۆماوه‌ی بوش

له‌گه‌ڵ ده‌وروته‌سليمی ده‌فه‌ی حوكمڕانی، باڕاك ئۆباما قاسه‌يه‌كی به‌تاڵ و ئيمپڕاتۆريه‌تێكی برينداری ناوزڕاو، و جيهانێكی ئاگرتێبه‌ربووی له‌ جۆرج بوش وه‌رگرت، كه‌ ئه‌وه‌يش خراپترين ده‌ستپێكی حوكمڕانیه‌ بۆ هه‌ر ئيمپڕاتۆرێك.  بيه‌وێ يان نه‌يه‌وێ، ئۆباما ميراتگری هه‌موو ئه‌و هه‌ڵه‌ و قه‌يرانه‌ سياسی و عه‌سكه‌ريانه‌‌يه‌‌ كه‌ ئيداره‌ی جۆرج بوش به‌سه‌ر ئه‌مه‌ريكا و باقی دونيايان داهێنا.  ده‌سته‌ی بوش به‌ڕه‌وتێكی ئايديۆلۆجی و ڕوانگه‌يه‌كی فه‌لسه‌فیه‌وه‌ ستراتيژيه‌ت و سياسه‌تی ده‌ره‌كی وڵاته‌كه‌يان داڕێژت و به‌ زوويی له‌ شوێنه‌ هه‌ستياره‌كانی دونيا كه‌وتنه‌ تاقی كردنه‌وه‌ی پڕ له‌ موغامه‌ڕه‌.  له‌ شه‌ڕی دژه‌تيرۆردا سياسه‌تی به‌ره‌نگاری و هێرشبه‌ریان له‌ جياتی ديپلۆماسيه‌تی كلاسيكی له‌ ئامێز گرت.  به‌و ئومێده‌ی كه‌ ديموكراسيه‌تێكی ڕۆژئاوايی له‌ ماوه‌ی حوكمڕانی بوشدا به‌سه‌ر ڕژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بسه‌پێنن، ملیان له‌ به‌ر ملی ڕژێمه‌ ديكتاتۆريه‌ ناشرينه‌كانی ناوچه‌كه‌ نا.  به‌وه‌ دوژمنيان بۆ وڵاته‌كه‌يان زياتر كرد و دۆسته‌ هاوپه‌يمانه‌ دێڕينه‌كانيان زوير كرد.  كاريان له‌ خۆيان و وڵاتانی تر بايی ئه‌وه‌نده‌ ئاڵۆز كرد كه‌  تا ماوه‌يه‌كی درێژ ئيداره‌كانی دوای بوش باجی هه‌ڵه‌كانی ده‌ده‌نه‌وه‌.  ده‌كرێ بگوترێ كه‌وا كورد و شيعه‌ی عيراقی و ده‌وڵه‌تی ئێران ته‌نيا براوه‌ و سوودمه‌ند بوون له‌ پڕۆژه‌كانی جۆرج بوش.  وڵاتانی ده‌وروبه‌ريش به‌ گشتی زه‌ره‌رمه‌ند و دۆڕاو بوون.  له‌ مه‌ودای چوار ساڵی ئاينده‌دا ئۆباما و ئيداره‌كه‌ی هه‌وڵده‌ده‌ن پارسه‌نگی په‌يوه‌نديه‌ ديپلۆماتيه‌كان بگه‌ڕێننه‌وه‌ دۆخی جاران. 

ئه‌وله‌وياتی ئۆباما

به‌بێ گومان، هه‌رله‌ ئێستاوه‌ ئۆباما چاوی بڕيوه‌ته‌ خولی داهاتووی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مه‌ريكی ساڵی ٢٠١٢، و مه‌سه‌له‌ی مسۆگه‌ر كردنی دووباره‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی بۆ خولی دووه‌می سه‌رۆكايه‌تی له‌ سه‌رووی هه‌موو ئه‌وله‌ويه‌تێكيدايه‌. بۆيه‌ش ته‌ركيزی هه‌ره‌مه‌زنی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ڕازی كردنی ده‌نگده‌ران و‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ئابوری وڵاته‌كه‌ی و چاكتر كردنی ژيانی ته‌ندروستی ميلله‌ته‌كه‌ی‌.  واته‌ زۆربه‌ی كات ڕووی ئۆباما به‌ مه‌جبووری به‌ره‌و ناوه‌وه‌ ده‌بێ و خۆی له‌ موغامه‌ڕه‌ی ده‌ره‌كی دوورده‌خاته‌وه‌، و له‌ سياسه‌تی ده‌ره‌وه‌شدا ده‌بێ بێ ووچان هه‌وڵبدات ئاو به‌ ئاگره‌كانی جۆرج بوش دابكات.  ئه‌وه‌ش پێويستی به‌ كه‌م كردنه‌وه‌ی كرژی و گرتنه‌به‌ری ڕێگاچار‌ه‌ی ديپلۆماسی له‌ قه‌يرانه‌ ده‌ره‌كيه‌كان ده‌بێت، واته‌ به‌ باڵكردنه‌وه‌ بۆ دۆست و دوژمنه‌ ته‌قليديه‌كانی ئه‌مه‌ريكا.  له‌ ئيداره‌ی ئۆباما چاوه‌روان ده‌كرێ كه‌‌ باوه‌ش بۆ دونيا بكاته‌وه‌ و هه‌وڵدات سومعه‌ی ديپلۆماسی و ڕۆڵی براگه‌ورايه‌تی ئه‌مه‌ريكی وه‌ده‌ست بێنێته‌وه‌.  له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌يشدا، پێشبينی ده‌كرێ كه‌وا دوژمنه‌ ته‌قليديه‌كانی ئه‌مه‌ريكا نيازپاكی ئۆباما تاقی بكه‌نه‌وه‌ و هه‌ڵوێستی نه‌رم و هانده‌ری بۆ بنوێنن.  خۆ بێزاربوونی جيهان له‌ ئيداره‌ی جۆرج بوش و مه‌سه‌له‌ی پێست ڕه‌شی ئۆباما و ڕوانگه‌ گه‌شه‌كانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ جيهانيه‌كان گه‌شبينيه‌كی بێ سنووريان داهێناوه‌ و بوونه‌ته‌ هۆی پێشوازی كردنێكی بێ هاوتای ئيداره‌ نوێيه‌كه‌، كه‌ ئه‌وه‌يش باشترين فرسه‌ته‌ بۆ ئيستيغلال كردن و ئه‌نجام به‌ده‌ستهێنان.

به‌ڵام مه‌رج نيه‌ شه‌هرولعه‌سه‌له‌كه‌ی ئۆباما درێژخايه‌ن بێ  و له‌ هه‌موو پلان و سياسه‌تێكیدا سه‌ركه‌وتووبێ.  له‌وانه‌يه‌ له‌ ئاينده‌يه‌كی نزيكدا دووچاری قه‌يرانی له‌ناكاو ببێ و مه‌جبوور ببێ كه‌ چاو به‌ سياسه‌ته‌كانی دا بخشێنێته‌وه‌.  جارێ به‌ ئۆباما ناكرێ كه‌ هه‌تا سه‌ر له‌ ململانێی ئيسرائيل و حه‌ماس بێ ده‌نگ بێ و هه‌ڵوێست وه‌رنه‌گرێ.  خۆ كێشه‌ی ئێران و به‌رنامه‌ی چه‌كی ئه‌تۆمی ئێرانی بۆمبێكی ته‌وقيت كراوه‌ و له‌وانه‌يه‌ به‌ڕووی ئيداره‌كه‌يدا بته‌قێته‌وه‌.  ئارامی له‌ عيراق و ئه‌فغانستاندا، كه‌ له‌شكری ئه‌مه‌ريكی تێياندا گيری خواردوه‌، وه‌ك فتيلی باروده‌ و هه‌ركاتێك گه‌رمايی لێ هه‌ڵسا ئه‌گه‌ری ته‌قينه‌وه‌ی زۆره‌.  په‌يوه‌ندی نێوان ئه‌مه‌ريكا و ڕوسيا گه‌يشتۆته‌ ئه‌وپه‌ڕی كرژی، كه‌ له‌وانه‌يه ببێته‌ هۆی سه‌رنج دابڕانی ئۆباما.  ئه‌وانه‌ و ده‌يان ته‌حه‌دای تر واده‌كه‌ن كه‌ زۆربه‌ی كاتی ئيداره‌ی ئۆباما بۆ نه‌ياره‌ ته‌قليديه‌كانی ئه‌مه‌ريكا ته‌رخان بكات، كه‌ به‌ڕێكه‌وت هه‌مان ئه‌و نه‌يارانه‌ له‌ ‌مێژووياندا قه‌ت دۆستی كورد نه‌بوونه، و ڕازی كردنیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورد دانابێ و به‌ڵكه‌ له‌وانه‌يه‌ له‌سه‌ر حيسابی كورد بێ‌. 

ڕێگرتن له‌ چه‌كی ئه‌تۆمی ئێران

ئه‌مه‌ريكا و ئيسرائيل نيگه‌رانن به‌وه‌ی كاتيان له‌به‌رده‌مدا نه‌ماوه‌ و ئێران هه‌روا خه‌ريكه‌ به‌ خێرايی یوڕانيۆمی پوخته‌كراو ئاماده‌ ده‌كات.  ئه‌گه‌ر وا بڕوات، ئه‌وا له‌ مه‌ودای ساڵێكی تردا ئێران بايی بۆمبێكی ئه‌تۆمی يوڕانيۆمی ده‌ست ده‌كه‌وێت، و دوورنيه‌ له‌ ماوه‌ی يه‌كدوو ساڵی دوای ئه‌ويشدا بۆمبی ئه‌تۆمی يه‌كه‌م دروست بكات.  واته‌، هه‌تا باڕاك ئۆباما خولی يه‌كه‌می سه‌رۆكايه‌تی ته‌واو ده‌بێ ئه‌وا ئێران ده‌بێته‌ خاوه‌نی چه‌كی ئه‌تۆمی.  خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و پێشبينيانه‌ له‌سه‌ر زانياری هه‌ڵه‌شدا بيناكرابن، ئه‌وا ئسڕائيل و ئه‌مه‌ريكا له‌ ناخدا بڕوايان پێيه‌ و ئێرانيش هيچ جۆره‌ دڵنياييه‌كی ئه‌وتۆی بۆ پێچه‌وانه‌ نيشان نه‌داون.  جا ئه‌گه‌ر ئۆباما بيه‌وێ يان نه‌يه‌وێ ئه‌وا ته‌حه‌دای چه‌كی ئه‌تۆمی ئێرانی به‌ زيندوويی وا له‌به‌رده‌مدايه‌، و له‌ ئاينده‌دا خۆی به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌وله‌ويه‌تێكی تردا فه‌ڕز ده‌كات و بگره‌ ده‌بێته‌ چه‌قی سياسه‌تی ده‌ره‌كی ئيداره‌كه‌ی.  خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌ويش دوودڵی لێ كرد و ويستی هه‌ڵيپه‌سێرێ، ئه‌وا ئيسرائيل كارێكی وا ده‌كات كه‌ به‌سه‌ريدا فه‌ڕز ببێت.  گومانی تێدا نيه‌ كه‌ توانای لۆبی ئيسرائيلی به‌‌سه‌ر‌ سيسته‌می ئه‌مه‌ريكادا ئه‌وه‌نده‌ زاڵه‌ كه‌ ئيداره‌ی هيچ سه‌رۆكێكی ئه‌مه‌ريكی بۆی ناكرێ قومار به‌ چاره‌نوسی ئيسرائيل بكات.  به‌و دواييه‌، ئيسرائيليه‌كان فشاريان زۆر خسته‌ سه‌ر ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی و ده‌يانه‌ويست له‌ مه‌ودای حوكمڕانی جۆرج بوشدا مه‌سه‌له‌ی چه‌كی ئه‌تۆمی ئێرانی يه‌كلايی بكرێته‌وه.  ئه‌وانه‌ چه‌ندين سيناريۆ و ئيختياری جياجيايان خستبووه‌ سه‌رمێز، به‌ڵام له‌ ڕاستيدا هيچ كام له‌وانه‌ بۆ جۆرج بوش جێگه‌ی متمانه‌ نه‌بوون و به‌ گه‌ڕه‌نتیه‌وه‌ ئه‌نجاميان نه‌ده‌بوو. 

گۆڕينی ڕژێم

مه‌سه‌له‌ی ڕوخاندنی ڕژێم له‌ ڕێگه‌ی هاندانی ئۆپۆزيسيۆنی ناوه‌كی باسی لێوه‌ ده‌كرا و جۆرج بوش هه‌نگاويشی بۆ نا.  بۆ نموونه‌ يارمه‌تی هه‌مه‌جۆريان به‌ ڕاسته‌وخۆ يان ناڕاسته‌وخۆ پێشكه‌ش به‌ ئۆپۆزيسيۆنی ئێرانی كرد.  ڕێكخراوی (موجاهيدينی خه‌ڵق) به‌ ڕ‌ه‌سمی به‌ ڕێكخراوێكی تێرۆريست له‌ ئه‌مه‌ريكا ليسته‌كراوه‌، و ته‌واوی خه‌ڵك و هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ عيراقيه‌ پڕۆئه‌مه‌ريكيه‌كان دژايه‌تيان ده‌كه‌ن.  كه‌چی ئه‌مه‌ريكيه‌كان به‌ ئومێدی ناڕه‌حه‌تكردنی ئێران و زياد كردنی فشاری سياسی، ئه‌و ڕێكخراوه‌يان پاراست و كۆمه‌كی هه‌مه‌جۆريشيان پێشكه‌ش كردن.  هاوكات به‌ شێوه‌يه‌كی نهێنی و ناڕاسته‌وخۆش يارمه‌تی حيزبه‌ كورديه‌كانیشيان داوه‌.  به‌ڵام ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی زوو بۆی ده‌ركه‌وت كه‌ مه‌سه‌له‌ی ڕژێمگۆڕكێ له‌ ئێراندا له‌ ئاينده‌يه‌كی نزيكدا و به‌ پيلانی زلهێزی ده‌ره‌كی (وه‌ك سه‌رده‌می موسه‌ده‌ق) مه‌حاڵه‌.  خۆ هيچ كام له‌ حيزبه‌ ئێرانيه‌ ئۆپۆزيسيۆنه‌كان بايی ئه‌وه‌نده‌ كاريگه‌ر و خاوه‌ن جه‌ماوه‌ر نين هه‌تا بتوانن بناغه‌ی ڕژێمه‌كه‌ بهه‌ژێنن.  شێوازی حوكمڕانی ئێرانیش له‌ ڕووی ته‌شريعی و ته‌نفيزيه‌وه‌ به‌جۆرێكه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات چه‌نگی له‌ حوكم و ژيانی خه‌ڵك و چاره‌نووسی وڵاته‌كه‌ وا گير بووه‌ كه‌ مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵته‌كاندنی له‌ ناوه‌وه‌ به شێوه‌ی كوده‌تا مه‌حاڵه‌. مه‌سه‌له‌ی ڕژێمگۆڕكێ له‌ ڕێگه‌ی هێرشی عه‌سكه‌ری ده‌ره‌كی و داگيركردنی وڵاته‌كه‌وه‌‌، ڕێگه‌ی ناچێتێ.  ئێران له‌ رووی سروشتی و جوگرافی و عه‌سكه‌ری و كۆمه‌ڵايه‌تيه‌وه‌ زۆر جياوازه‌ له‌ عيراق.  ئه‌گه‌رچی خه‌ڵك له‌ ڕژێم ناڕازيه‌، به‌ڵام له‌ ڕووی هێرشێكی ده‌ره‌كيدا و به‌تايبه‌تی له‌ دوای ته‌جروبه‌ی عيراق، له‌وانه‌يه‌  زۆرينه‌ی خه‌ڵكی ئێران له‌ دژی ئه‌و جۆره‌ ڕژێمگۆڕيه‌ بێ و له‌ كاتی شه‌ڕدا پشتی ڕژێم بگرێ. 

ئابلۆقه‌دان

بێجگه‌ له‌ لێدانی ئاسمانی و هه‌ڵته‌كاندنی بنكه‌ ئه‌تۆمی و عه‌سكه‌ريه‌كان، ئه‌مه‌ريكا و ئيسرائيل ته‌نيا ئيختياری ئابلۆقه‌دانيان له‌به‌رده‌مدا بوو بۆ لاواز كردنی ڕژێم و ڕێگرتن‌ له‌ دروستكردنی بۆمبی ئه‌تۆمی.  ته‌نانه‌ت تيمی ئۆباماش جه‌خت له‌ به‌رده‌وامێتی ئابلۆقه‌دان ده‌كات، به‌ڵام ڕۆژگار و مێژوو سه‌لماندويانه‌ كه‌ ئابلۆقه‌دانی ڕژێمی ديكتاتۆری هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ مه‌سه‌له‌يه‌كی بێ ئه‌نجامه‌.  ئابلۆقه‌دادان خه‌ڵكی وڵاته‌‌كه‌ هه‌ژار ده‌كات به‌ڵام ڕژێم لاواز ناكات و ڕێگه‌ له‌ به‌رنامه‌ی چه‌كدارێتی ناگرێت.  نموونه‌ی زيندووش بۆ ئه‌وه‌ زۆرن، وه‌ك فه‌شه‌لی ئابلۆقه‌دانی عيراق و كوبا و كۆريای باكوری و زيمبابوێ و هی تر.  خۆ ئێران له‌‌ ساڵی ١۹٧۹ به‌ولاوه‌ (واته‌ له‌ ڕۆژی داگير كردنی باڵوێزخانه‌‌ی ئه‌مه‌ريكا‌ له‌ ته‌هران) وا له‌ژێر ئابلۆقه‌ی ئه‌مه‌ريكيدايه‌، و به‌و ساڵانه‌ی دواييش له‌ ژێر ئابلۆقه‌ی نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كاندا بووه‌، كه‌چی ڕژێم نه‌ لاواز بووه‌ و نه‌ سه‌ركرده‌كانی زه‌ره‌مه‌ندبوونه‌ و نه‌ له‌ ڕووی عه‌سكه‌ری و ئه‌تۆميه‌وه‌ پاشه‌كشه‌ی كردوه‌.  سه‌ره‌ڕا، نفوزيشی له‌ ته‌واوی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، به‌ تايبه‌تی له‌ عراق و كه‌نداو و سوريا و لوبنان و فه‌له‌ستين هه‌ر ڕووی له‌ زياديه‌.  خۆ وڵاته‌ نه‌ياره‌كانی ئه‌مه‌ريكا، وه‌ك سوريا و ڕوسيا و چين، گوێيان به‌  مه‌سه‌له‌ی ڕاكردنی ئه‌تۆمی ئێران و گرنگی ئابلۆقه‌‌دان نه‌داوه،‌ و له‌ هاوكاریكردنی ڕژێمی ئێراندا به‌رده‌وامن.  بۆيه‌ ئابلۆقه‌دان به‌ هه‌موو شێوه‌كانيه‌وه‌ بێ سوود و بێ كاريگه‌ره‌، و عه‌زمی ڕژێمی ئێران بۆ ده‌ستكه‌وتنی چه‌كی ئه‌تۆمی سڵ ناكاته‌وه‌.    

لێدانی ئێران

هه‌تا دواساتی حوكمكردنی، ئه‌ريه‌ل شاڕۆنی سه‌رۆكوه‌زيرانی پێشووی ئيسرائيل سووڕ بوو له‌سه‌ر لێدانی ئێران و وورده‌كاری پلانه‌كانيشی ئاماده‌ كردبوو.  جۆرج بوشيش به‌نياز بوو له‌دوای سه‌قامگير كردنی ئارامی له‌ عيراقدا هه‌ڵمه‌تی ئاماده‌باشی بۆ لێدانی ئێران ده‌ست پێ بكات.  به‌ڵام له‌ ٢٠٠٦ به‌ولاوه‌، هه‌ردوو لايه‌نی ئيسرائيلی و ئه‌مه‌ريكی تووشی قه‌يرانی يه‌كله‌دوای يه‌كی ناوه‌كی و ده‌ره‌كی بوون و ڕێڕه‌وی پلان و سياسه‌ته‌كه‌يان سه‌رتاپا گۆڕا و مه‌سه‌له‌ی لێدانی ئێرانيان جارێ هه‌ڵپه‌سارد.  له‌ عيراقيشدا، له‌شكری ئه‌مه‌ريكی له‌ده‌ست شه‌ڕی تيرۆڕ و تايه‌فه‌گه‌ری گيری خواردبوو و خه‌ريك بوو شكستی ده‌هێنا.  بۆيه‌، بوش و شاڕۆن ته‌واوی پلانه‌كانيان هه‌ڵپه‌سارد.  ئيسرائيل له‌ولاوه‌ هێرشێكی به‌په‌له‌ و بێ ئه‌نجامی برده‌سه‌ر حيزبوڵڵای لوبنان، و ئه‌مه‌ريكا له‌شكری تازه‌ی نارده‌ عيراق بۆ وه‌رچه‌رخاندنی چاره‌نوسی له‌شكر و به‌رژه‌وه‌نديه‌ ئه‌مه‌ريكيه‌كان.  ئه‌وه‌يان ماوه‌ی دوو ساڵی پێچوو هه‌تا به‌ سه‌ركه‌وتوويی ئه‌نجام درا.  

ئه‌يهود ئۆڵمێرتی سه‌رۆكوه‌زيرانی ئێستاكه‌ی ئيسرائيل له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی پاردا سه‌ردانێكی تايبه‌تی بۆ واشينگتن كرد و داوای له‌ جۆرج بوش كرد كه‌ به‌يه‌كه‌وه‌ و به‌زووترين كات (پێش ته‌واوبوونی ماوه‌ی سه‌رۆكايه‌تی بوش) هه‌ڵمه‌تی لێدانی ئێران ئه‌نجام بده‌ن، به‌ڵام جۆرج بوش ڕازی نه‌بوو و گوتی كه‌ جارێ ئيسرائيل و له‌شكری ئه‌مه‌ريكی و به‌رژه‌وه‌نديه‌ كه‌نداويه‌كانيان موعه‌ڕه‌زی زه‌ره‌رن. له‌ حاڵه‌تی شه‌ڕدا ئێران بۆی ده‌كرا گورزی ئابووری له‌ ڕێگه‌ی داخستنی ده‌روازه‌ی هورمز له‌ ئه‌مه‌ريكا و دۆسته‌كانی بدات.  له‌ ڕێگه‌ی هاوپه‌يمانه‌ شيعه‌كانی عيراق و ئه‌فغانستان، گورزی زه‌ره‌مه‌ند له‌ له‌شكری ئه‌مه‌ريكی بدات.  ده‌ستيشی له‌ ڕێگه‌ی حيزبوڵلای لوبنان و حه‌ماسی غه‌زه‌‌وه‌ ده‌گه‌يشته‌ سه‌ر ڕۆحی ئيسرائيل.  ئيتر سه‌ره‌ڕای توندڕه‌وێتی ئه‌حمه‌دينه‌ژاد و كرژی بارودۆخه‌كه‌ و فشاری ئيسرائيلی، كه‌چی جۆرج بوش بڕياری دا جارێ ته‌ركيز بكاته‌ سه‌ر ئابلۆقه‌دانی ئێران. 

جارێ ديپلۆماسيه‌ت

ئێستا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئيسرائيل و ئه‌مه‌ريكادايه‌ كه‌ ڕێگه‌ی ديپلۆماسی بگرنه‌ به‌ر و هه‌وڵده‌ن، به‌ ڕازی كردن و ترساندن، ئێران بهێننه‌ سه‌رخه‌ت.  ئۆباما ناتوانێ كات به‌فيڕۆ ببات و ئاماده‌يه‌ به‌ ڕاسته‌وخۆيی (به‌بێ ناوبژیكه‌ران) له‌گه‌ڵ ئێرانيه‌كان بكه‌وێته‌ گفتوگۆ، و له‌ بڕی ڕاگرتنی پڕۆسه‌ی پوخته‌كردنی يۆڕانيۆم، عه‌ڕزی سه‌رنجڕاكێش و خه‌ڵاتی دڵيناكه‌ره‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ ئێران بكات.  بۆ نموونه‌ ده‌توانێ ئابلۆقه‌كان له‌سه‌ر ئێران هه‌ڵبگرێ و ئاڵوگۆڕی ئابوری و ديپلۆماتی له‌گه‌لدا بكات و له‌ بيناكردنی ژێرخاندا يارمه‌تی بدات و ته‌كنۆلۆژيای مۆدێرنی پێ بدات.  مه‌سه‌له‌ی نفوزی ئێرانی له‌ناو عيراقدا وه‌ك ڕاستيه‌ك قه‌بوڵ بكات، و وه‌ك شه‌ريكێكی هاوتا بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی پڕۆسه‌ی سياسی به‌شداری پێ بكات.  ڕێگه‌ی يارمه‌تی له‌ ئۆپۆزيسيۆنی ئێرانی (موجاهيدينی خه‌ڵق و حيزبه‌ كورديه‌‌كان) بگرێت. 
له‌ هه‌مان گفتوگۆدا، ئۆباما ڕه‌نگه‌ هه‌وڵدات گۆچانه‌كه‌ به‌رزكاته‌وه‌ و ئێران به‌ وه‌ بترسێنێ كه‌وا ئابلۆقه‌ی جاران به‌رده‌وام ده‌بێ به‌ڵام زۆر به‌ توندتر و كاريگه‌ر تر به‌جۆرێك كه‌ ژيانی سه‌ركرده‌كانی وڵاته‌كه‌ تاڵ بكات و حكومه‌ته‌كه‌ له‌ زه‌واق بنێ.  يارمه‌تیدانی ئۆپۆزيسيۆن به‌ ئاكتيڤانه‌تر به‌رده‌وام ده‌كات و كاری زياتر له‌سه‌ر خوڵقاندنی قه‌يرانی ناوه‌كی و ده‌ره‌كی بۆ ڕژێمی ئێران ده‌كات.  هه‌ڵبه‌ته‌ له‌ چه‌ندين لاوه‌ش هه‌وڵده‌دات ئه‌ڵته‌رناتيڤه‌كانی به‌رده‌ستی ئێران كه‌م بكاته‌وه‌، و پشتگيری سياسی سوريا و ڕووسيا و چين و ئه‌وروپايی لێ ببڕی، وه‌ به‌ هاوكاری ئيسرائيل و هاوپه‌يمانانی تر و هێزه‌ سه‌ربه‌ ئێرانيه‌كانی لوبنان و فه‌له‌ستين و عيراق لاوازتريش بكات.   دوا هه‌ڕه‌شه‌ی تۆقێنه‌ريش ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئيداره‌ی ئۆباما و ئيسرائيل ئاماده‌ن‌ بۆ خاتری ڕێ لێگرتنی ئێران له‌ په‌يداكردنی چه‌كی ئه‌تۆمی دواكارت به‌كار بێنن و ده‌ستپێشكه‌ری له‌ لێدانی بكه‌ن.

ئيسرائيل به‌و جۆره‌ گفتوگۆيه‌ ڕاسته‌وخۆيه‌ ڕازی ده‌بێت و بگره‌ ڕێگه‌شی بۆ خۆش ده‌كات.  ئێرانيه‌كانيش ناسراون به‌ سياسی پڕاگماتيكی و پێشتريش به‌رژه‌وه‌ندی گشتی وڵاته‌كه‌يان و هی تايبه‌تی سه‌ركرده‌كانيان خستۆته‌ سه‌رووی ئه‌وله‌ويه‌تی شۆڕشی  ئيسلامی و سه‌رووی به‌رژه‌وه‌ندی شيعه‌ هاوپه‌يمانه‌ ده‌ره‌كيه‌كانيان.   ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌كانی قوم بۆیان ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌ڵته‌رناتيڤیان له‌به‌رده‌مدا نه‌ماوه‌، ئه‌وا له‌وانه‌يه‌ عه‌ڕزه‌كانی ئۆباما و ئيسرائيل قه‌بول بكه‌ن، و به‌ هۆيه‌وه‌ ده‌ستكه‌وتی مێژوويی وه‌ده‌ست بێنن.  له‌وانه‌، مه‌سه‌له‌ی ده‌ركردنی ئۆپۆزيسيۆنی ئێرانی و زياترچه‌قاندنی چێپێگه‌يانه‌ له‌ عيراق.   ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ ڕێگه‌ی ده‌چيتێ، به‌تايبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌حمه‌دینه‌ژاد و ده‌سته‌ی موحافيزكاران له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا بيدۆڕێنن. 

ئه‌وانه‌ هه‌موويان ئه‌گه‌رن، به‌ڵام له‌ ڕاستيدا هيچ زامينێك نيه‌ كه‌ سه‌ركرده‌كانی ئێران به‌ گوێره‌ی لۆژيك هه‌لسوكه‌وت ده‌كه‌ن و له‌و ياريه‌دا ئاماده‌ی چه‌مانه‌وه‌ن‌.  ئيران سووڕه‌ له‌سه‌ر گه‌شه‌كردنی ئيمپڕاتۆريه‌ ناوچه‌ييه‌كه‌ی، و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بێته‌ ڕێزی زله‌هێزه‌ خاوه‌ن بۆمبه‌ ئه‌تۆميه‌كانی دونيا.   زۆر ده‌مێكه‌ كات و پاره‌ و ئه‌رك له‌ پڕۆسه‌ی ده‌ستكه‌وتنی چه‌كی ئه‌تۆمی سه‌رف ده‌كات، بۆيه‌ وا به‌ ئاسانی واز له‌ خه‌ونه‌كانی ناهێنێ.  خۆ له‌ بواری موزايه‌ده‌ و پێشبڕكێی سياسيدا، مه‌سه‌له‌ی توندڕه‌وێتی ئه‌حمه‌دينه‌ژاد و سه‌رهيشكی بڕيارده‌ره‌كانی قوم و مێژووی فێڵبازی ئێرانی سه‌لمێندراوه‌. له‌ سێچوار ساڵی ڕابوردوودا زۆر به‌ بێمنه‌تانه‌ ته‌حه‌دای هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌مه‌ريكا و ئيسرائيليان كرد.  پشتئه‌ستوور بوون به‌ ئيمكاناتی له‌شكری خۆيان و ته‌شه‌نه‌ی نفوز و ده‌سه‌ڵاتيان له‌ ناوچه‌كه‌دا، بۆيه‌ دڵنيا بوون له‌وه‌ی كه‌ له‌ ئێران نادرێ.  ئيتر ئه‌گه‌ر هه‌رله‌سه‌ر ئه‌و ئه‌قليه‌ته‌دا مابن، ئه‌وا ڕه‌نگه‌ هه‌ر له‌ زووه‌وه‌ گفتۆگۆيه‌كان بگه‌نه‌ كۆڵانێكی داخراو. 

له‌دوای ديپلۆماسيه‌ت

گفتوگۆی نێوان دوو دوژمنی سه‌رسه‌خت گرێكۆره‌ و په‌ناو پێچی زۆرتێدايه‌.  كه‌ نيازی هه‌ردوولاش خراپ بێ، ئيتر فرتوفێڵ و كاتبه‌فيڕۆبردنی زۆر تێدا ده‌بێ.  له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئێراندايه‌ كه‌ گفتوگۆكان سه‌بر و درێژخايه‌ن بن، وه‌ بۆيان باشتره‌ كه‌ جارێ هه‌تا چه‌ند ساڵێك، واته‌ هه‌تا فرسه‌تی دروستكردنی بۆمبی يه‌كه‌ميان، هيچ جۆره‌ پێشكه‌وتنێكی شايان ڕوونه‌دات. له‌دوای په‌يداكردنی بۆمبی ئه‌تۆميش مێزی گفتوگۆكان به‌ته‌واوی سه‌راوبن ده‌بن و كارتی هه‌ردوولايان وه‌ك يه‌ك به‌هێز ده‌بێ.   مه‌ترسی ئيسرائيل و ئه‌مه‌ريكا و باقی ده‌وڵه‌ته‌ دراوسێكانيش هه‌رله‌وه‌دايه‌.  لێره‌دا ئيسرائيل بۆی ناگونجێ به‌و ئه‌شكه‌نجه‌ نه‌فسيه‌وه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌نجامی گفتوگۆكان بێ، بۆيه‌ فشار ده‌خاته‌ سه‌ر ئيداره‌ی ئۆباما كه‌ يان به‌يه‌كه‌وه‌ له‌ ئێران بده‌ن وه‌يان ڕێگه‌ به‌ ئيسرائيل بدرێ كه‌ به‌ته‌نيا به‌ڵام به‌ پاڵپشتی ئه‌مه‌ريكا له‌ ئێران بدات.
ئۆباماش ده‌زانێ كه‌وا ئيسرائيل چاوه‌رێی بڕياری ئه‌مه‌ريكی ناكات و چاره‌نووسی خۆی هه‌ر به‌ ده‌ستی خۆی دياری ده‌كات و هه‌موو لايه‌كيش مه‌جبوور ده‌كات كه‌ به‌دوای بڕياره‌كه‌ی بكه‌ون‌.  ڕاسته‌ ئۆباما نايه‌وێ له‌ مه‌ودای خولی يه‌كه‌می حوكمڕانيه‌كه‌ی تووشی موغامه‌ڕه‌ی ئێرانی ببێ، به‌ڵام بۆشی ناكرێ وه‌ك چاودێرێك دووره‌په‌رێز له‌ شه‌ڕی نێوان ئيسرائيل و ئێراندا بووه‌ستێ.  به‌ڵكو مه‌جبور ده‌بێ ڕێگه‌ بۆ هێرشه‌كانی ئيسرائيل خۆش بكات و ڕێگه‌ش له‌ ده‌ستكردنه‌وه‌‌ی ئێران‌ بگرێت.  ئه‌گه‌ر ئێرانيش په‌لی بۆ خودی ئيسرائيل و به‌رژه‌وه‌نديه‌ ئه‌مه‌ريكيه‌كان هاويشت، ئه‌وا ئۆباما ده‌توانێ بيخاته‌ قالبی به‌رگری له‌خۆ كردن، و به‌ بێ دوودڵی ببێته‌ لايه‌نگيرێكی شه‌ڕ، ‌ له‌وحاله‌ته‌دا ترسی له‌ گله‌يی وڵاته‌كه‌ی و هاوپه‌يمانه‌‌ ئه‌وروپاييه‌كانی نابێ، چونكه‌ ئه‌و جۆره‌ به‌رگری له‌خۆكردنه‌ له‌ چانسی دووباره هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی كه‌م ناكاته‌وه‌.

له‌ به‌شی دووه‌می ئه‌و وتاره‌دا‌ (له‌ ژماره‌ی يه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوودا) شێوازی به‌ڕێوه‌چوونی گفتوگۆی ئه‌مه‌ريكی و ئێرانی، وه‌ چۆنێتی ده‌ورده‌دانی ئێران تاوتوێ ده‌كرێ، و پێشنياز ده‌خرێته‌ به‌رده‌م سه‌ركرده‌كانی كورد كه‌ ئايا له‌ سيناريۆی لێدانی ئێران وه‌يان ڕێكه‌وتنی ئێران و ئه‌مه‌ريكا، كورد چی بكات.



Dr. Radut | page